ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

شـــاعیری فەرەنسایی هەنری میشۆنیک (19٣2 – 2009) دەڵێت: (ئەگەر تێکستێک بە ڕەچاوکردنی ڕێســـاکانی شـــیعری ڕابردوو نووسرابێت، شیعر نییە، هەڵبەستن و ســـاختە و شوێن هەنگاوکەوتنە، ئەزموون نییە.) تێکســـتێک ئایدۆلۆجیا نابینای کردبێت و لـــە ڕقەوە هەڵقوڵابێت، ناکەوێتە خانەی شـــیعرەوە. شـــیعر ئەوە نییە، واقیع کۆپیی دەکات، شیعر ئەوەیە واقیعێک دەخوڵقێنێت و بەوەی لە هیچ ئەزموونێکی پێش خۆی ناچێت، وەرگر ڕادەچڵەکێنێت و تووشـــی سەرسوڕمانی دەکات، ئۆرهان پاموک دەبێژێت: (خوێندنەوە کردوومی بە نووســـەر چونکە ســـەرچاوەی نووســـینەکانمە، بەڵام کە دەنووســـم، هەر چیـــم خوێندووەتەوە لە بیری خۆمیان دەبەمەوە، بۆ ئـــەوەی خۆم بم، نەک وێنەی
دووەمی ئەم یان ئەو نووسەر.) ڕۆماننووسی فەرەنســـایی پاتریک مۆدیانۆ کە 2014 نۆبڵی وەرگرت، دەڵێت: (ڕۆمانەکانم ناونیشانی جیاوازیـــان هەیـــە، بەڵام هەســـت دەکەم هەموو جارێـــک هەمان کتێب دەنووســـمەوە، ئاخر ئەگەر ناونیشانەکانیان بســـڕیتەوە، کتێبێک دەمێنێتەوە، وەک ئەو پارچەموسیکەی تێیدا هەندێک ڕستەی موســـیکایی پاتە دەبنەوە. هەمیشە زۆر شتی نووسینەکانم دەســـڕمەوە، بۆ ئەوەی بۆشایی لەدوای خۆمەوە بەجێ بهێڵم. نووسەرێک تەکنیکی سڕینەوە ڕەچاو نەکات، هەم خوێنەر تووشی هەناسەسواری دەکات و هەم ئەو هەلەی لە کیس دەدات، لە تەواوکردنی کتێبەکەدا بەشدار ببێت.) بۆ نووســـەر شکۆمەندی ئەوەیە، بەرگەی ئەو تیرانە بگرێت، سەردەمەکەی تێی دەگرێت. نووسەریش وەک کەســـانی دیکە تووڕە دەبێت و بە ڕووی ســـتەمدا دەتەقێتەوە، بـــەڵام تووڕەبوونێک نا لەوەی موزەففەر نەوواب بچێت، کە ڕەخنەی زبری لە سەرانی ناپاکی عەرەب دەگرت، دەهات دایکانی وەبەر جنێو دەدا. سەرانی عەرەب کە ناپاکییان دەکرد، یان کە دووچاری نسکۆ دەهاتن، ڕووخساری پڕ لە عەیب و عاری خۆیان، بە چارشـــێوی عورووبە دەشـــاردەوە، بڕێک لە سەرانی کوردزمانیش، هەندێک جار بۆ هەمان مەبەست، هانایان بۆ چارشێوی کوردایەتی بردووە. مردن ئەو کاتە دەست پێ ناکات کە دڵمان لە لێدان دەکەوێت، ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە ئیدی دڵمان بە زەبری خۆشەویســـتی لێ نادات. بۆ نووســـەر مردن ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە توانای نووســـینی نامێنێت، با دەیان کتێبیشـــی نووسیبێت. نووســـین ئەوەیە بزانین چی دەڵێین و چۆنی دەڵێین. چی دەڵێین؟ هەندێک ســـەرچاوەکەی بە ئیلهام دەزانن کە ئەگەری ئەوە هەیە وشک بکات. چۆنی دەڵێێن تەکنیکە. ئەو کاتە زەنگی مەرگی نووسەر لێ دەدات کە یادگەی کۆمەکی ناکات شتێک بڵێت، ئاخر ئیتر بیرۆکەیەک بە خەیاڵیدا گوزەر ناکات. (ناکرێت ئەو ئەدەبەی دەینووســـین، قووڵایییەکی فەلســـەفی نەبێت و بە هیوای ئەوە بین، بکەوێتە خانەی داهێنانێکی باڵاوە، بەڵام دەشـــێت شارەزایییەکی باشـــمان لە فەلسەفەدا هەبێت و لە بواری ئەدەبدا، هیچ داهێنانێکی گرنگ تۆمار نەکەین، سارتەر فەیلەسووفێکی مەزن بوو، بەڵام ڕۆماننووسێکی سەرکەوتوو نەبوو.) دەشێت چەندان ڕۆمانی ئەستوور بنووسین وهێندەی کورتەڕۆمانێکی لە چەشنی (غەریـــب)ی کامۆ، (بەدگۆڕان)ی کافـــکا، (پێرەمێرد و زەریا)ی هەمەنگـــوای یان (کوندەپەپووی کوێر)ی ســـادق هیدایـــەت بایەخیان نەبێت. داهێنان لای کەم ئەوەیە، شـــوێنپەنجەی نووســـەر بە جۆرێک بە بەرهەمەکانییەوە دیار بێت، خوێنەران کارەکانی بناســـنەوە و شـــێوازی نووسینی لە هی هیچ نووســـەرێکی دیکە نەچێت و بە ئاســـمانی نووسینییەوە، ئەســـتێرەی تاکایەتیی خۆی، گەش گەش بدرەوشـــێتەوە. زمانی جوان لە نووســـیندا هێندە جێی بایەخە، لە ڕووسیا ڕۆژی لەدایکبوونی (پووشکین)ی زمانجوان، کراوەتە ڕۆژی جیهانیی زمانی ڕووسی. شـــاعیری یونانی: ڕیتســـۆس (1909 – 1990) دەیگوت: (با مردن لێرەیش بێت، یەکەم جار ئازادی دێت.) ئازادی بەری درەختی شۆڕشـــە، شـــۆڕش گۆڕانکارییەکی ڕیشـــەیییە لە هۆشیاریماندا کە لە ملکەچییـــەوە دەمانگوێزیتەوە بۆ یاخیبوون. ئەو یاخیبوونەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردســـتانەوە ســـەری هەڵداوە، شۆڕشـــە، ئەگەر شۆڕشی چەواشە لە خشـــتەی نەبات، هەوێنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییە. ئەوە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە کە دەڵێن: هەر ڕابوونێک ڕێکخســـتنێک پێشڕەوی نەبێت، تووشی نسکۆ
دێت، ڕاستییەکەی ئەوە حیزبە، ئەسپی ڕابوون تووشی گلان دەکات

ھەواڵی زیاتر