وشە‌ وای گوت

سالار عوسمان

ئەقیلە ڕواندزی، ژنێک لە ڕەنگی کوردبوون
لـــە زەمەنێک، کە سۆشـــیالمیدیا خەڵکی بەتاڵ پـــڕ دەکات و هیچپێنەبووترین کـــەس دەکا بە هەبوو و نێوبانگ بۆ بێناوان دروســـت دەکات، من باســـی ژنێکی سەلار و سەنگینی کورد دەکەم، کە مخابن، ئەم دونیا درۆینەی سۆشـــیالمیدیا و لەگەڵیشیدا نەوەی تازە نایناسن و بگرە خەمی ئەوەشیان نییە بیناسن، لـــێ ئێمەمانان، ئەوانەی لە خەمی ئەم وڵاتەین، دەبێ ڕێگە دروســـتەکە هەڵبژێرین و ئەم دیواری درۆینە بڕوخێنین، کە بەر دیە و هزری گەنجەکانمانی گرتووە، ئەویش بەوە دەکرێت، بەردەوام ڕاست بیربکەینەوە
و ڕاست بپەیڤین و راست بنووسین و راست بەرخورد بکەین!.. لەســـەر ئەم بنەما و تێگەیشـــتنە دروســـتە، ئەمڕۆ باس لە ژنێکی کورد دەکەین، کە پتر لە پەنجاساڵە خزمەتـــی نەتەوەکەی دەکات، کەچی کەمترین ڕووناکی لەســـەرە و کەمتریـــن بایەخی پێدراوە و نەوەی تازە هەر نایناســـن!… ئێ ئەمە گرفتە، گرفتـــی میدیایە پێش هەمووان، میدیای کوردی لە بری ئەوەی کەسایەتییە باش و ڕاست و بەتوانا و بیرڕووناکەکان بێنێتە سەرشاشە، پانتایی بۆ بیرتاریک و هیچپێنەبوو و درۆزنەکان خۆش دەکات و ئێستێ ئەوەندەی دەجالێک، درۆزن و هیچپێنەبووێک مەشهوورە، زانا و دانا و تواناکانی کورد مەشهوور نین و ئێتر دەبێ ئەو ئاراستە هەڵە و کوشندەیە ڕاست بکرێتەوە.
ئەقیلە خان : عەقیلە عەبدولقادر ســـولەیمان ئەفەندی لە ڕواندز لە ســـاڵی 1948 لەدایکبووە، لە بیست و پێنج ســـاڵیدا ژیانی هاوســـەری لەگەڵ سوبحی دهۆکی، کە ئەفسەرێکی کوردپەروەر بووە و لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەشـــداری کردووە، پێکدەهێنێت و دواتر پێکەوە ئاوارەی کوردســـتانی رۆژهەڵات و ئێران دەبن و لەوێوە بۆ هەندەران – هۆڵەندا و بەدەم پەروەردەیەکی کوردانەوە منداڵەکانی گۆشـــی کوردایەتی دەکات و هەمیشە کوردستان چراوگەی خەون، هزر، ڕامان و تێڕوانینەکانی بووە و لە ساڵی 198٣ یش، واتە لە تەمەنی ســـی و پێنج ســـاڵی دەست بە نووســـین دەکات و لە بوارەکانی مێژوو، زمان، فۆلکلۆر و کەلەپوور، کەلتوور و ئەدەبیات چەند کتێبێک دەنووسێت، کە ئەمانەن : (خواردەمەنی کوردی- بەهەردوو زمانی کوردی و هۆڵەندی، وەبیرم دینۆ، خانمی مەهابادی، یاد و ئافەرین، ڕەوەند و کۆچەرەکان، ژیاننامە، زامـــەکان لە بیر ناکرێن)، کە لە خوێندنەوەیاندا هەســـت بە خەمی قووڵـــی ژنێکی کوردپەروەر دەکرێت، ژنێک، کە ئیش لە زمان و فەرهەنگ دەکات، لە خەمی ناندینی کوردییە، باس لە ڕۆڵی ژنی کورد دەکات لـــە کۆمەڵگەیەکی کەمدەرفەت بۆ ژنان و، ئافەرینیان دەکات و وەبیر نەوەکانیان دەهێنێتەوە، پەرۆشـــی کۆمەڵگەیەکی کوردیی ڕەســـەن و پێشـــکەوتووە، هەم ڕەسەن و لە ڕێ دەرنەچوو، هەم پێشکەوتوو و بە
جێنەماو لە کاروانی تیژڕەوی سەردەم!.. ئەقیلـــە خان ژنێکی تـــا ئەوپەڕیی کوردپەروەرە، وێدەچێ ئەم هەســـتی کوردپەروەرییەی بۆ ڕووداوێکی سەرنجکێشـــی ســـەردەمی منداڵی بگەڕێتەوە، کە خۆی لە لاپـــەڕە (5٣) ی چاپی دووەمی کتێبی (یاد و ئافەرین) ئاوا دەیگێڕێتەوە: ( هەر لە منداڵییەوە، لە دوای شۆڕشـــی 14 ی گەلاوێژەوە، کە ســـەرۆک بارزانیی نەمر بۆ یەکەم جار سەردانی شاری ڕواندزی کردبوو، لەگەڵ قوتابیان پێشوازی بارزانیی نەمری کردووە، بارزانی – یش دەستیان دەگرێت و هەموو قوتابیان بە دەنگی بەرزەوە سروودی کوردستان – یان دەگوتەوە، هەر لەوڕۆژەوە، کە ڕۆژێکی زۆر کاریگەر بووە، هەســـتی کوردپەروەری و کوردایەتی لە ناخ و دەروونییەوە چەسپاوە). ئەقیلـــە خـــان ژنی کۆمەڵگەیەکە، کە تا ئێســـتایش غەدر لـــە ژن دەکات، کۆمەڵگەیـــەک، کە لە ڕوودا پێشکەوتوو و لە ناواخندا دواکەوتووە، بۆیە لێرەوە، بەڕێزەوە، بە پێزانینەوە لە خەم و خەبات، لە بەرهەم و و پەرۆشـــییەکانی دەڕوانین و پێی دەڵێین: ئەقیلە خانم تۆ مایەی شانازییت، تۆ شایستەی ڕێزی سەر
دیە و دڵانی و هەر هەبی!

ھەواڵی زیاتر