د. ڤیان سلێمان
ئاستی هۆشیاری هەر کۆمەڵگەیەک و دیدو جیهانبینی تاکەکانی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا ئەم کۆمەڵگەیە لە چ قۆناغێک دایە، بێگومان ئەمەش لە ڕێگەی پرۆسەگەلی وەک بەراوردکاری و تێبینی و سەرنجی ورد و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان.
لە ئەمڕۆدا ئامرازەکانی دەستکەوتنی زانیاری لەسەر دید و بۆچوونی تاکەکانی کۆمەڵگە جۆراوجۆرن، بەڵام ئاسانترینیان سەرنجدانە لە بابەتە بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە لەوێدا و بەتایبەت بەهۆی ناونیشانی خوازراو دەتوانین بیرکردنەوەی تاکەکان شرۆڤە بکەین. لەو چوارچێوەیەدا دەبینین تێڕوانینی کۆمەڵایەتی لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا لەو بابەتانەی پەیوەندی بە ئافرەتەوە هەیە زۆر مایەی نیگەرانییە، تەنانەت ڕەنگە گەورەترین مەترسی لە بیری کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگەیە ماف و ئازادی ئافرەت بێت، لێرەدا بە ڕەهایی مەبەستم هزر و تێڕوانینی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردییە نە وەکو سیستەم و دەسەڵات، چونکە بە هەموو پێوەرێک بارودۆخی ئافرەت لە کایەکانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسیدا چەندین جار لە پێش بیر و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردییە.
هەر بۆیە وەکو دەبینین دژایەتیکردنی ماف و ئازادی ئافرەت و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، بێڕێزی بە دەرکەوتنی ئافرەت، خواستەکان بۆ بردنەوەی ئافرەت بۆ نێو چوار دیواری ماڵ و لەباربردنی ئەو ماف و دەستکەوتانەش کە لە ئەنجامی بزاڤی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و هەموو قوربانیدانەکانی ئافرەت بەدەستهاتوون، زەقکردنەوەی پلە دوویی ئافرەت لەژێر ناوی قسەی پێشینان، هونەر و بەندو فۆلکلۆر، کردنی ئافرەت بە کەرەستەی نوکتە و توانج و پاساو بۆ فرەژنی ئەو دیاردانەن کە بەردەوام بانگەشەیان بۆ دەکرێت و ڕەوایەتییان پێ دەدرێت.
پلە دوویی ئافرەت یان جیاکاری پرسێکی ئەزەلی و سروشتی نییە، بەڵکو دەستکردە، لە ڕێگای پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و پەروەردەیی بیروڕای پلە دوویی ئافرەت پەرەی پێ دراوە، تەنانەت بڕواکردن بەوەی ئافرەت مرۆڤێکی یەکسان نییە و پیاو سەروەری ئەوە، لە دەروون و هزری بەشێکی بەرچاو لە ئافرەتاندا چێنراوە.
بۆ ئەوەی ئافرەت لەو بارودۆخە ڕزگاری بێت؛ هیچ ڕێگا و
دەرەچەیەکی دیکەی لە پێش نییە، جگە لە هۆشیاربوونەوە و خۆ پێگەیاندن بۆ خۆ پێناسەکردنەوە، بۆ خۆ داماڵین لەو پێناسەیەی کە هزری پیاوسالاری بۆی کردووە، بۆ نەچوونە ژێر کاریگەری هیچ تێڕوانینێک کە ئافرەت تەنیا وەک بوونێکی فیزیکی دەبینێت.
ئافرەت دەبێت هۆشیار بێت لەوەی جەستە و فۆرمی جلوبەرگ پێناسەی ئەو ناکات، ئەگەر پۆشتە و باڵاپۆش بێت مانای ئەوە نییە کە پابەند و بە ئاکارە، ئەگەر جل و بەرگی کراوە بێت ئەوە ناگەیەنێت کە پێشکەوتوو و ڕۆشنبیرە، ئەم تێڕوانینە مەترسیدارترین تێڕوانینە لەسەر پێگە و ئامادەیی یەکسانی ئافرەت لە خێزان و کۆمەڵگەدا. ئافرەت وەک کێڵگەیەک نییە بۆ بەرهەمهێنانی منداڵ، وەک هەندێک لێی دەڕوانن، بەڵێ ئافرەتە، کە منداڵی دەبێت بەڵام بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵ ئەرکی هاوبەشی دایکوبابە.
هەر دوویان دەبێت پێکەوە ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکەیان بگرنە ئەستۆ بۆ ئەوەی مرۆڤێکی هاوسەنگ و سەرکەوتوو بێت لە ژیانیدا. منداڵانمان پێویستیان بە هەر دوو تێڕوانین و دونیابینی دایکوبابیان هەیە.
بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینە ئافرەت پێویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە بۆ بڵاوکردنەوە و چەسپاندنی تێڕوانینی مرۆڤانە، ئەوەش بە دژایەتی و بەگژداچوونەوەی پیاو نایەتە دی، بەڵکوو بە بڕواهێنان و متمانەی خودی ئافرەت بە توانا و کەسایەتی خۆی، بەو بڕوایەی کە ئەوەی پێناسەی ئافرەت دەکات ئاستی پێگەیشتوویی دەروونی و هزری و زانستی و توانایەتی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی لە کاروباری خۆی و بەجێهێنانی ئەرکەکانیەتی وەک هاووڵاتی و هاونیشتمانی، نەک فۆرمی جلوبەرگ و ڕوخسار و دەرکەوتنی، هەموو ئەو بیروڕایانەی ئافرەت تەنیا لە ڕووکەشدا دەبینن، خزمەت بە مافی یەکسان و هاوشانی و پێگەی مرۆڤایەتی ئافرەت ناکەن، هەر بۆیە هەنگاوی یەکەمی ڕزگاربوون لە تێگەیشتنی خودی ئافرەت لە مەترسی ئەو جۆرە تێڕوانینە و ڕەتکردنەوەی دەست پێ دەکات، لە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو پاساوە سایکۆلۆژی، بایەلۆژی و کۆمەڵایەتییانەی ڕەوایەتی بە پلە دوویی ئافرەت و سەروەری پیاو دەدەن. هۆشیاربوونەوەی ئافرەت لە مەترسی ئەو بیروڕایانە ئافرەت دەگەیەنێتە یەقینێک کە هیچی دیکە پلە دوویی و نایەکسانی قبووڵ نەکات و شۆڕش بەسەر ئەو تێگەیشتنانەی لە پێگەی مرۆڤایەتی کەم دەکەنەوە بەرپا بکات؛ هەر بۆیە ئێستا کاتیەتی ئافرەتانی هۆشیار شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەرپا بکەن. هەنگاوی دیکە بریتییە لە دواندنی ئەقڵی بەرامبەر وەک پیاو و وەک ئەقڵی گشتی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی بە سوودوەرگرتنی ئەرێنی لە بەکگراوندی مێژوویی و کولتووریی و ئابووری کۆمەڵگەکەمان. ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین بەڵام
کۆپی پەیستکردنی کولتوۆر و دابی هیچ وڵات و نەتەوەیەك لەژێرھەرپاساوێكدا ێت نە لەگەڵمان دەگونجێت و نە تا سەر بەردەوام دەبێت. بۆیە دەبێت هەموومان زۆر ورد و هۆشیارانە بە ڕەچاو کردنی بەرژەوەندی گشتی تاک و خێزان و کۆمەڵگەکەمان یەکتر بدوێنین. ئافرەت و پیاو دوو بەرەی دژ بەیەک نین وەک هەندێک بۆ مەرامی تایبەت بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوان هاوبەش و تەواوکەری یەکترن بۆیە قسە لەسەر خودی ئافرەت و پیاو نییە، بەڵکوو لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندی و هاوبەشییە تەواوکارییەکەی نێوان ئەم دووەیە لە ناو خێزان و فەزای گشتی کۆمەڵگەدا. ڕێکخراوەکانی ئافرەتان دژە پیاو نین و ئافرەتان دژی پیاو و خێزان هان نادەن؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئافرەتان هان دەدەن بۆ وەرگرتنی پێگە و بەرپرسیارەتی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، هانیان دەدەن چاو لە پێشەنگێتی و ڕۆڵی کارای پیاو بکەن و بە هەمان شێوە پێشەنگ و کارا و کاریگەر بن.
گرنگترین پرەنسیپی کاری ئێمە دروستکردنی کەسایەتی
ئافرەتی خاوەن ئیرادە و بەهێز لە ڕووی هزری و مەعریفی و کارا لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدایە. کوێی ئەم دیدە دژە پیاو یان کولتوور و ئایینە و زیانیان پێ دەگەیەنێت.
پرەنسیپیتری خەباتەکەمان بنیاتنانی خێزان لەسەر بنەمای هاوبەشی و پێکەوەیی هەر دوو هاوژینە بۆ ئەوەی خێزان باشترین بنکە بێت بۆ پێگەیاندنی تاکێکی هاوسەنگ و پێگەیشتوو، ئامێزێکی پڕ لە خۆشەویستی و پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ حەوانەوە و ئارامی تاکەکانی، ئایا ئەم دید و ئامانجانە هی هەموومان نین؟!!
ئینجا بۆ پەنجەی دژبەری لەیەکتر درێژ بکەین، بۆ پێکەوە هەموومان هەوڵ نەدەین کە چۆن ئەم ئامانجانە جێبەجێ بکەین. با هەڵوێست و گوتاری دژ و بێ بنەما بەس بێت. وەرن هەموومان پێکەوە خەمی تاک و خێزان و کۆمەڵگەکەمان هەڵبگرین و لە ئاست ئەو بەرپرسایەتییە دابین.