پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بانگھێشتی كورد بۆ شانشینی بە‌ریتانیا پە‌یوە‌ندیە‌كی مێژوویی یان چاوە‌ڕوانیە‌ك بۆ داھاتوو؟

پ.دنەزاکەت حسێن

بانگهێشتی کورد و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی شاژنی کۆچکردوو ئێلیزابێتی دووەم، کە یەکێکە لەگەورەترین مەراسیمە دیبلۆماسیەکانی جیهان ، خوێندنەوەی جۆراوجۆری لەلایەن چاودێرانی سیاسی جیهانی و ناوخۆیی بۆکرا. جگە لەکەسایەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی کە وەک کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی دیار و دنیا بینی و روئیای فراوانی بۆ پرسەکان، پێوەربووە بۆ بانگهێشتەکەی.
هەندێک ئەم بەشداریە دەگێڕنەوە بۆ پەیوەندیە مێژویەکەی نێوان کورد و بەریتانیا، ئەمەش بنەمایەکی هەیە و تارادەیەک پێوەرە کە بەریتانیا لەمێژوودا لەگەڵ هەموقۆناغەکانی کورد نەک ئاگاداربووە بەڵکو لەزۆربەیان بەشداربووە . بەڵام ئەم بەشداری کردنە بۆ وڵاتێکی زلهێزی وەک بەریتانیا بەتەنها لەسەر بنەمایەک بڕیاری لەسەرنەدراوە، لەکاتێکدا بەریتانیا وڵاتێکی خاوەن ستراتیژی روون و سیستماتیک و کارکردنە، بەوردی ئەژمار بۆ هەربڕیار و بەشداری پێکردنێک دەکات کە دەیدات یان دەیکات بەتایبەتی بۆنەی دیبلۆماسی. رەنگە لەمێژوودا دەوڵەت نەبوون هۆکارێکی سەرەکی بووبێت بۆ کورد کەلەم جۆرە مەراسیم و بۆنە نێودەوڵەتیانە دیارنەبووبێت. کورد پێگەیەکی لە هاوکێشە نێودەوڵەتیە سیاسی و ئابوری وچارەسەریەکان نەبووبێت، بەڵکو وەک ئامرازێک بەکارهاتبێت لەنێوان بەرژەوەندی وڵاتانی گەورە و ئەقلیمیەکاندا کە بۆ راست کردنەوەی هاوکێشەی وڵاتێک ناچارکردن بەبڕیارێک بەکارهاتبێت، هەرکاتیش خۆیان هاوکێشەکەیان راست بوبێت وە کوردیان کردووەتە قوربانی بڕیارێکی چارەنوسساز بە بەرەژوەندەی خۆیان نەک کورد. ئەوەی ئەمڕۆ و لەم یەک دوساڵەی رابردوودا دەیبینین لەبەشداری کورد و لەبانگهێشت کردنی لە رێورەسمە دیبلۆماسی و کۆنفرانس و دیدارە نێودەوڵەتیە گرنگەکانی وەک کۆنفرانسی میونشن و چاتام هاوس
و کۆنگرەی وزە لەئیمارات و ..هتد، بەتایبەتیش کە ئەو بۆنانە هەموویان تایبەت بوون بەپرس و ئاڵنگاریە هەنوکەیەکانی جیهان، بەرزی ئاستی بوونی هەرێمی کوردستان دەردەخات لەبوارە دیبلۆماسیەکە کەپێویستی بەشیکارکردن و لێکۆڵینەوەیە. لەگەڵ کۆمەڵێک مقەوماتی تری ئەم هەرێمە کە بەدڵنیایی بەشداری دەکەن لەهەر بەشداریەک بۆ هەرێمی کوردستان، وەک رووبەڕوبوەنەوەی داعش و تێکشکاندنی لەساڵانی رابردوو، واتە کورد توانی بەشداربێت لە چارەسەر بۆ ئاڵنگاریەکی جیهانی کەپرسی تیرۆرە، لەولاشەوە بەرهەم هێنانی سەقامگیری سیاسی لەلایەن هەرێمێکی بچوکی چواردەوردراو بە ناحەز و پیان لەناوچەیەکی ئاگرینی پڕ قەیرانی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەهەموو جیهان سەرقاڵە پێوەی کەمێک سەقامگیری تیادروست بکات، نەکرا. لەلایەکی تریشەوە قەیرانی ئێستاو داهاتووی چاوەڕوانکراوی جیهان کە قەیرانی وزە و سوتەمەنیە، هەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی سەختی یاسایی و ئابوری ملمانێدا، توانیویەتی ئەگەر ئێستاش بەشدارێکی گەورەی نەبێت لەچارەسەری قەیرانی وزەی جیهانی بۆ ئایندە چاوەڕوانی لێبکرێت و ئومێدی لەسەر هەڵبچنرێت. ئەمانە ئەندازیاری سەرکردەکانی ئەم هەرێمەیە ، کەیەکێکی ترە لە هۆکارە بەهێزەکانی ئەم هەرێمە وڵاتانی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بوونی سەرکردەی بەهێز و خاوەن بڕیارە لەکاتێکدا لەعێراق و ناوچەکەی دەوروبەری غیابی بریاری سەربەخۆ و دیار هەیە، هەرێم خاوەن سەرکردەیەکن کە دەتوانن بڕیاربدەن ، کەئەگەر بەراوردی بکەین بەناوچەکە و دەوروبەری هەرێم خاوەنی سەرکردەی زیرەک و کاریزما و بەرچاوروونە کەزانیویەتی و دەزانێت وپێشبینی دروستی هەبووە خۆی بکاتە بەشێک لەهاوکێشە سیاسی و ئابوریەکانی ناوچەکە و جیهان. لەگەڵ روبەڕووبوونەی چەندین ئاڵنگاری و ملمانێی سیاسی و یاسایی کە بۆکارکردنی وەک هەرێمێکی سەربەخۆ بۆی دروست کراوە. تارادەیەک سەیری هەرێم دەکرێت وەک ناوەندی بڕیار و یەکاکەرەوەی بریارەکان نەک تەنها تایبەت بە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو تایبەت بەعێراقیش بۆچارەسەری هەرپرسێک، نێوەند گیرو وڵاتانی جیهان و دەوروبەر ناتوانن داخڵی کێشەیەکی تایبەت بە عێراق ببن بەبێ ئەوەی سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی ئەم هەرێمە
گفتوگۆی نەکەن. ئەمەش بەرهەمی مەدرەسەی بارزانیە کەلەئێستادا خاوەن سەرۆکێکی مەرجەعی سیاسی ناوچەکە و دووسەرکردەیە کە لەسەرۆکایەتیکردنی حکوومەت و هەرێم لەسەرئاستە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکە باڵانسیان راگرتووە. ئەمانە پێوەری بەشداری پێکردنی سەرکردەکانی ئەم هەرێمەیە و دەریدەخات ئومێدێک هەڵچنراوە بەم هەرێمەو سەرکردەکانی. بۆیە گرنگە قۆناغەکانی ئایندە و ستراتیژ و پان و کارکردنمان بەهێز کردنی پێگە و ئەودەستکەوتانەمان بێت کە بەزیندووی دمانهێڵێتەوە لەهاوکێشە نێودەوڵەتیەکان و مامەڵە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵمان. واتە جگە لەمێژووی ئەم بەشداریە ئومێدی هەڵچنراو پێمان بۆ ئایندە دەردەخات. بۆیە گرنگە پارێزگاری لێکردن و کارکردن بۆ ئەو چاوەڕوانیە جیهانیە.