حەمەسەعید حەسەن
وەک چۆن شێوەکار لەڕێی ڕەنگەوە، گیان بەبەر جەستەی تەنیاییدا دەکات و غەریبیی وەبەر ڕووناکی دەدات، هەر وایش شاعیر غەریبی و تەنیایی لە وشەدا چڕ دەکاتەوە. غەریبی و تەنیایی بە شیعری (ئۆدن)ەوە دیارن، ئیدی چ لە زێدی خۆی ژیابێت، چ دوور لە زێد. یەکی سێپتێمبەری ١٩٣٩ یەکێکە لە شیعرە ناودارەکانی ئۆدن، کە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕۆژەی، تێیدا هێزەکانی ئەڵمانیای نازی، پەلاماری پۆڵۆنیا دەدەن و دووەمین جەنگی جیهانگرەوە دەست پێ دەکات.
شیعری ئۆدن لە سترانی فیکری دەچێت، شیعرێکی گەشی بە شێوازێکی پتەو نووسراوی، تژی لە مانای نوێ، شیعری: (سەردەمی نیگەرانی) وەک نموونە کە تێیدا پێمان دەڵێت: (یان دەبێت یەکدیمان خۆش بوێت، یان بمرین.) هاوکێشەکە لەکن وی لە خۆشەویستی و ڕق پێک نەدەهات، لە خۆشەویستی و مەرگدا خۆی دەنواند، ئاخر پێی وابوو ئەوانەی ڕق لەم و لەو هەڵدەگرن، توانای کوشتنیان نییە، ئەگەرنا نەیاری خۆیان دەکوشت.(*)
ڕۆمانیش هەر مێژووە، مێژووی نوێی مرۆڤایەتی. ڕۆماننووس زیاتر کەسێکە شەرمن، بە پاساوی نووسینی ڕۆمانەوە، هانا بۆ تەنیایی و دوورەپەرێزی دەبات. فەرەج فۆدەیان بۆیە تیرۆر کرد، چونکە لەنێوان دەوڵەتی مەدەنی و دەوڵەتی دینیدا، لایەنگری یەکەمیان بوو. سەلمان ڕوشدییش هەر لە هەمان سۆنگەوە، خوێنی حەڵاڵ کرا و هەوڵی تیرۆرکردنیشی درا. سەلمان ڕوشدی لە ئەنجامی فەتوای کوشتنییەوە، ناوبانگێکی پەیدا کرد، ئەگەر نۆبڵی وەرگرتبا، نە ئەو ناوبانگەی پەیدا دەکرد، نە خواست لەسەر کتێبەکانیشی ئەوەندە هەڵدەکشا. بڕی ئەو پارەیەی خومەینی بۆ بکوژی سەلمان ڕوشدی تەرخانی کردبوو، لە سێ هێندەی بڕی ئەو پارەیە زیاتر بوو، بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ دەدرێت.
دووڕوویی زۆر جار جێی بایەخی ڕۆمان بووە، دوکتۆر جیکڵ و میستەر هاید، یەکێکە لەو کارە ئەدەبییە بەناوبانگانەی ئیشیان لەسەر دووڕوویی کردووە. کورتبڕی لایەنێکی گەشی ئەو ڕۆمانەیە، ئاخر نووسەرەکەی: ڕۆبێرت لویس ستیڤنس، لێزانانە خۆی لە درێژدادڕی پاراستووە. ئەدەب کاری لەسەر ئەو ئەکتەرانەیش کردووە کە (ڕۆحی خۆیان بە شەیتان دەفرۆشن.) گۆتە و ئۆسکار وایەڵد جێدەستیان لەو بوارەدا دیارە، ئەمیان لە (فاوست)دا و ئەویان لە (وێنەی دۆریان گرای)دا. لەکن مە وەک پێویست ئاوڕ لەو نووسەرانە نەدراوەتەوە کە ڕۆحی خۆیان بە بەعس فرۆشتبوو، ئاخر لێخۆشبوون لە ناپاک، لای کورد وەک کولتووری لێ هاتووە. وەک چۆن دیکتاتۆر داوای لێبوردنی لە کورد نەکرد، ئەو نووسەرە کوردانەیشی لە خزمەتیدا بوون، هێشتا نە ددانیان بە ناپاکیی خۆیاندا ناوە، نە داوای بەخشینیان کردووە، نە سزای پێویستیش دراون، تەنانەت هەندێکیان لە لایەن ئەم یان ئەو حیزبی کوردییەوە ڕێزیان لێ گیراوە.
(*) مروة متولي، عصر القلق