مەشخەڵ كەوڵۆسی
هیچكەس گومانی لەو ڕاستییە نیە كە لەماوەی زیاتر لە ۱٤٠٠ ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە یادو یادەوەرییەكانی شەهیدكردنی ئیمام حسەینی كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتاڵیب، لەجیهانی ئیسلامی و لەلای ئاینزای شیعە، بەرزو پیرۆز ڕاگیراوە.
هەمیشە یادی كراوەتەوەو، ئەو ستەمەی لە حسەین كرا، بووەتە سیمبولی هەزاران هەزار كاری جۆراوجۆر و مەراسیمی سەرتاپایی و، تەنانەت بووەتە نۆرمێكی دینی تایبەتیش.
بەڵام بڕواناكەم هیچكەسیش گومانی لەو ڕاستییە هەبێت كە یادكردنەوەی ئەو كارەساتە لەم ساڵدا، تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بەجۆرێك ئەتوانین بڵێین: دەكرێت ئەم یادكردنەوەیەی ئەمساڵ، سەرەتای گۆڕانێكی گەورە بێت لە فیكری ستراتیژی شیعەدا بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەكەدا. بەمەرجێك ئەو پرۆسەیە سەرەتا لەئێراقەوە دەست پێبكات.
یادی ئەمساڵی چلەی ئیمام حسەین، دەیان تێبینی هەڵدەگرێت و، بەچاوی سەر بەشێك لەو ئاسەوارانە دەبینرێن كە ڕەنگە لەئایندەی نزیكدا زیاتر ڕوون ببنەوە. بۆنمونە:
یەكەم: بۆ یەكەمجار لەمێژوودا شیعەكان بەو قەبارەیە بەشداری بكەن لەو مەراسیمەدا، پارێزگاری كەربەلا بە ئاژانسەكانی ڕاگەیاند: چاوەڕوان دەكەین ژمارەی زیارەتكاران بگاتە ۲۲ ملیۆن كەس!.
هەندێك لەچاودێران و شارەزایان، گومان لەو ژمارەیە دەكەن، چونكە ژێرخانی خزمەتگوازری شارەكە، سێكتەرەكانی گواستنەوەو مانەوەو ئیدارە و فریاگوزاری، بەرگەی ئەو ژمارە قەبەیە ناگرن و، ئێراق ئەزمونی ئیدارە دانی ئاپۆڕایەكی ئاوا گەورەی نیە كە لەژمارەی دانیشتوانی چەند وڵات پێكەوە، زیاترە!.
دووەم: خۆ ئەگەر نیوەی ئەو ژمارەیەش ڕاست بێت، خاڵێك كە
جێگای سەرسامییە، ئەوەیە: زۆرینەی ڕەهای زیارەتكاران، بەبێ پاسپۆرت و بەڵگەی فەرمی هاتوون! ڕێك و ڕەوان وەك سەرەتای پرۆسەی ئازادی ئێراق كە بەلێشاو هاتن و، نەگەڕانەوەو، دواتر ئەو قورساییە دیموگرافییە بۆ یەكلایی كردنەوەی هاوكێشە سیاسی و
سەربازی و ئەمنییەكان بەكارهێنرا.
سێیەم: كە مادەم ئێراقییەكان و ئێرانییەكانیش خۆیان ڕایانگەیاندووە، زیارەتكاران بەبێ پاسپۆرت و بەڵگەی فەرمی هاتوونەتە ناوئێراقەوە، كەواتە چ زەمانێك بۆ ئاماركردن و فەرمی ناسین و گەڕانەوەیان هەیە!. چوارەم: ڕۆژی ٩/۱٣ دوای ئەوەی هەموو زیارەتكاران هاتنە ناو ئێراقەوە، ئەوجا جێگری سەرۆكی دەروازە سنورییەكانی ئێراق دەڵێت: لەگەڵ لایەنی ئێرانی ڕێككەوتین بۆ ئەوەی چیتر هیچ زیارەتكارێك بەبێ بەڵگە فەرمی نەیەتە ئێراقەوە!.
پێنجەم: هەست دەكرێت پلانێكی تۆكمە و بەئامانجێكی ستراتیژی
هەیە بۆ هاتنە ناوەوەی زیارەتكارەكان بەو لێشاوە ملیۆنییە! بەجۆرێك هەرێمی كوردستانیش نەیتوانی بەشێك نەبێت لە جێبەجێكردنی پلانەكە و هەموو كارئاسانییەكی بۆ كرد.
شەشەم: ئەوانەی كە زیاتر ڕۆچوون بەناو زانستدا، دەڵێن: ژمارە ملیۆنییەكان تاڕادەیەكی زۆر زیادەڕەوی تێداكراوە، دامەزراوە گەورەكانی تەرویجی فیكری شیعە، دەیانەوێت لەپەنای بڵاوكردنەوەی ئەو ژمارە گەردوونیی و ملیۆنییانەوە بڵێن: كەربەلا دەبێتە ڕكاربەرێكی مەككە، ئەگەر لەڕووی دینیشەوە ئەوە ئەستەم بێت، خۆ لەڕووی قورسایی سیاسییەوە، هیچ مەحاڵ نیەو، ئەگەر ٤ ملیۆن كەس لەمەككە حەج بكەن، ئەوەتا ۲۲ ملیۆن كەس لەكەربەلا حەج دەكەن، بەشێوازێكی تر و لەنمایشێكی جیاوازدا.
هاتنی شەپۆلی ملیۆنی زیارەتكاران، جیاواز لەهەموو ساڵەكانی
مێژووی ئیسلام، گۆڕانكارییەكی یەكجار زۆر گەورەیە لە ناوچەكەدا، ناكرێت لەڕێی وتارێكی كورتەوە هەڵوێستەی لەسەر بكرێت. ئاڵوگۆڕێكی چۆنایەتییە، لە خەریتەی مەزهەبی ناوچەكەدا. ئەوەش ئەگەر لەتوانایشیدا نەبێت، كاربكاتە سەر پێگەی ئاینیی مەكە، بەڵام كاریگەری سیاسی، دیموگرافی، ئابووری، تەنانەت ئیتنكیشی لێدەكەوێتەوە!.