چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شۆڕشی (١١)ی ئە‌یلوول

عارف ڕوشدی

شوڕشی ئازادیخوازی گەلی کوردستان بوو، نیشتیمانپەروەرانى سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بەشدارییان هەبوو لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە (سیاسی، پێشمەرگایەتی، ڕوشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانیدا) ، شوڕشێک بوو توانی دوور لە هەر جیاکارییەکی (نەتەوەیی، ئایینی و چینایەتی) لە ئاستێکی بەرزدا نوێنەرایەتی خواستە ڕەوا و نیشتیمانییەکانی گەلى کوردستان بکات. شوڕشی ئەیلوول و ڕابەرە کاریزماکەی (بارزانیی نەمر) ناسنامەی پرسی گەلێکی مافخوراو نەعرەتەی پەسندنەکردنی ژێر دەستەیی و چەوساندنەوە بوو. لەبەر ڕوشنایی هزر و بیرى پێشکەوتنخوازى کوردایەتیدا پلان و سیاسەتەکەى دارێژراوبوو، هەمیشە خواستى ئاشتەوایی پێشەنگ بوو، بۆیە هەر کاتێک دەرفەتێکی لەباری سیاسی بهاتایە پێش لەپێناوی دۆزینەوەى چارەسەرى ئاشتیانەی پرسی گەلەکەمان، پەنای دەبردە بەر دەستپێکردنى پرۆسەى گفتوگۆ و دانوستان، بەڵام دوور لە سازشی نەرێنى و ملکەچی، بەرپابوونی شوڕشی ئەیلوولی مەزن دەرەنجامی سیاسەتى دەرگا داخراوەکان و ملهوڕى بوو لە ئاستى خواستەرەواکانی گەلەکەماندا نەک ویستی خوازراو ی شەڕ و ئاشوب. شوڕشی (١١) ى ئەیلوول جیا لە شوڕشەکانى دیکەى گەلەکەمان کاریگەر بوو لە ئەنجامدانى چەندین گۆرانکارى چۆنایەتى لە بوارى سیاسی و سەربازیدا وەک : پیادەکردنى شێوازى شەڕى (بەرەیی و پارتیزانى) لەیەک کاتدا، بەکارهێنانى شەڕى داسەپاو وەک فشارێک بۆ بەهێزکردنى دەرفەتى چارەسەرى سیاسی هەر وەک لە تێزێکى زانستیدا ئاماژەی پێکراوە (شەڕ درێژەدانى سیاسەتە بەشیوەیەکى دیکە)، گرنگترین دەرەنجامى ئەرێنى گورانکارییەکان لە بوارى سیاسیدا بەدیارکەوت و بریتى بوو لەوەى : دوای (٩) ساڵ لە زۆرانبازی سیاسی، پێشمەرگایەتی و دبلۆماسی) توانرا بۆ یەکەمجار لە شێوەی رێککەتنێکی نوسراو و مۆرکراودا ( رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ ) بەشێک لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەرجەستەبکات .