عومەر چنگیانی
لەم دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنەی جگەرگۆشەکانماندا لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، بە ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەییمان زانی کە گوتاری هەفتەی ڕابردوومان لەلایەک باسکردن بێت لە پەروەردە و خوێندن و لەلایەکیش باسی خۆئامادەکردن بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن کە منیش لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبراوە کردمە توێشووی گوتاری زنجیرە ١٦٧مان لە ١٣ی سەفەری ١٤٤٤ بەرانبەر بە ٩ی ئەیلوولی ۲٠۲۲ و لێرەدا پوختەیەکی دەخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز، کە خودی گوتارەکە بەدەر لە وەرگێڕانی ئایەت و فەرموودەکان، لە نووسینی جەنابی کاک مەلا عەبدولغەفاری ئەندامی بۆردە کە تێیدا هاتووە: (هیچ بەهایەك هێندەی بەهای زانست بەرز نییە لە ئیسلامدا و لە سەرەتای سوورەتی قەڵەمدا خوای گەورە دەفەرمێت: (سوێند بە قەڵەم و پیت و ڕستە) کە هەموو ئەوانە ڕەمزی عیلم و عیرفانە، هیچ وڵاتێكی پێشکەوتوو نییە، مەگەر ڕێچکەی زانستی گرتبێتە بەر بە شێوازی (پەروەردە و فێرکردن دیسان پەروەردە و فێرکردن). هەر لەبەر ئەوەشە دەبینین وشەی (زانست) پتر لە (٧٠٠) جار زیاتر لە قورئان دووبارە بۆتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە زانست بایەخی زۆرە لە شەریعەتی ئیسلام و، ئێستاش کە ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازەداین پێویستە ڕەچاوی هەموو ئەو چەمکانە بکەین بۆ پێشوازی ئەو بابەتە پڕ بایەخە.
تەوەرەی یەکەم: پەیامێك بۆ فێرخواز: ئەوەندەت شانازی بەسە کە فەرمانی خوا
ئەنجام دەدەیت و خواستی زانست عیبادەتێکی گەورەیە و، فێربوون و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەکادیمی بووە بە خواستێکی سەردەم بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار، هەرلەبەر ئەوە فێرخوازی زانست دوو پاداشتی گەورەی دەست دەکەوێت، یەکەمیان زانست و زانیاری کە پەیوەستە بە تەقوا، پێغەمبەری خوا – دروود و ساوی خوای لەسەر – دەفەرمێت: (بە ڕاستی فریشتەکانی خوا باڵی میهرەبانی بۆ قوتابی ڕادەخات هێندە خۆشحاڵە بە ئیشەکەی) پاداشتی دووەمیش وەدەستهێنانی ەرچاوەی بژێوییە لە سۆنگەی کارکردن عیبادەتە، هەروەها قوتابی پێویستە کاتەکانی خۆی ڕێک بخات لە ماوەی قوتابخانە، ئەگەر کاتی نوستن و خواردنی شیاوی بەدەست فێربوون نەبێت ئەوا ئاستی زانستی چۆن دەبێت؟ خوای گەورە لە نۆیەمین ئایەتی سورەتی (زومەر) ڕووی گوتاری دەکاتە پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لەسەربێت – پێیان بڵێ: ئەرێ هەرگیز ئەوانەی زانان و ئەوانەی نەزانن
هاوتەریبن؟ بەڵام کەسانێک لەوە دەگەن کە خاوەن دڵ و بیرکردنەوە و ئەقڵ و ڕامانن). تەوەرەی دووەم/ پەیامێک بۆ مامۆستایان: لە سۆنگەی ئیسلامەوە زانست و فێربوون بەهایەکی بەرزە و، مامۆستا باشترین کەسایەتیە لە کۆمەڵگادا، چونکە مامۆستا پەیوەستە بە سەرپەرشتیاریکردنی رەوتی پێگەیاندنی ڕۆڵەکانمان تا وەختی خۆی لە ئاستی بەرپرسیارەتیدا بن. هەرلەبەر ئەوە مامۆستا خەمی نەوەیەك هەڵدەگرێت بۆ داهاتوو تا
شارەزا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بن.
تەوەرەی سێیەم: پەیامێك بۆ دایکان و باوکان: پێغەمبەری خوا- دروود و ساوی لەسەر
- دەفەرمێت: (كفى بالمرء إثما أن يضيع من يعول) واتە: (گەر مرۆڤ هیچ گوناهی نەبێت لەوە بەدەر کە خانەوادەی وێڵ بکات بەسیەتی)، ئەوەش هەمووان لەبەردەم بەرپرسیارەتی مەزن دادەنێت. دایک و باوکەکان ڕۆڵی کارایان هەیە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیان و بەهێز کردنی کەسایەتیان. لەسەر دایکان و باوکان پێویستە ماڵەکانیان بکەن بە قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیان بەر لەوەی بچن بۆ قوتابخانە. هەر لە دێرزەمانەوە گوتراوە کۆڕ
و مەجلیسەکان قوتابخانەن و هۆگربوونی زانستیش هەر لە ئەندامانی خێزان فێر دەبین. تێبینی: درەنگانێکی شەوی هەینی پەیوەندیم کرد بە ژمارەی نووسینگەی جەنابی وەزیری پەروەردەی کوردستانەوە تا بەرچاوڕۆشنیم بدەنێ دەربارەی ئامادەکاری بۆ ساڵی
نوێی خوێندن، بە سوپاسەوە کاک سامان سیوەیلی بەم نامە وەڵامی دامەوە: ساو مامۆستا گیان. ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی ڕابردوو، وەزارەتی پەروەردە سێ ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن کە دەکاتە ١٣ و ١٤ و ١٥ ی ٩ ی ۲٠۲۲، تەرخان دەکات بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ کە ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە، کە بریتین لەم تەوەرانە: ١- ئیتیما بۆ نیشتمان و پێکەوەژیان؛ ۲- مەترسییەکانی باوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان؛ ٣- مەترسییەکانی پەنابردن بۆ چەک؛ ٤- بەفیڕۆنەدانی ئاو وەک سامانێکی نیشتمانی؛ ٥- خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی پەروەردە ڕێبەرێکی لەسەر ئەو پێنج تەوەرە چاپ کردووە بە تیراژی ٩٠٠٠ دانە بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی، تاکو مامۆستایان و ڕێنماییکارانی پەروەردەیی لە وتنەوەی ئەو بابەتانەدا سوودی لێ ببینن، هەمان ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە سەرەتای وەرزی دووەمی خوێندندا دووبارە دەکرێتەوە لە قوتابخانەکاندا کە دەکاتە
۲ و ٣ ی ١ی ۲٠۲٣).