ئە‌دە‌ب وە‌رە‌ ھێورمان بكە‌رە‌وە‌

حەیدەر عەبدوڵڵا

ژاوەژاوی ئەو جیهانە نوێیە ڕاچەنیوە، خەریكە هۆشی مرۆڤ پەك دەخات، جوانییەكانی لەبار دەبات. هیلاكی و مژووڵبوونی بێسنوور، یادگەی مرۆڤیان سڕیوەتەوە، دنیای بیركردنەوەیان سڕ كردووە. لەم سەردەمەدا مرۆڤ بێیادگە ژیان بەسەر دەبات، سەر بەسەر هەر لایەكدا دەگریت، هەراوزەنا دایلەنگاندووە، هەڵپەهەڵپی ژیان دایڕماندووە. مرۆڤ لە جیهانی نوێدا خەونەكانی هێندە زۆرن تەنانەت لە خەویشدا پێیان ناگات. سیاسەت وەك دێوەزمەیەكی ناحەز قووتی دەدا، فشاری بەتینی ئابوورییش وەك شەپڕە لە پەلوپۆی دەخات. تاكە چارەسەر ئەوەیە پەنا بۆ دنیای ئەدەب بەرین، لە سایەیدا ژەنگوژاری ئەو دەروونە هیلاكەمان پاکەوە كەین. بە تیری خەیاڵی زاخاودراو بە ئەدەب، واقیعی بەبتكراوی ساختە بشكێنین، لە ئاوێنەی ئەدەبدا وێنە هەقیقییەکەی خۆمان بدۆزینەوە. من دڵنیام ئەوانەی سیاسەت نەخۆشی خستوون، ئەدەب چاكیان دەكاتەوە، ژیانیان ڕێك دەخاتەوە، وایان لێ دەكات جوانتر بڕوانن، باشتر بیر بكەنەوە. هەقە ئەگەر ئینسان ئەدیبیش نەبوو، ئەدەبدۆست بێت، هەر هیچ نەبێت بەشێك لە دیوانی شاعیران و ڕۆمانی ڕۆماننووسە گەورەكانی لە ماڵەوەدا هەبێت. پزیشك و ئەندازیار و مامۆستا و سەرباز و كارمەند و وەستا و كرێكار، هەموویان پێویستییان بە ئەدەبە، تاكو خۆشەویستی ببێتە ناسنامەی ژیانیان، ئاخر لە ڕیشەدا پەیامی ئەدەب خۆشەویستی و جوانییە.
كاتێك بابەتێكی ئەدەبی بە زمانێكی پاراو دەخوێنیتەوە، خەیاڵت ئاسوودە دەبێت و هەست بە خۆشییەكی دەروونی دەكەیت. لە گەرمەی كاردا كاتێك یەكێك شیعرێكت بۆ دەڵێت، بزەیەك دەنیشێتە سەر لێوت و ئارام دەبیتەوە، مەستییەک داتدەگرێت و هێمن دەبیتەوە.
ئەدەبدۆستان لە شەقەی باڵی خەیاڵیان دەدەن و بۆ جیهانێكی دوور لە هەرا، دەفڕن؛ لەوێ خەونی دزراو و هیوای لەتكراوی خۆیان دەبیننەوە. جەنجاڵیی دەروونیان تووڕ دەدەن و باوەشێكی پڕ سۆز و خۆشەویستی لە ئەدەب دەدەن.
جیاوازیی نێوان سیاسەت و ئەدەب ئەوەیە یەكەمیان واقیع لێك دەداتەوە، دووەمیان ئەودیو واقیع. یەكەمیان دەورووژێنێ، دووەمیان هێور دەكاتەوە. هەردووكیان ڕووداوەكان دەگێڕنەوە، بەڵام یەكەمیان بە زمانی ڕووت و سادە، دووەمیان بە زمانی قووڵ و دڵحەسێن.
كەواتە بەو واتەواتە باوەڕ مەكەن، كە دەڵێن سەردەمی ئەدەب بەسەر چووە، ئەوانە نازانن ئێستە لە هەموو كاتێک زیاتر پێویستمان بە ئەدەب و ئەدیبی ڕاستینەیە.

ھەواڵی زیاتر