سیستمی کارتی کارەبا

عارف ڕوشدی
چەند ڕوژێکە هەواڵێک هەیە لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبا، وەزارەتی پەیوەندیدار وەک تاقیکردنەوەیەک لە یەکەم هەنگاویدا بڕیاریداوە لە دهۆکەوە (سیستمی کارت) پیادەبکات.
لە ڕاستیدا سیستمێکی پێشکەوتوو و باشە و لە چەندین وڵات و بەڵکو لە گوندە هاوچەرخی نیشتەبونی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێکراوە، سیستەمەکە دەبێتە هۆکاری زیادبونی وزەی کارەبا لە لایەک و کەمبوونەوەی تێچوی دارایی بەکارهێنانی لە لایەکی دیکەوە و، چەندین سود بەدوای خۆیدا دەهێنێت. وەک ؛ ماوەی کارەبا (٢٤) سەعاتی دەبێت، بەپێی پێویست هاووڵاتییان دەتوانن بە کاری بێنن ، کارەبا بە تەواوی هێزەکەیەوە کاردەکات، لە کێشەی دابەزینی سرکێت و دوکەڵی خراپی مۆلیدەکان ڕزگارمان دەبێت. دیمەنی ناجوری ئەو هەمو تەڵبەندەی تێکئالوزکاوی سەر جادە و کوڵانەکان نامێنێ، بە دڵنیاییەوە دەرەنجامەکەی لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە لە هەمو شاروشارۆچکەکانی هەرێمدا جێبەجێبکرێت. ئەم هەنگاوە بێجگە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکەی لە چارەسەرکردنی گرفتی کەمی کارەبا، وەک هەنگاوێکی دیکەی پرۆسەی چاکسازی حکوومەت هەژمار دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر