گرینگی حكوومە‌تی ئە‌لیكترۆنی بۆ خێرایی پێشكە‌شكردنی خزمە‌تگوزارییە‌كان

پ.د.ئاریانا ئیبراهیم

حكوومەتی ئەلیكترۆنی، بریتییە لە ھۆكارێك بۆ باشكردنی بەجێهێنان(ئه دا)ی حكوومەت بۆئەوەی زیاتر لێهاتوو و كارا بێت، ئەوەش سەردەكێشێ بۆ زیادبوونی شەفافییەت و كارایی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەم پێیە پەیڕەوكردنی حكوومەتی ئەلیكترۆنی دەبێتە ھۆی كردەی گۆڕانكارییەك كە یارمەتیدەرە لە فراوانكردنی بوارەكانی ھاووڵاتییان لەسەر زانیاری و تەكنەلۆژیا و ئەپڵیكەیشنە نوێیەكان و ھەروەھا فەراھەمكردنی بەشداریكردنی ھاووڵاتییان و كۆمەڵگەی مەدەنی لە گەنگەشەكردنی سیاسەتەكان لە میانەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پاڵپشتیكردنی بڕیارەكان و داڕشتنی سیاسەتەكان بە شێوەیەك كە زیاتر لە ھاووڵاتییان و پێداویستییەكانیان تێ بگات. لەبەرئەوە پەرەسەندنی تەكنەلۆژیای زانیارییەكان و پەیوەندییەكان وای لە دامەزراوەكان كردووە تەكنەلۆژیا لە مامەڵە ناوەخۆیی و دەرەكییەكانی بەكاربێنێت، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە بوونی ژێرخانی بنەڕەتی لە تەكنەلۆژیا بۆئەوەی ھاووڵاتی بتوانێ زانیارییەكان بە خێراترین كات و بە لێهاتوویی و شەفافییەتێكی زیاتر وەربگرێت. ھەروەك دیموكراسی یەكێكە لە ئامانجەكانی حكوومەتی ئەلیكترۆنی كە كاركردنە لەسەر بەشداریكردنی سوودمەندان ئەوەش لە میانەی بەشداریكردنیان لە ڕێی ئەو میكانیزمانەوە كە بە گرێبەستێكی نوێ لە نێوان دامەزراوەكان و سوودمەندان دادەنرێت كەوا سوودمەند لە وەرگرەوە دەگۆڕێت بۆ بەشدار لە دروستكردنی بڕیار. حكوومەتی ئەلیكترۆنی بەدی دێت لە میانەی پەیپێبردنێكی ڕاستەقینە بەوەی كە جیهانی ئەمڕۆ و شتە نوێیەكانی حوكمی كۆمەڵگە دەكات بەوەی پێشكەوتووە و بە بوونی سێ مەرجی بنەڕەتی دەناسرێتەوە ئەویش لێپرسینەوە و شەفافییەت و فەرمانڕەواییی باشە؛ ئەمەش بە كۆڵەگەكانی حكوومەتی ئەلیكترۆنی دادەنرێ. ھەروەك پێداویستییەكانی چاكسازیی كارگێڕیی دامەزراوە حكوومییەكان پابەند دەكات بە جۆری شەفافییەت و ڕوونی لە پڕۆگرامی كاركردنی و بەجیددی ھەوڵ بدات زانیارییەكان لەبارەی ئەو كارانەی جێبەجێیان دەكات، بگات بە ھاووڵاتییان نەك تەنها بەدەمەوەھاتنی داواكارییەكانیان.
سەبارەت بە دامودەزگا حكوومییەكان ئەوا پەیڕەوی گەیاندنی زانیاری و خزمەتگوزارییەكان دەكات لە ڕێی ئیدارەدانی كەناڵە جۆراوجۆرەكانی گواستنەوە و گەیاندن، وێڕای گەیاندنی زانیاری و خزمەتگوزارییەكان بە ڕێگه كلاسیكییەكانی وەك بەكارھێنانی تەلەفۆن، فاكس، ئیمێل یان ڕێگه دەستییەكان، بهڵام ئامانجی ھەرە گرینگ بریتییە لە باشكردنی باشیی خزمەتگوزارییەكان و فەراھەمكردنیان. بێگومان خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆكان سیفەتێكی ناوازەشیان ھەیە كە بریتییە لە زوو دەست پێ گەیشتنیان لە ھەر كات و شوێنێك كە توانای گرێدان لەگەڵ تۆڕە بەردەستەكان كە پێشكەشی دەكات ھەبێت.
لە ھەرێمی كوردستان حكوومەتی كابینەی نۆیەم بە یەكێك لەو ھەنگاوە گرینگانە دادەنرێ لەم بوارەدا ئەوەش دوای ئەنجامدانی گۆڕانكاریی فراوان و ڕۆچوون لە پرۆسە چاكسازییەكان لە سەرجەم دامەزراوە كارگێڕییەكانیدا و باشكردنی بەجێهێنان (ئەدا)ی لە میانەی كەمكردنەوەی ڕۆتین لە مامەڵەكانی لەگەڵ ھاووڵاتییاندا و سەرجەم كەرتەكانی تر، لە دووتوێیدا بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گشتی كە متمانەی ھاووڵاتی بە دامەزراوە حكوومییەكان بەھێز دەكات و ئاسانی دەسگەیشتنی ھاووڵاتی بە خزمەتگوزارییەكان و گەیشتن بە زانیارییە پێویستەكان بە ئەندازەیەكی گەورە لە كارایی و خەرجییەكی كەمتر زیاد دەكات. حكوومەتی ئەلیكترۆنی دەستی كردووە بە پێشكەشكردنی زۆرێك لە چالاكی و دەسپێشخەرییەكان كە ڕێ خۆش دەكات بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان ئەم خزمەتگوزارییانەیان دەست بكەوێت وەكوو دەنگدانی ئەلیكترۆنی و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری و پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی و دانی باج و ….ھتد. ئامانج لەم گۆڕانە بەوەی ھاووڵاتی تەوەرەكەی بێت و ئەو ئامانج و مەبەستەش ئەوەیە متمانەی ھاووڵاتی بەدەست بهێنرێ لە میانەی ئەوەی ھاووڵاتی تەكنەلۆژیای نوێ بەشێوە تازەكەی و بڵاوكردنەوەی تیۆری داھێنان قەبووڵ بكات.
ھەروەك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستی كردووە بە ئاسانكاری مامەڵە لەم لایەنەوە وەك داواكردنی ئەنجامدانی كاری ئەكادیمی و خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكانی خوێندكاران و خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكانی دامەزراوەكانی تری خوێندن. لە سایەی چوارچێوەی چاكسازییە جۆراوجۆرەكانی تر لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بریتییە لە ھەستان بە گۆڕینی مامەڵەی كۆمپانیا گشتییەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی بۆ شێوەی ئەلیكترۆنی بۆ پتەوكردن و ئاسانكردن و بەھێزكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو حكوومەت.
وێڕای ئەوەی ئەم ھەوڵانە وەك ھەنگاوی سەرەتایی بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەژمێردرێ لە پتەوكردنی متمانەی زیاتری ھاووڵاتی بە حكوومەتەكەی و دوای زنجیرەیەك لە پرۆسەی چاكسازی دێت كە حكوومەت پێی ھەستاوە بهڵام پێویستی بە خێراكردنی زیاتری ھاوشێوەی ئەم ھەنگاوە گرینگانەیە بۆ دەرخستنی مكوڕبوونی حكوومەت لەسەر بەرپرسیارێتییەكانی لە بەرانبەر گەل كە ھەمیشە دەڕژێتە بەرژەوەندیی ئەوەوە و پاشان پتەوكردنی پرۆسەی دیموكراسی و دۆزینەوەی باشترین ڕێگه بۆ ئەوەی ھاووڵاتی مافە دیموكراسییەكان بە شێوەیەكی گشتی مومارەسە بكات.

ھەواڵی زیاتر