لەساڵگەردی (53)ساڵەی پارتایەتیمدا ..!

ئەیلولی 1969، ئەیلولی 2022

ئەسعەد عەدۆ

مەبەستی دوورونزیکمانە پارتایەتی
رێ نیشاندەری کاروانمانە کوردایەتی

ئەو شەڕەی دەبوایە لە گەڵ راگەیاندنی ئەنجامی یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا روویدابوایە ! کەمێک دواکەوت، هێشتا خوێنی ئیماندارانی بزووتنەوەی ئیسلامی بەزوڵمو هەڵپەیی چەکدارانی یەکێتی دەچۆڕایەوە ! خوێن بەرچاوی بەکرۆکەکانی بەرنەدابوو کاتێ لە 1994/5/1 ئاگری قۆناغی یەکەمی ماڵوێرانی کوردوکوردستانیان دەگەڵ پارتیەکان هەڵگیرساند.
لە یەکەم دانیشتنی نێوان کاک مسعود بارزانی و مام جلال لە 1994/6/5 لە ئوتێل ( شیرین پاڵاس) لەهەولێر بە ئامادەبونی ( حسن النقیب)و(احمد الچلبی) کە بە (دوو رەکعات) نوێژی کاک مسعود دەستی پێکرد . هەموومان دڵخۆش بوین بەوە کە ئەو شەڕە نەگریسە رادەوەستێ ! کەبەداخەو زۆر زۆری کێشا کە تا ئێستا ئاسەواری لەسەر وڵات و خەڵکدا بەردەوامە !
تا دەهات بارودۆخ ئاڵۆزتر دەبوو بەگرتنی قۆپک و خوێن رشتن رانەوەستان، لەنێوشاردا سەرتیلەی باڵاخانەکانیان لێگرتین لە 1994/12/25 زۆر بێ ئابڕوانە دوور لە شارستانیەت لە شەقامی شێخی چۆلیدا ئاگریان لە رۆژنامەی ( برایەتی)بەردا ! لە شەوی 1994/12/29 بەندە، بەڕێوەبەری نووسین لە رۆژنامەی برایەتیدا لە ماڵدا لە گەڕەکی ( 7نیسان – راپەرین) بە هێزێکی (50)کەسی بە فەرماندەی(ابوشهاب) ناوێک بەرەو سکرتاریەتی مام جلال فڕاندم و لە بەندیخانە لای (عطا ئەحە سمێڵ) گیرسامەوە
لە 1994/12/31 دەستیان بەسەر بارەگای رۆژنامەی خەبات و برایەتیدا گرت و رۆژنامەکان لەدەرچوون وەستان !
دوابەدوای رفاندنم بەرلەوەی تلیفۆنەکەمان ببڕن وادیارە دایکی نسکۆ پەیوەندی بە تەلەفزیۆنی (گوڵان) دەکات و هەواڵی فڕاندنمیان دەداتێ، دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە کاک( فاضل میرانی) لە میحوەری( مەلا ئۆمەر)وە، بەبروسکە ئاگاداری کاک مسعود بارزانی دەکاتەوە کە ئەوکات ( احمد الچلبی) بەرپرسی لێژنەی( المساعی الحمیدة) لەوێ بوە، بە هیممەتی هەموو لایەک لەسەرووی هەمویانەوە کاک ( کۆسرەت رسول) لەبەرەبەیانیدا بەچاوبەستراوی منیان گواستەوە بۆ (دارالضيافة)ی، مام جلال کۆنە خانوەکەی ( سعید ئاغا شێتنە) گوتیان : تۆ میوانی کاک کۆسرەتی !
هێندەی نەبرد (ابوشهاب) هاتە لام و داوای لێبوردنی کردو گووتی : ئەگەر دایکم بزانێ تۆم گرتوە مەحاڵە نان لە ماڵم ناخوا هێندە تۆی خۆشگەرەکە، بەخوا تازە زانیومە کە تۆی !
تا دەهات دەیانویست رفاندنم ئاڵۆز بکرێ : بزووتنەوەی ئیسلامی – ملا قادر برایەتی، شێخ عبدالقادری کوێسە لەسەر خەت بون بۆ ئاڵوگۆڕ دەگەڵ( علی چەلەبی) بەرپرسی پاسەوانی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان کە لەشەڕێکدا لە ناوچەی هەلبجە کەوتبوە دەست شەهید ( محی الدین رحیم) بەرپرسی لقی(12) بۆیە لە رێگای ئەوانەوە نامەیەکی ئاراستە کردبوم کە لق لاری نیە بەرامبەر بە من بەریدەن ! هەرچۆنیەک بێت پێش گەیشتنی ئەو لێژنەیە من گەیشتبومەوە ماڵ بۆیە لە 1995/1/5 بەهەمان سیارەی مەلا قادری برایەتی گەیاندرامە پیرمام !
بۆ ئێوارە کاک سامی بە بۆنەی گەیشتنم ئێوارە خوانێکی بۆ هێندێ سەرکردایەتی، سەرەڕای بانگهێشتنی کاک فەرهاد عونی و بەندەش سازکرد، بۆ ماوەی سێ مانگ و یەک رۆژ لەگەڵ (نسکۆ)ی، کوڕم لە(دارا لضيافة)ی، كاك ( فاضل میرانی) مایبنەوە تا شاروەدەرنانی خانەوادەکەم بۆ پیرمام لە 1995/4/8 بە بڕیاری ئەڕسەلان بایز بەرپرسی مەڵبەندی سێ و داگیرکردنی ماڵوخانوم لەلایەن (هەڤاڵ شقڵاوەیی) بۆ ماوەی ساڵێک ونۆ مانگ واتە تا رۆژی رزگارکردنی شاری هەولێر کە بۆ خودی خۆم لەوێ نەبوم چونکە بە ناچاری و دڵشکاوی لە1995/10/5 کوردستانم بەرەو رێگای هاتونەهات جێهێلا بوو !
لە رۆژان و شەوانی میوانداریم لە (دارا لضیافە)دا، كە لە نووسینەکانمدا نێومنابوو ( کەشتی نوح)چونکە هەموو جۆرێکی تێیدا کۆکرابوەوە ! لەوێ کاک(سوارە) برای ( فتاح ئاغا) بینی کە بە(علی چەلەبی)لەمەڕ خۆم ئاڵوگۆڕ کرابوو !
عارەب، تورکمان، کورد، سووری، بادینی، سۆرانی، یەزیدی، مەسیحی، موسلمان هەموومان میوان بوین و بە ئەرزاقی شۆڕش برنج وفاصۆلیا ئێمەی دەژیاند ! پیاو بۆ خوا بڵێ کاک ( فاضل) لەنێو پارتیدا ( جگە لە ماڵی بارزانی )چاوتێرو ناندەری بێ وێنە بوو کەس نەبوو خۆی لەشانی بدات
لەسەربردەکانی شەوانی کەشتی نوحی کاک (فاضل)دا، دوای گەیشتنی هێزێکی بادینان، گەڕلاوەژە گەرمبوو . برادەرێکی جامانی لەسەری کوورتیلەی چووست بە بنزاری پەتی کرمانجی سەروو، سەری دیوەخانی لێمانگرتو باسی ماجەڕای مێژووی بۆ دەکردین هەموومان بۆ قسەکانی بەحەزەوە گوێگر بوین،جگە لە شێوەو روخساری، جۆری قسەکردنی سەرنجی راکێشابوم بەتایبەت کاتێ گووتی :
لەکاتی خۆیدا نزیکەی چل کەسێک بوین لەنێو سەرکردایەتی کاتییدا خۆمان بەچەپڕەو دەزانی رێگامان خۆشکردبوو بچینە ریزی حیزبی شیوعی، ئەو باسوخواسەی ئێمە گەیشتبوە کاک مسعود بۆیە رۆژێکیان بانگیکردم . قسەمان زۆر کرد، دیاربوو بەرێزی زۆر هەولی ئەوەیدەدا کە ئێمە دەست لەنێو دەستی یەکتر بنێین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوورییەی ئەوکات ( هەموومان بەشەوقەوە گوێی خۆمان قوڵاخ کردبوو !)
ئەو برادەرە گووتی : ئێمە بڕیارماندابوو کە هەر دەڕۆین ! بۆیە لەکاتی رۆیشتنمدا کاک مسعود پێیگووتم : حەزناکەم بڕۆن بەڵام دڵنیات بکەم ئەو ئیشەی کە ئێستا لە ئەستۆی تۆدایە پەکی ناکەوێ، ئەوەتە عەریف سلیم ئاکرەیی هەردەم ئامادەباشە بۆ ئەو ئیشە،
برادەرەکە هێدی هێدی بەزەردەخەنەوە لەپێش خۆیدا دەیگووت :بەخوا کاک مسعود راستیکرد نەئیشەکە راوەستاو نەهیچ ! ئەوەتە لەدوای(10) ساڵی رەبەق جارێکی دیکە خۆم لەسێبەری پارتی و کاک مسعود دەدۆزمەوە !
هێشتا یەکترمان نەناسیبوو لەسەرەخۆ رووم تێکردو گووتم : ئەرێ برادەر( مەڕبەتی)ئەو سەربردەیە چیبوو ؟!
ئەویش گووتی : لەسەر ئاقڵمەندی و راستگۆیی و دووربینی کاک مسعود بوو، لەژێر لێوەوە کە زانیم نێوی ( احمد بوداغ)ە، گووتم : دوازدە هەزارجار بەخێربێنەوە !