پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سە‌ردە‌می بێ بە‌ھابوونی زانیاری

پ.د.نەزاکەت حسێن

سەلمێنراوە، كە زانیاری و مەعریفە لای هەرکەس و لایەن و دەزگایەک بووبێت، بووەتە هێز بۆی و کۆبوونەوەی خەڵک لە چواردەوری. ئەگەر
ل لە نموونەی پێغەمبەرانەوە باسی بکەین، ئەرکی هەموو پێغەمبەران و ناردنیان بۆ گەیاندنی ئەو زانیاریانە بووە کە خودا پێی داون تاکو بیگەیەننە مرۆڤەکانی سەردەمی خۆیان و، بەڕەفتارکردنی ئەو زانیاریانەی پێیان دراوە بۆ هاوەڵەکانیان، واتە سەرچاوەی هێز بۆیان بریتی بووە لە زانیاری و ئەو هەڵبژاردنەی کە خودا ئەوانی هەڵبژاردووە. تاکو ئێستاش شوێنکەوتوانی هەر ئایینێک شوێن کەوتنی ئەو زانیاریانەیە کە لە پەڕتووکی ئایینەکەی بۆی بەجێ ماوە و زانیارییەکان کە پێغەمبەرەکەی گوتوویەتی، ئەمە بۆ شوێنکەوتوانی هەر ئایدیایەکیان مەدرەسە یەکڕاستە، ئەوانەی شوێنکەوتەییان سەر بە مەدرەسەی مارکسین شوێنکەوتەی زانیارییەکان و بیرەکانی مارکسن یان لینینیان هەرکەس و بیرمەندی دیكە. فەلەک ناسەکان حەکیمەکان، فاڵجیەکان …هتد لەمێژوودا کە سەرچاوەی زانیاری بوون خەڵک بۆ زانینی زانیارییەک گەڕاوە بەدوایاندا و لەبەرامبەریشدا پارەیەکیان دیاریەکی پێ داون. تەنانەت مرۆڤ هێندە تینوو و پێویست بووە بۆ زانیاری و زانینی شتەکان لە زۆر شت و پێشبینیدا سوودی لەڕەفتار و جووڵەی گیانەوەران
و پەلەوەران و هەندێک دیاردەی سروشت وەرگرتووە. بۆ نموونە کەڵەشێر خوێندبێتی ترساون و سەریان بڕیوە وتوویانە شتێکی ناخۆشیان بەڵایەک بەسەرماندا دێت. بایەقوژ لەهەر شوێنێک خوێندبێتی ترساون وتوویانە چۆڵ دەبێت ئەم شوێنە. هەر ڕۆژێک پشیلە و گیانەوەران لە هێلانەکەیان هاتبنە دەرەوە وتراوە بوومەلەرزە بەڕێوەیە. ئەگەر ژنیک نانی کردبێت پارچەیەکی بچووک لە هەویرەکەی جیا بووبێتەوە یەکسەر وتوویەتی بە خێزانەکەی خۆتان ئامادەکەن میوانمان دێت چونکە هەویر جیا بووەتەوە لەدەستم ..یان زۆر دیاردەی تری سروشتیان ئەزموون کردووە تەنیا بۆ زانینی زانیاری؛ واتە بووەتە سەرچاوەی هێز بۆیان. واتە بۆ سەردەمانێکی زۆر بگرە ئێستاش زانیاری خاڵی هێزە لای هەندێک، بەڵام گەشەی تەکنەلۆجیا و زۆربوونی زانیاری و بەلێشاوبوونی ئەم چەمکەی ئاوەژوو کردەوە کە هەموو زانیاریەک هەمیشە سەرچاوەی هێز بێت. ئەمە بۆ سەردەمانێک ڕاست بووە کە زانیاری کەم بووەیان زانیارییەکان ڕاست و دروست بوون ‘یۆڤاڵ نوح هەراری دەڵێت زانیاری و مەعریفە سەردەمانێک هێز بوون کە کەم بوون، ئەمڕۆ کە سەردەمی لێشاوی زانیاریە، سەردەمی نەمانی سانسۆر و فلتەرە، سەردەمی زانیاریی چەواشە و ناڕاست و و شێوێنراوە، ئیتر ئەوە ناتوانێت بڵێت وەک جاران زانیاری هەمیشە سەرچاوەی هێزە’.
ئەمە تەنیا بۆ زۆری زانیاریەکان ناگەڕێتەوە، بەڵکو جگە لە ماندووبوونی ئەندێشەی وەرگران. زانیاریە چەواشە و ناڕاستەکان متمانەی کەم کردووەتەوە لای وەرگر. مرۆڤ کەوتووەتە سەردەمێک نازانێت سەرنجی بۆ کوێ ببات، بیر لەکامە زانیاری بکاتەوە. کامەڕاستە، کامە ناڕاستە، باوەڕ بە کامە بکات، واتە مرۆڤ سەرنجی ون کردووە، هەر چرکە ساتێک تێناپەڕێت چەندین زانیاری دێتە بەردەستی دەیبیسێت، نازانێت شیکار بۆ کامەیان بکات، بگرە پێشڕاناگات شیکار بکات. ڕەنگە زۆر مرۆڤ چاوەڕێیان دڵخۆش بوبێت سەرەتا بەهاتنی تەکنەلۆجیا و ئەو ئامێرانەی زانیاریەکانی خیرا بۆ دەگوێزنەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەلێشاوێک بە بێ وردینی و فلتەرێک بۆی دەگوێزنەوە نەک سەرنجی ون کردووە، بەڵکو مرۆڤ نازانێت چاوبخاتە سەرچی؟ وبیر لەچی بکاتەوە؟ باوەڕ بەچی بکات؟هەر بەهاشی لا نەماوەو لە هەموویان بەگومانە. بۆیە سەردەمی تەکنەلۆجیا و دیجتیتاڵی زانیاریەکانی زۆر کرد خێرای کرد، بەڵام بێ بەهای کرد. ئەمڕۆ دەبێت مرۆڤ ئیتر لەبری عەوداڵبوونی وەک کۆن بۆ زانیاری عەوداڵی کواڵیتی زانیاری بێت.
گرفتی ئەوە بێت چۆن سەرنجەکانی ڕادەگرێت وچۆن سەرنجەکانی بپارێزێت. گەرچی هەواڵی ساختەو ناڕاست پەیوەیستنییە تەنیا بە هاتنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی زانیاری و کۆمینیکەیشنیان فەیسبووک و وەک دەڵێن ترەمپ و پوتین، بەڵکو مێژووی کۆنی هەیە. بەڵام جیاوازیەکەی ئەوەیە جاران کەسێک ڕەنگە لەلادێیەکیان شوێنیک هەواڵی ناراست و دروستکراوی بڵاو کردایەتەوە دەتناسی کێیە و سەرچاوەکەی ئاسان دەناسرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەزارن هەزار کەناڵ هەیە بەهۆی تەکنەلۆجیا سەردەم هەواڵی ناڕاست و چەواشە بڵاو دەکاتەوە، کە ئەستەمە بەرگرتنیان، ناسینەوەیان فەرامۆشکردنیان. کەواتە سەردەمی دیجیتاڵی وای لێ کردین هێز لە کواڵیتی زانیاریەکان ببینیەوە نەکزۆرییان بوونی بەتەنیا زانیاری.