د: عمر نوردەینی
سەرۆکەکان مرۆڤن، مرۆڤیش خاوەن هەست و سۆزی جۆراوجۆرە، دەربڕینی ئەو هەست و سۆزانە لەکاتی بۆنە و ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکان بەرجەستەبوونی سیفەتێکی جەوهەریی مرۆڤ بوونە، بۆیە کاتێک سەرۆکەکان دەگرین نابێ پێمان وا بێ ئەوە ڕووداوێکی نامۆ و سەیرە، بەڵکو دەبێ گریان و فرمێسکی سەرۆکەکان تووشی ڕامان و تێفکرینمان بکات و هانمان بدات بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەی کە زۆر خەڵک لە خۆی دەکات ئەویش ئەوەیە: ئەرێ سەرۆک بۆ گریا؟
لە مێژوودا زۆر سەرۆک و سەرکردە و ڕابەر گریاون و فرمێسکیان ڕشتووە، گریانی ڕاستگۆیانە و مرۆڤانە ساتەوەختی دەرکەوتنی حەقیقەت و ڕووی ڕاستەقینەی ناخ و هزری سەرۆکەکانە بەتایبەتی ئەگەر گریانەکەیان خۆڕسکانە و سروشتیانە بێ بۆ دۆزێکی ڕەوا، بۆ گیان بەختکردنی ئازیزان، بۆ دەربڕینی هەست و هەڵوێست بەرامبەر سەرکەوتن یاخود بۆ قوربانیدانی گەل و تراژیدیا و کارەساتەکانی. لەمێژوودا نموونەی ئەو جۆرەگریانەی سەرۆکەکان زۆرە، سەرۆکی کۆچکردووی سەنگافوورە(لی کوان یو)کە بە باوکی دامەزرێنەری سەنگافوورای نوێ ناسراوە، کاتێک مالیزیا پاڵی بە سەنگافوورەوە نا بۆ جیابوونەوە گریاوە، هەست و سۆز و بیرکردنەوەی لەدەوری ئەوە گێژی خواردووە کە لەم وڵاتە هەژار و بێدەرەتان و پاشکەوتووە چۆن ئەم گەل و میللەتە ئیدارە بدات،بەدەم گریانەوە گوتوویوتی: خودایە لەم بارودۆخە سەختەدا چی بکەم؟ بەڵێ لی کوان یوی مەزن گریاوە، گریان بۆ چارەنوسی گەل و وڵاتەکەی؟
لە تەمووزی (٢٠٠٦) کاتێک شەڕی سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی ڕووی دا، نزیکەی نیوملیۆن هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵات و خوارووی لوبنان ئاوارە بوون. لە کاتی دیدارێکی میدیاییدا دکتۆر فوئاد سنیورەی سەرۆکوەزیران گریا، گریانەکەی سەنیورە لەدژی جەنگ و کوشتار و لەپێناوی ئاشتیدا بوو.
سەرۆکی پێشووی بەڕازیل ( لولا دا سیلفا ) کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ ( ٢٠٠٢تا ٢٠١٠) سەرۆکی وڵاتەکەی بوو، لەسەردەمی ئەودا بەڕازیل بووە هەشتەمین ئابووریی جیهان، بەپێی پۆلێنکردنی گۆڤاری تایم ناوبراو لەساڵی ٢٠١٠ یەکێک بوو لە سەد کەسایەتیە بەناوبانگەکەی دنیا، کاتێک سەرگەرمی ئامادەکرنی بیرەوەرییەکانی مناڵیی خۆی دەبێ کە زۆر بە دژواری و نەبوونی و هەژرای و نەداری و دەردەسەری بەسەری بردبوو؛ خۆی پی نەگیراوە و لە قوڵپەی گریانی داوە. گریانی داسیلڤا بۆ ئەوە بوو کە خەونەکان دەبن بەواقیع و دەکرێ کارەسەتەکان بگۆڕدرێن بۆ کەرنەڤاڵی سەرکەوتن.
کاتێک سەرۆکی ئەمریکا جورج بوشی کوڕ دیمەنە تراژیدیاکانی ڕووداوەکانی یازدەی سێپتەمبەری (٢٠٠١) دەبینێ، خۆی پێ ناگیرێ و لەپڕمەی گریان دەدات. گریانی ئەو بۆ ڕژانی خوێنی هەزارەها هاووڵاتیی ئەمریکی و ڕووشانی شکۆ و هەیبەتی ئەو دەوڵەتە بوو کە بێوێنە و بێ ڕکابەر بوو؛ پەرۆشی بوو بۆ ناسنامە و پێگە و ناوبانگی ئەمریکا، ساڵی(٢٠٠٣ ) کاتێک شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن فەڕەنسای گرتەوە و بوو بە هۆی مردنی (١٥) هەزرا کەس کە زۆربەیان بەساڵاچوو بوون، سەرۆکی ئەوکات جاک شیراک ئەوەندە پێی گاریگەر دەبێ، لەخۆی دەپرسێ چۆن دەبێ وامان لێ بێ پیر و بەساڵاچووەکانمان پێ نەپارێزرێ؟ لە داخان دەگری و فرمێسک بەچاوانیدا دێنە خوار. گریانی سەرۆک شیراک بۆ مردنی نەخوازراوی هەزارەها هاووڵاتی بوو کە زۆربەیان خزمەتی بەرچاوی گەل و نیشتیمانی خۆیان کردبوو.
بەڵێ سەرۆکی ئێمەش، سەرۆک مسعود بارزانی وەک باقی سەرۆکە مەزنەکانی دنیا گریاوە.، گریاوە بۆ ڕژانی خوێنی گەنجان و لاوانی وڵات، کەسایەتیەکی سەربازیی جێگای متمانە بۆی گێڕامەوە لەساڵانی شەڕی ناوخۆدا لەگوندی باخچەی نزیک شاری هەولێر لە شەڕێکدا چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتی ببوونە قوربانی و جەنازەکانیان هێنرابوونە مزگەوتی چوار خولەفای شارۆچکەی مەسیف سەلاحەدین. کاتێک جەنابی سەرۆک بارزانی ئەو هەواڵە دەبیستێ دەچێتە مزگەوتی ناوبراو، کە جەنازەکان دەبینێ بەدەم فاتحە خوێندنەوە فرمێسک بە چاوانیدا دێنە خوار و دەڵێ: ئەوانەش کوردن و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەن و دایک و باوکیان جگەر سووتاو بووە خوایەگیان هاوکاریمان بکە بۆ ئەوەی لەم تەنگانەیەی بەسەر گەلەکەمان هاتووە دەرباز ببین! بەڵێ چەندین جار سەرۆک گرایەوە کاتێک دایکە شەهید و ڕۆڵەئەنفالکراوەکان دەبینێ. کاتێک باوەش لە روفاتی ڕۆڵەکوردێکی ئەنفالکراوی دۆزراوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی ناو قووڵایی بیابانێکی کاکی بەکاکی دەدات، کاتێک تابووتی شەهیدێک دەخاتە سەرشانی بەکوڵ دەگری. دوایین جاریش کە سەرۆکمان گریا، لەکاتی مەراسیمی گەڕانەوە و ناشتنی روفاتی سەد ڕۆڵە بارزانیی ئەنفالکراو بوو لە کۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵدا، لەو مەڕاسیمەدا بەچاوی فرمێسکاویەوە سەرۆک بارزانی بە دەنگێکی تەژی لە ئیرادەوە جەختی لەو ڕاستیە کردەوە کە ئەو ڕۆڵە بارزانیانە لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون بۆیە ئەنفال و شەهید کران، ئەم گوتنەی سەرۆک بارزانی و گریانەکەی بۆ ئێمە مانادار و هێمابەخشن، گریانی سەرۆک گریان بوو بۆ تراژیدیا و جینۆسایدی گەل و نەتەوە، بۆ چارەنووسی نادیارمان. گوتنەکەشی جەخت کردنەوە بوو لەو ڕاستیەی کێشە و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد لە ئەساسدا کێشە و دۆزی ناسنامە و ناسیۆنالیزمە، تا ئەم ناسنامە و نەتەوەیە نەبێتە خاوەن قەوارەی سیاسیی سەربەخۆ، بەتەواوی لە هەڕەشەو مەترسیەکانی جینۆساید دەربازی نابێ. بۆیە دەبێ مەزنانە بگرین تا ئەو هەستی ڕزگاریخوازی و خاوەن ئیرادە سەربەخۆیە بە فرمێسکان پاراو بکەین تا بە گیراوەی خوێن و فرمیسک تابلۆی شکۆمەندی نەتەوە بنەخشێنین، دەبێ لە گریانی سەرۆکمان تێ بگەین و هزروبیر و هەڵوێستمانی پێ زاخاو بدەین.