خێوەتگەی هێزی کچان ئامرازێک بۆ تواناسازی سەرچاوەی مرۆیی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

د. ڤیان سلێمان

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە ئێستا لە حەفتایەمین ساڵەی تەمەنی کاری ڕێکخراوەیەییدایە؛ وێڕای ئەوەی ڕێکخراوی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت و کۆشان بۆ دەستەبەر بوونی یەکسانییە لە هەمان کات وەکوو قوتابخانەیەکە بۆ تواناسازی و پێگەیاندنی ئافرەتان، وێڕای ئەوەی دەیان و سەدان لە کادیرانی ئەم ڕێکخراوە لە دامودەزگا حکومی و ئۆرگانە حیزبی و سێکتەرە جیاوازەکان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن، گرنگییەکی ئێجگار زۆر بە لایەنی تواناسازی و پێگەیاندن دەدات و ئەم بوارە یەکێکە لە پرۆژە لە پێشینە و بەردەوامەکانی ئەم ڕێکخراوە، بە شێوەیەک لە ئێستادا هەموو کادیرانی یەکێتی ئافرەتان، لە هەر پلە و دانیشتووی هەر سنوورێکی جوگرافی بن، لە پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندندان.
لەو چوارچێوەیەدا و لە درێژەی هەوڵەکانمان بۆ پێگەیاندنی کادیران و ئەندامان و لە هەنگاوێکی هەرە گرنگدا وەکوو مەکتەبی سکرتاریەت بڕیارماندا بە کردنەوەی خێوەتگەی پێگەیاندن بۆ ئەنجوومەنەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و یەکەم خێوەتگەش بۆ (ئەنجومەنەکانی سلێمانی، دەوروبەری سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین) کرایەوە، کە زیاتر لە (١٥٠) کادیر و ئەندامی ڕێکخراوەکەمان لەو سنوورە بەشدارییان تێدا کرد و لە ماوەی سێ ڕۆژ و بە بەرنامەیەکی چڕ و دەوڵەمەند چەندین کەسایەتی سیاسی و مامۆستای پسپۆڕ بابەتی جیاجیا لە بارەی (پرسی ئافرەت لە دیدی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، تایبەتمەندی کادیری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بزووتنەوەی فێمینیزم، کۆمەلگەی مەدەنی و کاری ڕێکخراوەیی، نیشتمانپەروەری، میتۆدەکانی پێشکەوتن، هەنگاوەکانی سەرکەوتن و پێگەیاندنی کەسایەتی) بابەتیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
ڕاسپاردەی لە پێشینەمان بۆ کادیرانمان کە لەمیانی ڕۆژانی خێوەتگەکەش دووپاتمان کردەوە ئەوەیە؛ کە ئەوەی لەمیانی بابەتەکان وەری دەگرن بیکەنە بەرنامەی کاری ڕۆژانەیان و لەڕێگەی ئەزموونی ڕۆژانە و بەدواداچوون و خوێندنەوە هەوڵی فراوانکردن و پەرەپێدانی زانیارییەکان بدەن و بیخەنە خزمەت بەرەوپێشبردنی یەکێتی ئافرەتان و پێگەیاندنی کەسایەتی خۆیان هەتا لە دواڕۆژدا ڕۆڵی کارا لە سێکتەرە جیاجیاکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بگێڕن.
کارکردن لە ڕێکخراودا خۆی لە خۆیدا ئەزموونە، بەڵام وەک دەبینین کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پێشکەوتندایە و چەمکی نوێ و میکانیزمی نوێی کارکردن دێتە ئاراوە، مانەوە لەناو میتۆدی کۆنی پەروەردە و پێگەیاندنی کادیر و نە گرتنەبەری گۆڕانکاری لە شێوازی پەروەردە و پێگەیاندن، وا دەکات پرۆسەکە کاریگەری خۆی نەبێت و هاوهەنگاوی گۆڕانکارییەکان نەبێت. گۆڕانکارییەکان بەردەوام و خێران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەنێویاندا ڕێکخراوی ئافرەتان بە تایبەتی بۆ ڕێکخراوێکی وەکوو یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە ڕێکخراوێکی جەماوەرییە هاوکات ڕێکخراوی ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بەشێکە لە پرۆژە گەورەکەی پارتی بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی ئەرکی گەورەی لەبەرامبەر پرس و بارودۆخی ئافرەت و کۆمەڵگە بەگشتی لە ئەستۆیە و پێویستە ڕێکخراوەکە لەو ئاستەدا بێت کە نوێنەرایەتی زۆرترین ئافرەتانی کوردستان بکات و جێبەجێکاری پرۆژە مەدەنییەکەی پارتی بێت. هاوکات دەبێت ڕێکخراوەکە بەوردی لە ئەرکی خۆی تێ بگات، کە وێڕای داکۆکیکردن لە پرسی ئافرەت و ئامادەباشی کادیرانی بۆ ئەو ئەرکە، ئەرکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پێگەیاندنی کادیری ئافرەتە بۆ ڕۆڵ بینین لە کایە و سێکتەرەکانی دیکەی ژیانی سیاسی و ئیداری و ئابووری و کولتووری کۆمەڵگە.
بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە و گەیشتن بەو خواستە ئامادەیی سەرچاوە مرۆیییەکەی یەکێتی ئافرەتان پێشمەرج و بنەمایە، لەو چوارچێوەیەدا کردنەوەی خێوەتگە یەکێکە لە ئامرازەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە و گەیشتن بەو ئامانجە، وێڕای گرتنەبەری شێوازی دیکەی پێگەیاندن و بەکارهێنانی میتۆدی پێگەیاندن بە ڕێگەی هۆکارەکانی تەکنۆلۆژیا و پێدا چوونەوە بە ڕێگاکانی دیکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەرییان.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ئێستادا خاوەنی سەرچاوەیەکی مرۆیی تا ڕادەیەک ئامادە و ڕاهێنراوە، سەرجەمی کادیرانی ئەم ڕێکخراوە لەڕووی تەمەنەوە گەنج و لە باری زانستییەوە خاوەن بڕوانامەن، ئافرەتانی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان لەنێو پەیکەرەی ئەم ڕێکخراوە سەرکردایەتی و ئاستەکانی دیکەش بوونیان هەیە، هەوڵەکانمان بۆ پێگەیاندنی کادیران بەردەوامییان دەبێت و میکانیزم و میتۆدی جیاجیا دەگرینە بەر، مەبەستمانە بە توانا و وزەی کادیرانمان بەردەوام گۆڕانکاری لە باری ڕێکخراوەکەمان بکەین لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی زیاتر پێشکەوتوو، بەو شێوەیەش بتوانین ڕۆڵ و کاریگەریمان لەسەر زیادکردنی بەشداری ئافرەت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و سیاسەتی گشتی هەبێت و گوزارشت لە خواست و داواکاری ئافرەتان بکەین و جێی متمانە و باوەڕی ڕابەر و پێشەوامان سەرۆک بارزانی بین، کە هەمیشە پشتیوانی ڕێکخراوەکەمان و پرسی ئافرەتە و بڕوای تەواوی بە ڕۆڵ و توانای ئافرەت هەیە.