پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

گرنگی ئافرەت لە شۆرشەکانی کورد دا

ئەسرین عاسی شوانی

بەر لە هەموو شتێک بوترێت لەسەر ئافرەتی کورد و رۆڵی لە مانەوەی نەتەوەی کورد، توانای ئافرەتە کە تا تەمەنێکی زۆر لە ٤٥ ساڵان تا ٥٠ ساڵان ئەتوانێت مناڵ دروست بکات، ئەو توانایە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە کەمترە. ئەمەش وایکردوە سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و جینۆسایدەی بەسەر گەلی کوردا هاتوە لە ئێستا و ئایندە و رابردوودا و ئەو کوشت و کوشتارەی بەرامبەر بە کوردی ئەکرێت هەر لەسەرەتای مێژووەوە تاکو ئێستا کورد بەو ژمارە باشە ماوەتەوە سەرەڕای قرکردنی لەلایەن دوژمنانیەوە ئەوە رۆڵی ئافرەتی کورد بوە ئەو توانا نەتەوەییەی پێ بەخشیوە، جگە لەوەش رۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشەکانی گەلی کوردا زۆر کاریگەربووە هەر لەسەرەتاوە گەر بە شێوەی سادەش بوبێت، بۆیە گەر ئافرەتی کورد راستەوخۆ بەشداری شۆڕشی چەکداریشی نەکردبێت هەمیشە داینەمۆی شۆرش بوە لەبەر ئەوەی هەموو شۆرش و بزوتنەوە کوردایەتییەکان لەسەرتاسەری کوردستان دا بە نان و پێخۆری ئافرەتی کورد پەروەردە بوون و هێچ سەرکردەیەکی کورد و دوا پێشمەرگەی کوردستان نیە سەدان جار و هەزاران جار لەسەر خوانی ئافرەتانی کورد بەنانەرەقی دایکان و خوشکانیان روبەروی دوژمنان نەبوبێتنەوەو داستانی سەروەریان تۆمار نەکردبێت، جگە لەوەی زۆربەی پێشمەرگەی کوردستان هاوسەرداربوونە و لە شاخ هاوسەرەکانیان شانبەشانی هاوژینەکانیان لەشاخ بونە و هیچیان لە پێشمەرگەیەک کەمتر نەبوە، زۆرجار رۆڵی گەورەتریان گێڕاوە دوژمن لەسەر دەستیان شکستیان هێناوە، چونکە ئافرەتی کورد هەم پێشمەرگە بوە بۆ هاوسەرە پێشمەرگەکەی و پشت و پەنای بوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان ڕۆڵی گەورەیان لە بە رۆشنبیرکردنی دەوروبەرەکەیان بینیوەو لە چارەسەرکردنی بریندارو ورەبەخشینەوە بە دەوروبەر ڕۆڵی كاریگەریان هەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنی کورد بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی لەگەڵ هاوسەرە پێشمەرگەکانیان لە شاخ بونە ڕۆڵی پێشمەرگەو پاڵەوانیان بینیوەو هەمێشە ورەیان بە پێشمەرگەی قارەمانی گەلەکەیان بەخشیوە.
ئافرەتی کورد لە ئێستادا هیچیان لە پیاو کەمتر نیە چ وەکو جەنگاوەرێک چ وەک کاری بەرێوەبردن، ئەوەتا دەبینین ژنانی کورد لەرۆژئاوا شکستیان بە دڕندەترین تیرۆرستانی داعش هێناو بۆ جیهانیان سەلماند کە ئافرەتی کورد ئەوانەن کە موستەحیلات ئەکەن بە راستی و وەکو پیاو مەترسیدارترین سەنگەر بەرامبەر دۆژمنان دەگرن، جگە لەوەش لە کاری بەرێوەبردن و بەشداریکردن لە سیاسەت و بەرێوەبردنی حکومەتدا ئافرەتی کورد کەمتر نیە لە پیاوان و رۆڵی پیاو دەبینێت و بێ کەموکوڕیشە لە هەنگاوەکانی، هەر وەک دەبینین کە لە حکومەتی هەرێمدا لە هەموو کابینەکانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت لە کابینەی نۆدا چەندین ئافرەت لە پۆستی زۆر هەستیاردا دەستبەکارەو رۆڵی بەرچاو دەگێرێت کەئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی گەلی کورد دەرده‌خات، جگە لەوەش لە مێژووی کۆن و تازەدا چەندین ژنی هەڵکەوتوی کورد ناویان دەرەخشاوە لە لاپەڕەکانی مێژوی پڕلەسەروەری وەک و حەپسەخانی نەقیب و چەندین کەڵەژنی تر کە سەلمێنەری ئەوەن کەوا ژنانی کورد ئیسپاتیان کردوە بۆ عالەمی سەر رووی زەمین کە میللەتێکی زیندوون و هەر بە زیندوویی دەمێننەوە، هەر ئەوەشبووە کەوا دوژمنانی گەلەکەمان زەندقیان لە کەڵە ژنانی گەلەکەمان چووە و بە سێدارەدانی شۆڕەژنانی ئازاو بوێری کورد ویستویانە کاروانی پڕلەسەروەری گەلەکەمان چەقبەست بکەن وەک و لەیلا قاسمی هەمیشە زیندوو کە لەسەر پەتی سێدارە بە هوتافی بژی کوردو کوردستان پەتی سێدارەی لەمڵ ناو بۆ دواجار بە شانازییەوە سەری نایەوە، بەڵام بۆ گەلەکەی و ئافرەتی کورد گەورەترین قارەمانێتی تۆمار کرد. ئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی گەلی کوردە لە هەموو لایەکەوەوە ئەو بەربەستە دەروخێنێت کەلە نێوان پیاو و ئافرەتدا هەیە.