خۆ لە‌ ئاشووبێك بپارێزن تە‌نھا ستە‌مكار ناگرێتە‌وە‌!

عومەر چنگیانی

لگوڵخەرمانی ئەم جارەمان لە بریتی لێکدانەوەی تەنها یەک ئایەت و لە ژێر ڕۆشناییدا قسەکردن، پێنج ئایەتی سورەتی (ئەنفال) دێنمەوە بیری خۆم و ئێوەی بەڕێز، کە خوا گیان لە ئایەتی ٢٤ەوە هەتا ئایەتی ٢٨ی سورەتەکەدا دەفەرمێت:
(ئەی گرۆی بڕواداران بە تەنگ بانگ و فەرمانەکانی خوا و پەیامبۆنێردراو و پەیامگەیێنەکەی خواوە بێن و گوێیان بۆ ڕابدێرن و لە کردارتاندا ڕەنگ بداتەوە، ئەوکاتەی کە ئەو بانگتان دەکات بۆ شتیەلێک کە دەتانژێنێتەوە و دەتانبووژێنیتەوە، – بانگەشەکەی محەمەد دروود و ساوی خوای لێ بێت بۆ ئایینخوازی، ناو دەبات بە بانگەشە بۆ ژیان و، ئایین بە ژیان دادەنێت – لەوەیش ئاگادار بن کە توانستی بێسنووری خوا لە ئاستێکدایە گەر ویستیاری ئەوە ببێت مرۆڤ و دڵی بکاتە دوانەیەکی لێکدابڕاو و، پەردە لە نێوانیاندا دروست بکات دەیکات. دەرەنجامێکیش هەیە لە بیری نەکەن کە کۆتا ڕێگا گەڕانەوە بەردەستی ئەوە و بۆ لای ئەو کۆ دەکڕێنەوە و لێپێچانەوەتان لەگەڵ دەکرێت (٢٤) خۆتان لە ئاشووبگێڕی و فیتنە و تاقیکردنەوەیەک بپارێزن و خۆ کەنار بگرن، گەر ڕوو بدات و ئاورەکەی هەڵبگیرسێت تەنها سووتەمەنییەکەی ستەمکارەکان نابێت – وەک هەندێ کەس لە کاڵفامی و هەڵەشەییاندا بیر لە هەر هەڵچوونێک دەکاتەوە و کاری پێ دەکات – ئەوە بزانن و لەوە ئاگاردار بن کە خوای گەورە ویستیاری تۆڵەسەندن بێت، تۆڵەی ئەو زۆر سەخت و بەئازار و بەئێشە (٢٥) ئەوەتان وەبیربێتەوە ڕۆژگارێکی سەختی زۆر پڕ لە ئازارتان تێپەڕاند کە ئێوە کەمینەیەکی لاواز و پەراوێزخراو و چەوسێنراوی سەرزەوی و کەوشەنی خۆتان و دەوروبەرتان بوون تەنانەت ئاستی لاوازیتان کاری کردبووە سەر دەروونیشتان دەترسان لەوەی مرۆڤەکان بتانڕفێنن! کەچی خوای گەورە لەو ژیانە سەختە پڕ لە ئازار و ئاریشە و، لەو دەروونە ڕووخاوانەتان قوتاری کردن و داڵدەی دان و بە یارمەتیی خۆی پشتیوانیی لێ کردن و ڕۆزی و بژێویی زۆر پاک و بەسوود و
بەتاموچێژی پێ بەخشین، سا بەڵکو لە دەرەنجامی پێزانینتان بە ناز و بەخششەکانی خوا ببنە یەک لەوانەی کە سوپاسگوزارن و شوکرانەبژێری خوا بن (٢٦) ئەی گرۆی بڕواداران نەکەن ناپاکی و خەیانەت لە خوا و لە پەیامگەیێنەکەی بکەن، نەکەن ناپاکی لە ئامانەتەکانی خۆتان و متمانەکانی بە یەکتری دەبەخشن بکەن لەکاتیکدا کە ئێوە دەزانن ئەوە نابێ و سەرپێچیی خوایە (٢٧) لەوە ئاگادار بن کە بە ڕاستی سامان و منداڵ و خێزانتان بۆتان تاقیکردنەوەن و گەر ئێوە خوازیاری پاداشت و دەستکەوتی گەورەن، ئەوە لای خوا دەست دەکەوێت و هەر خوایە دەستەبەری بەخشینی پاداشتی گەورە – پاداشت بەبێ دیاریکراوی و سیفەتی
گەورەی بۆ دەفەرمێت – (٢٨).
پێم وانییە دەقی ئەم ئایەتانە کەس هێندەی ئێمەی کورد لەم
سەردەمانەدا پێویستی بە گەڕانەوە بۆ لایان هەبێت و هەموو ئەوەی بە پێوەرە مرۆییەکان پێیان دەگوترێت سەختی، ئیمە چەشتمان و هەموو بەخششێکی بێسنووری خواییمان بۆ هاتە پێش، کە سەد مخابن لە ڕۆژانی خۆشیدا هەر زوو ڕۆژە سەختەکانمان لەبیر چووەوە و ئێستایشی پێوە بێت، گەر ئاقڵمەندان فریا نەکەون ئەوەی هەیە لەدەست دەچێت، تکایە با لە ئایەتەکانی قورئان وانەی پێویست وەربگرین.

ھەواڵی زیاتر