كێشە‌ی عێراق لە‌ عە‌قڵیە‌تدایە‌ نە‌ك لە‌ دە‌ستوورە‌كە‌ی !

بێستوون مەسعود ساڵەیی

عێراق بەو عەقڵیەتانەی ئێستای بەغدا بەڕێوە ناچێت، وەکو وڵات خاپوورە و لەڕیزبەندی وڵاتە دواکەوتووەکانی ئەمڕۆی جیهاندا جێی گرتووە، دابڕاوە لە هەموو پێشکەوتن و داهێنانێک و لە هەر ئومێد و
بڕوا و متمانەیەکی نێوخۆیی و جیهانی داماڵڕاوە!
عێراق لە بازاڕێکی بێسەروبەری لا کۆڵانان دەچێت، هەرڕۆژەو
فرۆشیارێ عەرزی کاڵا و تواناکانی دەکات، جگە لە فرۆشیارە خۆماڵیەکانی، بیانیەکانیش دوو هێندە زیاترن. ئەم فرۆشیارە بێ مۆڕاڵ و بێ ئەتەکێت و بێ بەزەییانە، کەوتوونەتە گیانی خەڵک و خاکی ئەو وڵاتە، لووتبەرزیو تاکڕەوی و گەندەڵی و بێمننەتیی خۆیان بە خەڵکی ماندوو و بێ دەسەڵاتی عێراق دەفرۆشنەوە.
لە حوکمڕانیی ئەم وڵاتەدا لایەنی سیاسی و کەسایەتی نەماون
کە تاقی نەکرێنەوە، ئەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست لەوەی پێش خۆی خەراپتر مامەڵەی کردووە، ئیتریان گەندەڵ بووە،یان دەسەڵاتی دەستووریانەی خۆی بە کار نەهێناوە. هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیێکی نمایشییە، وای تر هیچ لایەنێک دووەمبوون قبوڵ ناکات، هەمووان پێیان وایەیەکەمن.
کێشە لە دابەشکردنی پشکەکاندا نییە، لە بەرکەوتنی پشکی شێر
و زۆری و کەمی لە دەسەڵاتدا نییە، کێشە نە لە دەستوورە نە لە سیستەمە، بەڵکو کێشەی عێراقییەکان لە (عەقڵەیەتدایە) کە نە بە دەستوور و نە بە سیستەم چارەسەر دەکرێت، ئەم جۆرە عەقڵیەتە هێدە داخراو و خۆسەپێنەڕێگە بە خۆی نادات دەستوور پێشڕەو ڕێڕەوی بێت. عێراق ئێستا بە دۆخی هستریادا گوزەر دەکات، ترس و دڵەڕاوکێ سەرتاپای وڵاتەکەی داپۆشیوە. ئەمڕۆت پڕ سترێس و نائومێدی، سبەینێش دیار نییە چۆن دەبێت!
روون نییە سبەینێ کە لەخەو هەڵدەستی کام هێز شەقامی
بەدەستەوەیە و لایەنگرانی تێیدا مانیان گرتووە!
کام شەقام هاتوچۆ و جووڵە لە لایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە
تێیدا قەدەغە کراوە؟! ئەمڕۆ شەقام بەدەست لایەنەکە و دووسبەی کۆنترۆڵی بەدەست گرووپێکی دیکەوەیە!
چاوەڕێی ئەوەی بزانیت ئەمڕۆ میلیشیاکان هەڵیانکوتاوەتە ماڵی کام بەرپرس و ئاخۆ کێیان بێسەروشوێن کردووە؟
عێراقی خاوەن چەندین فەرهەنگ و چەندین زمان و چەندین ئایین و مەزهەب بە حزبەکانی ئەمڕۆی عێراق ئیدارە نادرێن و ئاشتی و پێکەوەژیان و ئاسایش و مافی نەتەوەکان و تایبەتمەندیی خەڵکە جیاوازەکەی لە مەترسی و لە ژێر هەڕەشەی توندڕەوەکان و شۆڤینی و دارودەستە و بەکرێگیراوانی زلهێزەکانی ناوچەکەن. هیچ کام لە لایەنەکان لە خەمی داهاتووی خەڵکی عێراقدا نین، ئەوەی سەری گوریسەکەی بە توندوتۆڵی لە دەست و بازووی خۆیدا ئاڵاندبێت بە باشی بۆ لای خۆیڕایدەکێشێت و هەوڵ دەدات گوریسەکە بەر نەدات و تەنها خۆی خاوەنی بێت.
کاتێک عێراقێک ئەمە حاڵ و گوزەرانی بێت، تەواوی کۆڵان و شەقامی
شار و گوندەکانی گەندەڵستان و پڕ لە مافیا و سەرتاپا بە ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوام داپۆشرابێت و مرۆڤ لە ماڵ و ژیانی سبەینێی خۆی دڵنیا نەبێت، بۆچی دەبێ ئەو ژەهرە بڵاو بکرێتەوە کە هەرچیەکمان لە سامانیژێرزەوی و سەرزەوی خۆمان هەیەڕادەستی ئەو بەغدایەی بکەین کە هەرڕۆژەو بەجۆرێک بۆ ئەجێنداو وڵاتێک ئیدارەی دەدرێت؟!
کورد بە کام دەسەڵاتی بەغدا سەرسام و شەیدایە؟
بە جێبەجێنەکردنی دەستوور، بە جێبەجێنەکردنی مادە ١٤٠،
بەنەناردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە هێرشە درۆن و مووشەکییەکان؟!
ئایا سەقامگیریی وڵات و ئاسایشی هاوڵاتی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگورارییەکان و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان دەکەی بەقوربانی ئەو بەغدایەی کە نە پایتەختی ئیتیحادیە و نە پایتەختی فیدرالیە!

ھەواڵی زیاتر