ژیان لەپێناو واتایەک دروست بووە، یا مرۆڤ واتا بە ژیان دەدا؟

گوهدار ئاكره‌یی

ئەگەر لە پێشدا پێناسەی ژیان بکەین و ئەرکەکانی دیار بکەین و، لە دواییدا بڕوانینە جیهانی ناوەوە و جیهانی دەروەی مرۆڤ بەگشتی، هەڵبەت جیاوازییەکی فراوان لە دیمەن و واتای هەر یەکیان بەدی دەکرێت. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا هەر تاکێک لە ئێمەی مرۆڤ، دیمەن و رووداوەکانی ژیانی، بە تێگەیشتن و تێڕوانینی تایبەت بەخودی خۆی لێکدانەوەیان بۆ دەکا. ئەوەتا ئەگەر مێژووی مرۆڤایەتی وەرگرین بۆمان روون دەبێتەوە، لە دەستپێکی ژیانەوە بڕیاردان لەسەر هەر دیمەنێک، بەتایبەتی سروشتی ئەم جیهانە، کێشەی هەرە گەورەی ئادەمیزاد بووە، چونکە دەرنجام چەندەها رووداوی دڵتەزێن و قوتابخانەی فکری و ئاینیی و بیری جیاوازی لێ دروست بوونە، تا ئەو چرکە ساتانەی ئێمەی تیا بەردەوامن و، هەموو هەوڵ و کۆششیان بە مەبەستی ئەوە بووە، تاکوو بگەنە ئەو قەناعەتە، ژیان لە بنەرەتدا لە پێناو واتایەک دروست بووە. یاخود هەر مرۆڤێک بە تێڕوانینی خۆی واتا بەژیان دەدات؛ بێگومان شتێکی شاراوە نیە، لەلای هەموو مان روون و ئاشکرایە، مرۆڤ بە سروشتی خۆیان، خاوەن هێز و توانای خۆیانن، توانای بینین و بەشوێنیدا رۆیشتنی زۆر شتیان هەیە لەو رێگا ژیانە درێژە کە لە پێشیدایە، بەڵام لە هەمبەر هەموو ئەم دیمەنە سەرسوڕهێنەرە بە ئەندازە بەدەرە، مرۆڤ گیریان خواردووە نەیانتوانی وە پێناسەی ئەم جیهانە بکەن، چونکە لە پێناسە هەڵدێت. بەمەش مرۆڤەکان بەگشتی تووشی تێڕامان و لێکدانەوەی سەرسووڕهێنەر بوونە. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەتا کە سەرنج بدەینە هەردوو قوتابخانەی زانستی و ئایینیەکان، کە هەر یەکەیان، واتایەکی زۆر لەیەک جیاواز بە ژیان و مرۆڤ دەدەن. بۆ زانیاری قوتابخانانەکانیش لەسەر دەستی چەندەها زانا و فەیلەسوف و رووناکبیر بەدی هاتوونە. کەچی تاکوو ئێستا هەریەک لەم قوتابخانانە لەسەر بیرو و بۆچوونی خۆیان بەردەوامن. کەواتە لە دەرنجام تۆ بڵێی تەنها جیاوازی مرۆڤ لەگەڵ ژیان ئەوە بێ! هەرچی مرۆڤە هەندە بچووک و ئەقڵ سنوردارە بەرامبەر بەو ژیانە فرەوان و سەرسورهێنەرە و، بەرێکەوتیش دروست نەبوو بێت، لەو رێگا رێبوارەی نێوان لەدایکبوون و مردنیدا، بەر پرسیار بێ بەرامبەر بەو واتایەی بەژیان دەدات. بەڵام هەرچی ژیانە، لەپێناو واتایەک بوونی هەیە و نەگۆڕە و، خودی مرۆڤیش دروستکراویەتی. بەڵام پرسیارە گرنگە لێرەوە دەست پێ دەکات؟ ئەی کەوایە بۆ چی مرۆڤەکان لە دەست پێکی ژیانەوە تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بەرامبەر بەواتای ژیان! هەر تاکێک بە شێوەیەک لە شێوەکان واتایەک بە دیمەنەکانی ژیانی دەدات ؟ بەبۆچوونی خۆم، ئەمەش هەر وەک ئەو قوتابییە وایە کە لەکاتی تاقیکردنەوەی خوێندنیدا لە پرسیارەکانی تێنەگا بە تێگەیشتن و بۆچوونی خۆی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە، کەچی لەبنەرەتدا وەڵامەکەی لەڕاستی زۆر دوورە، چونکە وەڵامی زانیاریەکە لەئاستی ئەقڵی ئەو زۆر زیاترە. هەر لەبەر ئەوەیە هیچ مرۆڤێک نەیتوانیوە سەدلەسەد دڵنیا بێ لەو واتایەی بە ژیانی داوە.

ھەواڵی زیاتر