ئەدەبی ڕووتەڵە!

حەیدەر عەبدوڵڵا

خەریكی بڵماندن و بۆڵەبۆڵ بوو، هەرچییەكی نوێباوی دەخوێندەوە، نێوچاوانی تێكدەنا و سەلیقەی گرژ دەبوو، هەر دەڵێی بەنێو دڕكوداڵدا ڕایان دەكێشا!
ئەرێ یاران! من تێناگەم لەم وشەشكاو و ڕستەقوپاوانە، چۆن ڕۆمانی وا زل و دیوانەشیعری وەها قەبە دەنووسرێت؟ لەم دەربڕینە خێلوخێچانە چلۆن پاڵەوانی نێو چیرۆكان دەخولقێت.
من ڕەشبین نیم، ناشمەوێ بە چاویلكەی ڕەش شەلم‌كوێرم بكەومە ناو باسەكە، حەزیش ناكەم هیچ كەس سارد بكەمەوە، بەڵام ناشكرێ خاتری ئەم و ئەو بگرم و با ناهەق بە شانوشەپێلكی ئەدەبكوژاندا هەڵبدەم.. ئێ خۆ ناشكرێ ئەوانە ڕووشكێن نەكرێن، كە لە ساڵێكدا دە كتێب دەنووسن، كەچی یەك كتێبیان پێ ناخوێندرێتەوە، یان وەك نووسەرێك گوتبووی: لەبەر نووسین دەرفەتی خوێندنەوەیان نییە!
سەیرە! ناوەناوە ڕۆمانێك چاپ بكەیت، دیوانێك دەربكەیت، كەچی لە خوێندنەوە نەبان بیت! من نازانم ئەدەبێك فكر ناوەخن و پاڵنەری نەبێت، دەبێ چ ئەدەبێك بێت.
ئەدیبی ڕاسیتنە نابێ هەرگیز بە دوای ڕاكێشانی خەڵكەوە بێت، چونكە لە دواییدا سەری لە هیچ دەردەچێت.. خەڵك – هەڵبەت لێرەدا مەبەستم لەتكەخوێنەرە- دەیانەوێت وەك ئەوان سادەڕەو و ڕووتەڵە بیت، بەردەست و بێتوێكڵ بیت، بە گوێرەی هەوای سەری ئەوان ڕێ بكەیت. ئەدۆنیس دەڵێت: ” ئەدیب بەپێی داكشانی بۆ نێۆ جەماوەر، ئەدەبەكەی دادەكشێت.”
خەیاڵی ئەدیب دەبێ هەمیشە لە وشە و دەربڕینی نوێ، دروستكردنی وێنا و وێنەی تازە، جمەی بێت، ئەمەیش تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوە و قووڵبوونەوە فەراهەم دەبێت.
نووسین ئەگەر داڕشتن و ڕێنووسێكی تۆكمە و جوانی نەبوو، چۆن دەتوانێ چێژ و مانایەكی تەواو بە خوێنەران بدات؟
بەشێك لە خوێنەران ئاڵۆزیی دەق بە باڵابوونی دەقەكە لێك دەدەنەوە. ئەوان جیاوازی لەنێوان ئاڵۆزییەك لە قووڵی و ڕەوانبێژییەوە دروست بووە، لەگەڵ ئاڵۆزیەكیدا، كە لە نەزانی و بێئاگایی نووسەرەوە پەیدابووە، ناكەن.
ئەگەر دەیان كتێبی ئەدەبی رووتەڵە بخوێنتەوە، وەك ئەوە وایە هیچت نەخوێندبێتەوە، نە خەیاڵ، نە وشەدانی زاكیرەت، نە هەگبەی زانیاریت، هیچ سوودێكیان پێ ناگات.
ڕەنگە سەرچیخ چووبیت و پێت وابێت من مەبەستم داپڵۆسین و داشۆرینی ئەدەبی نوێ و هاوچەرخە و پشتگیریی ئەدەبی كلاسیك دەكەم، نا، نەخێر! بەڵام دەبێ ددان بەوەدا بنێم ئەدەبی ڕووتەڵە ئێستە لە هەموو گێتیدا پەرەی سەندووە و خەریكە بڕست لە ئەدەبی هەقیقی دەبڕێت، لەنێو كوردیشدا هەر مەپەرسە!
دەكرێ لە شەوێكدا دیوانێك یان ڕۆمانێك بنووسیت و ڕۆژی دواتر چاپی بكەیت، دواتر جامەوەرێكی زۆری لێ كۆ بكەیتەوە. هەر ئەوەش نا، بەڵكوو وابكەیت وتار و پەسندی زۆریشی لەسەر بنووسرێت، بەشێك لە خوێنەرانیش كونبەكون بە دواییدا بگەڕێن، زۆری پێنەچێت دیسان چاپی دووەم و سێیەمیش بكرێتەوە.
دەكرێ كتێبی نایابی ئەدەبیش هەبێت گەلی خوێنەران وەك پوورەی هەنگ دەوری بدەن، بەڵام لە ئەزموونی خوێندنەوەی خۆمدا بۆم دەركەوتووە ڕەشۆكی خوێنەران بە دوای ئەدەبی ڕووتەڵەوەن، لە ئەدەبێكیش، كە فكر سایەی بەسەر ماناوە كردبێت، دەپرینگێنەوە.

ھەواڵی زیاتر