چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گەنج و پارتی

سیروان گەردی

زەروورەتی دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەم مێژووییە هەم سەرکێشی. چونکە پارتی لە کاتێکدا دادەمەزرێت باشوری کوردستان بێ بزوتنەوە و پارتی سیاسی کارایە، بۆیە لەوەوە دەبێت بڵێین ئەم هەنگاوە مێژووییە.
لە هەمان کاتدا نەبوونی سەپۆرت و ئامرازەکانی شۆرش، بۆ دەستپێکردنەوەی شۆرش ئەمەش پێیدەڵێن سەرکێشی، کە بارزانی نەمر رێبەرایەتی ئەم سەرکێشیەی کرد.

بۆیە کاتێک وشەی ” مێژوو، سەرکێشی ” دەبیستین، راستەخۆ گەنج دێتە خەیاڵمان، چونکە بۆ گەنجان شارەزا بوون لە مێژوو گرنگ و بۆ سەرکەوتن و ئایندەش ریسک و سەرکێشی ئەولەویەتە .
گەر بە خێرایی سەیری دامەزرانی پارتی بکەین لە ساڵی ١٩٤٦، راستەوخۆ ١٩٥٣ کە نێوانیان چەند ساڵێکە رێکخراوی قوتابیان و لاوان دادەمەزرێت، ئەمەش نیشانەی هێزی مانەوە و گەشەکردن و بایەخدانی پارتیە بە لاوان.
بۆ ئەوەی زۆر لە مێژوو نەدوێین، بۆ ئێستا و داهاتوو بدوێن، دەبێت ئەوەمان لە پێش چاو بێت کە رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە گەنج هەژمار دەکرێت، بۆیە پارتیش لە گەڵ خواست و داواکارییەکانی گەنجان هەنگاو بە هەنگاو رۆیشتووە، هەر لە بە جیهانی بوون و کرانەوەی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاک و …هتد، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە گەنج و پارتی باشترین دوو چەمکی دۆستن بۆ لێکتێگەیشتن و نزیک بوون.
بە دڵنیاییەوە لە کۆنگرەی نوێی پارتی، بە روونی چەمێکێک راست دەکرێتەوە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمان و خودی گەنج ئەویش ” لە جیاتی داهاتوو بۆ گەنجان دابین بکەین، گەنج بۆ داهاتوو ئامادە دەکەین ” چونکە دیدی پارتی بۆ سەردەمی نوێگەری و تەکنەلۆژیا و بازاڕی ئۆنلاین ئەوەیە دەبێت توانستی گەنجان بەرامبەر بە خواستی بازاڕ بێت.
جیا لەوەی پارتی تەمەنی هەڵکشاوە، بەڵام بە بیر و هێز و خوێنی گەنجانە بیر دەکاتەوە و هەنگاو دەنێ و بە تەمەنێکی ژیرانە تێدەکۆشێ و بەرگەی سەختی و بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێ، لەم پێناوەدا لە سەرجەم کاییەکانی دەسەڵات، گەنج ڕۆڵی بەرچاوی هەیە ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە پارتی دەزانێ گەنج واتا بەردەوامی .
ئەوەی ماوە پارتی بە هەنگاوی خێراتر کار لە پێناو بکات بۆ بەلارێدانەبردنی گەنجان، ئەویش ئینتمای نیشتیمانیە، کە لە ئێستادا لە سێ خاڵی سەرەکی خۆی دەبینێتەوە:
یەکەم : بێکاری
دووەم : ماددە هۆشبەرەکان
سێیەم : کۆچکردن
بۆ ئەم سێ پرسە پێویستە وردتر و خێراتر توێژینەوەکان بخەینە روو تا بە زیانی کەمتر دەربچین، گەر نەتوانین چارەسەری خێراش بکەین. چونکە وتاری پۆپۆلیستی و ئامانجدار بە مەبەستی نا ئومێدکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان بە چڕی دەستی پێکردووە، بۆیە دەبێت پارتی بە رێگای حکوومەت و ئۆرگانەکانی حیزب پلانی تۆکمە دابێنین بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی گەنجان لە بێ ئومێدی وبێ هیوا کردنیان کە ئەمە خاڵی سەرەکی دامەزراندنی پارتیە کە ئەویش بوونی نیشتمان و خاک و تاکی کوردە لە کوردستانێکی سەربەخۆدا.