چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

16ی ئاب ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رپاكردنی بزاوتی نیشتمانیه‌

ئامانج عه‌بدوڵا سوور

له ‌ناوه‌راستی سه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌و سه‌ده‌یه‌ی كه ‌له ‌فۆرمی سیاسیدا به‌سه‌ده‌ی ناسیۆناڵ ده‌ناسرێته‌وه‌، دروست له‌ 16ی ئابی 1946 وه‌رچه‌خانێكی مێژوویی بۆ كورد دێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌وده‌مه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌رده‌ستی بارزانی نه‌مر دێته‌ دامه‌زراندن.
دروستبوونی پارتی وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی جاڕی فۆرمێكی نوێی شۆرشگێڕانه‌بوو بۆ كوردستانیان، فۆرمێك كه‌ شێوازی خه‌باتی نیشتمانی له‌سه‌ربناغه‌یه‌كی زانستی ده‌خه‌مڵێنێت.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا پرۆسه‌ی پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی به‌چه‌مكی كوردایه‌تی به‌رپاده‌بێت چه‌مكێكی نیشتمانیه ‌و كارلێك له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسی ئه‌كات به‌پێوه‌ری پرنسیپی مرۆڤدۆستی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ خواستی میله‌تێكی سته‌ملێكراو و نیشتمان داگیركراوه‌.
لێره‌وه‌را پرسی كورد له ‌رووی سیاسه‌وه‌ ده‌بێته‌ پرسێكی گه‌ردوونی یونیڤیرساڵی چونكه‌ گوتاری پارتی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ئاراسته‌ی داكۆكی له‌مافی بنچینه‌یی تاكی كورد و ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌یه‌ وه‌ك چه‌مك دێته‌ كایه‌وه‌ و شوناس وه‌رده‌گرێت به‌و دێڕه‌ی “كوردایه‌تی لوتكه‌ی مرۆڤدۆستیه ‌و به‌رگریه‌ له‌پێناوی چه‌سپاندنی بووندا”.
له‌و سه‌رده‌مه‌ی قسه ‌و باسی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌ له ‌دونیادا پێگیری بوو له‌سه‌رجۆرێك له ‌تاكگه‌رایی و به‌رگری له‌خود و مانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری مرۆڤ له‌وه‌ها دۆخێكدا كورد نیشتمانه‌كه‌ی پارچه‌پارچه‌ كراوه ‌و رووبه‌ڕووی جه‌ساره ‌و قه‌ساوه‌تی بێ ره‌حمانه‌ی داگیركه‌ر ئه‌بێته‌وه،‌ ئه‌وه ‌بۆیه‌ هه‌نگاوێكی نوێ به‌ئاراسته‌ی پرسێكی كۆگیری نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێته‌ خواستێكی شۆڕشگێڕانه‌، تا هه‌موو دونیا له‌ ئازار و مه‌ینه‌تی میله‌تێكی سته‌ملێكراو تیبگات، ئه‌مه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژوویه‌یه‌ كه‌پارتی به‌ئاراسته‌ی گوتارێكی یونیڤێرساڵی ده‌ینێت و به‌جێكه‌وته‌یه‌كی زانستیه‌وه‌ شۆڕێكی مه‌زن به‌رپاده‌كات.
شانزه‌ی ئاب قۆناغێكی نوێ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، قۆناغێك كه‌پرسی كورد ده‌په‌رێنێته‌وه‌ بۆ دۆخێكی نوێ كه‌ گرێدراوی قۆناغی شۆڕشگێڕانه‌ی پیش خۆیه‌تی به‌ڵام به‌چه‌مكێكی نوێی شۆڕشگێرانه‌ی زانسنتیه‌وه‌.
دیزاینی ئه‌م نه‌خشه‌ڕێ نیشتمانیه‌ی كه‌بارزانی نه‌مر وێنای كێشاوه‌ ده‌بێته‌ رێبازی تێكۆشانی پارتی و سه‌ره‌نجام هه‌موو تاكی كورد په‌یڕه‌وی لێده‌كه‌ن به‌وه‌ی چاومان له‌خاكی هیچ گەل و نەتەوەیەكی دیكە‌ نیه، ‌به‌ڵام داوای ئازادی بۆنیشتمانی خۆمان ده‌كه‌ین.
گیانی به‌ره‌نگاری له‌هه‌مبه‌ر قه‌ساوه‌ت و سته‌می داگیركه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی “كوردستان یان نه‌مان” ببێته‌ ئه‌و دروشمه‌ی تاكی كوردی په‌یره‌وی لێبكه‌ن و وه‌ك پرسنیپێكی نیشتمانی ده‌بێته‌ كلتور و لوتكه‌ی به‌رگری له‌پێناوی سه‌روه‌ری نیشتماندا.
16ی ئاب پرۆسه‌یه‌كی شۆڕشگێرانه‌ی به‌رده‌وام وه‌ك چه‌مك ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌سه‌ره‌نجام شۆڕشه ‌مه‌زنه‌كانی ئه‌یلول وگوڵان و دواتر راپه‌رینی به‌هاری 1991 به‌رهه‌م ده‌هێنێت، چونكه‌ له‌دوای دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كلتوری پابه‌ندی و ئیراده‌ ده‌بێته‌ جێكه‌وته‌یه‌كی زانستی و گه‌لی كوردستان وه‌ك چه‌مك په‌یڕه‌وی لێده‌كه‌ن.
له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا جگه‌له‌ ده‌ستكه‌وته‌ یاسایی ونیشتمانیه‌كان وكۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئاراسته‌كان له‌سێبه‌ری رێبازی تیكۆشانی بارزانیدا هاوكات هوشیاری نیشتمانی ده‌بێته‌ سه‌رمه‌شق و نه‌ك هه‌ر له‌بواری سیاسی بگره‌ خه‌بات ده‌پەڕێته‌وه‌ به‌ره‌وبنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت له‌سه‌رئاستی زمانه‌وانیش ده‌كۆشێ و جارێكی دی زمان مشت وماڵ ده‌كاته‌وه‌ به‌شێوازێكی زانستی.
له‌شۆڕشی گوڵاندا خۆڕاگری و ئیراده‌ ته‌می نائومێدی ئه‌ڕه‌وێنێته‌وه‌ و راپه‌رینی لێ به‌رهه‌م دێت، هه‌رئه‌م چه‌مكه‌ شۆڕشگێرانه‌یه‌ش كه ‌كۆتایی به‌ دڵه‌راوكێ ده‌هێنێت و له‌ریفراندۆمدا جارێكی دی هه‌موو ره‌نگ و پێكهاته‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ و به‌ڵێ بۆسه‌ربه‌خۆیی ده‌كاته‌ جاڕێكی گه‌ردوونی و رابه‌ری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كورد جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی نه‌خشه‌ رێی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كێشێت و وه‌ك پێشه‌وای میله‌تێكی مه‌زلوم خواست له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی نیشتماندا ساغ ده‌كاته‌وه ‌و ئه‌و راستیه‌ ده‌چێته‌ ناومێژووه‌وه‌ كه‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات و خواستی نیشتمانیه‌ و پارتی پێشره‌و خاوه‌نی نه‌خشه‌ رێی كوردستانێكی به‌هێزه‌ و رێبه‌رایه‌تی خواستی بێ چه‌ندوچوونی گه‌لی كوردستان ئه‌كات به‌رێبه‌رایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئه‌و رابه‌ره‌ كاریزمیه‌ی دیزاینه‌ری نه‌خشه‌رێی سه‌ربه‌خۆییه‌ و رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ چاوی له‌ئازادی نیشتمان و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌.
له‌ته‌واوی قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا پارتی پێشره‌و بۆتە‌ قه‌ڵای ئیراده ‌و خۆراگری بۆ كوردستان هه‌ربۆیه‌ بارزانی بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی میله‌ت و ته‌واوی گه‌لی كوردستان به‌هه‌موو ره‌نگ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ له‌ده‌وری ریبازه‌ پڕله ‌رێبواره‌كه‌ی ئاپوره‌یان گرتووه‌، رێبازی مه‌زنی بارزانی رێی تێكۆشانی كوردپه‌روه‌رانه‌.