مەشخەڵ كەوڵۆسی
سەرەتا پێویستە ڕووی نوسین بكەمە هەموو ئەوانەی ئەم وتارە كورتە دەخوێننەوە و پێیان بڵێم: خوای گەورە پەیامێكی پاك و بێگەردی بەناوی ئیسلام ناردووە بۆ ڕزگاری و خزمەتی مرۆڤایەتی. لەئیسلامدا مرۆڤ سەنتەرە، چونكە خودی پەیامەكە بۆ ئەوەیە مرۆڤ لەدنیادا كەمترین كێشەی هەبێت و لە ڕۆژی دواییشدا هیچ كێشەیەكی نەبێت و بچێتە بەهەشتەوە!.
كەواتە خزمەتی مرۆڤ و یارمەتیدانی لەپاراستنی كەرامەت و ژیان و بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ! نەك بەپێچەوانەوە ببێتە سەریەشەو خودی مرۆڤ بهاڕێت لەپێناوی كۆمەڵێك بەهادا كە مرۆڤ خۆی دێت لەقۆناغێكدا ڕەواجیان پێدەدات و، لەقۆناغێكی تردا هەر خودی مرۆڤ خۆی ڕەواجیان لێوەردەگرێتەوە!.
جاری واهەیە كۆمەڵگەكان لەسەر دێڕە شیعرێك، یان لەسەر هەڵوێستێكی سیاسی یان فیكری، بڕیاری لەخاچدان و كوشتن و سوتاندنی مرۆڤێك دەردەكەن. لێرەدا ئیعتیباریان داوە بەو بەهایانەی كە لەو قۆناغەدا بڕوایان پێیان هەیە. لێرەدا دین پێویستە “سمو”ی خۆی هەبێت و، دانەبەزێت بۆ پیرۆزبایی كردن لەو هەڵوێستەی كە ئەقڵی جەماعی كۆمەڵگەیەك دروستی كردووە!.
بەمانایەكی تر: پێویستە دین موجەڕەدبێت لە كات و شوێن، جڵەوی بەها كۆمەڵایەتییەكان بكات. دین پێویستە نەخشەڕێگای ژیانێكی جوانتر و كامەرانتر، خەیاڵدانێكی فراوانتر بداتە مرۆڤ!. نەك دابەزێتە ئاستی ئەو بەهایانە و ببێتە بەشێك و تەنانەت بەشداری شەڕ و پێكدادانی ناو بەها جیاوازەكانی كۆمەڵگە بكات.
ماوەیەكی زۆرە بەشێك لەمەلاكانی كوردستان، بەهەموو شێوەیەك بەئاگا یان بەنائاگا، هەوڵدەدەن ئیسلام ڕابكێشنە ناو ململانێكانی كۆمەڵگە. تەنانەت بەگوێرەی پێوەرەكانی مێشكی خۆیان ئیسلام بەكاردەهێنن. بەكورتی و بەكوردی: شەڕ بەئیسلام دەكەن، نەك شەڕ بۆ ئیسلام بكەن!.
مەلاكان بەقولاپی ئەقڵی خۆیان و لەئاستی ڕۆشنبیری خۆیانەوە، قولاپ هەڵدەدەن ئیسلام لەو بەرزییەوە دادەگرن و شەڕی بەهاكانی خۆیانی پێدەكەن. ئەوانیش وەك هەر كەسێكی تر لەسەر میمبەرەكانەوە، ناشرینترین و سوكترین جنێوو ناوزڕاندن و سوكایەتی بەكاردێنن، بەڵام دەبێ هەمووان بڵێین: مادەم لەزاری موبارەكی ئێوەوە هاتۆتە دەرێ، جنێوەكان پیرۆزن!.
بەكارهێنانی ئیسلام بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی خۆت و بەكارهێنانی جنێوو و ناوزڕاندن، هەوڵێكە بۆ داماڵینی ئیسلام لەو سیفەتە بنەڕەتییەی كە هەیەتی و پێویستە ئاراستەكارییەكانی لەسەرەوەی كات و شوێن بن، گشتی بن نەك تایبەتی كراو!. وەك چۆن یاسا پێویستە گشتی بێت و موخەسەس لەدژی كەسێك یان گروپێك دانەڕێژرێت، هەروەها بۆ ئەوە نەبێت كە مرۆڤ بخاتە تەڵەوە!.
ئەم نەخۆشینە ماوەیەكە بەشێك لەمیمبەرەكانی گرتۆتەوە، وەك چۆن كەسانێك هەوڵ ئەدەن بۆ بەدەستهێنانی لایك و كۆمێنت، لەدەرەوەی سیاقی نوسین و ئەتەكێت و ئەخلاقیاتی نوسین بەچەپ و راستدا تۆمەت و جنێودەبەخشنەوە. بەشێك لەمەلاكانیش میمبەرەكان بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین لایەنگر بەكاردێنن كە لەبنەڕەتدا میمبەرەكانی موڵكی گشتین و مەلاكان مافی ئەوەیان نیە بەگوێرەی پێوەرەكانی ئەقڵی خۆیان میمبەرەكان بەكاربێنن. چونكە ئیسلام وەك بەها و وەك مانا و وەك دیانەت، موڵكی هەمووانەو، ناكرێت یەك خوێندنەوەو یەك سایكۆلۆژیای دیاریكراو بكرێتە كاڵای باڵای ئەو ئیسلامە گشتییەو، دواتریش هەركەس هاوڕا نەبێت، هێزی میمبەر و مەسەلەی موقەدەس لەدژی بەكاربهێنرێت، یان لە میمبەری موبارەكەوە، بەجنێو و سوكایەتی بێدەنگ بكرێت!.