حەمە سەعید حەسەن
زۆر له‌وانه‌ی دژی سیکولاریزم ده‌وه‌ستنه‌وه، پێیان وایه سیکولاریزم به واتای عیلمانییه‌ت دێت و له عیلمه‌وه هاتووه، وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی عه‌لمانییه‌ته، له (عاله‌م)ه‌وه هاتووه و مه‌به‌ست لێی، وێڕای جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، بایهخدانیشه به کاروباری دنیا. چونکه ڕووی ده‌می ئایین له‌وانه‌یه که بڕوایان به غه‌یب و موعجیزه هه‌یه، ئیسلامی توندڕۆ به پاساوی ئه‌وه‌ی زانست له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌دا ناکۆکه، سیکولاریزم ده‌بنه‌وه بۆ لای عیلمی کافران و به‌و بیانووه‌وه سه‌نگه‌ری لێ ده‌گرن.
یه‌کێک له‌وانه‌ی به‌هه‌ڵه تێی نه‌گه‌ییشتووه و به هۆشیارییه‌وه سه‌رقاڵی فریودانی عه‌وامه، مه‌لاعه‌لی باپیرە، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: (ئه‌وی بچێته ناو حیزبێکی عه‌لمانییه‌وه، زانا نییه، کۆلکهمهلایه، مه‌لا ده‌بێت ئیسلام به‌رنامه‌ی ژیانی بێت.)(١) به مه‌رجێک سیکولاریزم تاک ئازاد ده‌کات، وابه‌سته‌ی کام ئایین ده‌بێت و لێ ناگه‌ڕێت، که‌س به تۆپزی ئایینێک به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا بسه‌پێنێت. عه‌لمانیبوون، ئایین به‌گشتی، نه‌ک ته‌نیا ئایینی ئیسلام، ده‌باته‌وه بۆ شوێنه شیاوه‌که‌ی خۆی، بۆ خانه‌ی پێوه‌ندیی ئازادی نێوان تاک و خودا. وه‌ک چۆن ده‌شێت زانایانی ئایین، سه‌ر به حیزبێکی سیکولاریست بن، ئه‌وه‌یش هه‌ر ئاسایییه، زانایانی بواره‌کانی سروشت، موسوڵمانی ڕاسته‌قینه بن. موسوڵمان‌بوون پردێکه له نێوان تاک و خودادا، هیچ پێوه‌ندییه‌کی به وابه‌سته‌ییی حیزبییه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر به ده‌ستپاکییه‌وه، سیکولاریزم بکه‌ینه کوردی، ده‌بێته دنیایی، دنیاییبوون به‌و مانایه‌ی کاروباری دنیا له هی دین جیا بکه‌ینه‌وه، نه زانکۆ ده‌ست بخاته ئیشوکاری مزگه‌وته‌وه، نه مزگه‌وت، پرۆگرامی زانکۆ ده‌ستنیشان بکات، هه‌ردوو لایان له بواری کاری خۆیاندا ته‌واو ئازاد بن.
مه‌لاعه‌لی باپیر بڕوای به‌و ئازادییه نییه و ده‌ست له کارێک وه‌رده‌دا که ئیشی ئه‌و نییه. تێکستی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، ده‌قێکی ئایینی نییه، ده‌قێکی ئه‌ده‌بییه، بۆیه شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه، ئیشی زانایەکی بواری ئەدەبە، نه‌ک مه‌لایه‌کی حیزبی. مه‌لاعه‌لی باپیر ده‌بێژێت: (دینمانه ئایینمان هه‌ر نیشتمان، کوفره و شه‌رعییه‌تدانه به‌وه‌ی، غه‌یری خوا، شتێکی دیکه‌یش بپه‌رستین، بۆیه من له‌به‌ر سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ڵناسمه‌وه.)(٢) به ڕای من، کێشه‌که دوورونزیک پێوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه، پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، مه‌لای ناوبراو کوردستانی نییە، ئیسلامییه. با که‌س ئیسلامی‌بوون له‌گه‌ڵ موسوڵمانبووندا تێکه‌ڵ نه‌کات، که یه‌که‌میان که‌مینه‌یه‌کی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ن و دووه‌میان زۆربه‌ی هاووڵاتییانی کوردستانن.
نالی به داوه‌شه‌عری ده‌قیقی خه‌یاڵی شیعر
بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که شاعیره سه‌د داوی نایه‌وه
چونکه ده‌قی ئه‌ده‌بی زیاتر له لێکدانه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرێت، (دینمانه ئایینمان هه‌ر نیشتمان،) له ڕوانگه‌ی منه‌وه، هاوبه‌ش بۆ خودا دۆزینه‌وه نییه، لوتکه‌ی بڕوا به خودا هێنانه، ئاخر هه‌ر حب الوطن من الإیمانه. ناڵێم مه‌لاعه‌لی باپیر هیچ ده‌رباره‌ی جیناسی موحه‌ڕڕه‌ف، ته‌شبیهی موره‌ککه‌ب، لهففونهشری موره‌تته‌ب یان هی موشه‌ووه‌ش نازانێت، کێشه‌که ئه‌وه‌یه، به‌وریایییه‌وه خۆی له ڕه‌وانبێژیی شیعر نه‌بان ده‌کات. نه ئایین نیشتمانه و نه نیشتمان ئایین، له (دینمانه ئایینمان، هه‌ر نیشتمان)دا، لێکچوواندن هه‌یه که ڕه‌گه‌زێکی گرنگی شیعری دێرینه. وه‌ک چۆن مه‌مک ده‌شوبهێنرێت به به‌ی و کوڵم به په‌ڕه‌ی گوڵ، ئاوا نیشتمانیش شوبهێنراوه به ئایین و لێکچوواندنێکی هه‌تا بڵێیت شاعیرانهیشه. ئه‌وه نه‌ک هه‌ر سووک سه‌رنجدانی ئایین نییه، به‌ڵکوو لوتکه‌ی ڕێزلێنانه له ئایین و به‌و مانایه دێت، وه‌ک چۆن له‌ژێر هیچ گوشارێکدا ده‌ست له ئایینی خۆمان هه‌ڵناگرین، هه‌ر وایش له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا ده‌ستبه‌رداری نیشتمان نابین. مه‌لاعه‌لی باپیر چونکه بڕوای به جیاوازی نییه، چونکه هه‌ر ڕه‌ش و سپی ده‌بینێت و ئه‌وی وه‌ک خۆی بیر نه‌کاته‌وه به کافری ده‌زانێت، ئه‌وه بۆیه (دینمانه ئایینمان، هه‌ر نیشتمان) به کوفر لێک ده‌داته‌وه، به مه‌رجێک ده‌یتوانی بڵێت، له‌و ده‌ربڕینه شیعرییه‌دا، موباله‌غه‌یه‌کی ناهونه‌ری، یان لێکچوواندنێکی نه‌گونجاو هه‌یه.
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان
نایشکێنێ (دانەیی) تۆپی زەمان
عەلی باپیرییەکان بە مەبەستێکی پۆخڵ، ئەو دێرەشیعرەیان شێواندووە، بۆ ئەوەی وای لێک بدەنەوە وەک دەخوازن، ئاخر کردوویانە بە:
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان
نایشکێنێ (دانەری) تۆپی زەمان
(دانە)یی تۆپی زەمان، دانە: بە مانای گولـلەتۆپ دێت، کردوویانە بە (دانەر)ی و (دانەر)یشیان بە خوا لێک داوەتەوە. گوایە دڵدار مەبەستی لە دانەری تۆپی زەمان: خوا بووە و گوتوویەتی: خوایش لە توانایدا نییە، کورد بشکێنێت! ئەمەیش زادەی نیازپیسی و ڕقێکی ئەستوورە لە کوردبوون، ئاخر دڵدار گوتوویەتی: گولـلەتۆپی زەمانە کورد ناشکێنێت.
(١) و (٢) لڤین، ژماره: ١٣٢ ل١١ شه‌ممه‌١٠ی ٧ی ٢٠١٠ سلێمانی