هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

٧٦ساڵ ته‌مه‌نی سیاسی

ڕێکار مەلاحەسەن

(١)پارتی هێزی یه‌كه‌مه‌
مێژوو پێمان ده‌ڵێ: ژیانی سیاسیی حزبی ئێمه،‌ به‌گوێره‌ی گونجانی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان، حزبی به‌رپرسیارییه‌تی قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی هه‌م شاخ و هه‌م شاره‌.
مانەوەی پارتی وەکو ھێزی یەکەمی کوردستان و، بوونی چەندین ئاماژەی دروست بۆ پێشەنگ بوونی لە دوای حه‌فتا و شه‌ش ساڵ و له‌داھاتووشدا، جگە لە مەیل پێدان خوێندنەوەیەکی زانستی و جددی دەوێ.
له‌ چله‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌و هه‌موو گۆڕانکارییه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ له‌ باشوری کوردستان ڕویانداوه‌، تاکو ئه‌مڕۆ پارتی هێزی یه‌که‌م و خاوه‌نی گه‌وره‌ترین ده‌نگ و سه‌نگی سیاسیه، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ حاڵه‌تێکی که‌م دووباره‌ بێت له‌ مێژووی پارته‌ سیاسیه‌کان، هه‌ر بۆیه‌ له‌ حه‌فتا و شه‌شه‌مین ساڵیادی پارتیدا ئه‌م یه‌که‌م بوونه‌ له‌ پله‌ و هێزدا تێفکرینێکی ئه‌قڵانی و كامڵی حه‌فتا ساڵه‌ی لازمه‌.
هه‌موو لایه‌نێکی سیاسی خاوه‌نی هێزێکی دیاریکراو و تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆر جار له‌بری وشه‌ی لایه‌ن چه‌مکی (هێزه‌ سیاسیه‌کان) به‌کاردێت جا ئه‌م هێزه‌ جیاوازه‌‌ هه‌م له‌ڕووی قه‌باره‌ هه‌م له‌ڕووی سه‌رچاوه‌، واته‌ هه‌رلایه‌نێک له‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی دیاریکراوه‌وه‌ هێز وه‌رده‌گرێت، بۆنمونه‌؛ هێزێکی وه‌ک پارتی هێزی خۆی له‌ مێژوو و پانتایی قه‌ڵه‌مڕه‌وی و هێزی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌وایه‌تی ئه‌و دۆزه‌ ڕزگاریخوازه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ پێشه‌نگه‌ له‌ به‌رگری كردن لێی.

(٢)نه‌بوونی داڕشته‌یه‌كی سیاسی فه‌رزكراو
به‌ دیدی به‌نده‌ بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی داڕشتەیەکی سیاسی یاخود نەھجێکی دیاریکراو و فەرزکردنی بەسەر سنوری قەڵەمڕەوی خۆیدا، بە پێچەوانەوە ھاو ھەنگاوی لەگەڵ شەپۆلی ھزری نەتەوەیی و بزاڤی رزگاریخوازی کوردی لە ھەموو قۆناغەکاندا.
له‌ پاڵ هه‌ڵگری ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نه‌بوونی داڕشته‌یه‌کی دیاریکراو ( صیغة معینه‌ ) که‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ ساڵی ١٩٩١ له‌ کۆیه‌ فه‌رمووی “ئێمه‌ نه‌هاتووین هیچ صیغه‌یه‌کی موعین له‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان فه‌رز بکه‌ین”.
نه‌بوونی داڕشته‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ فه‌رزكراو، سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ی گونجان و یه‌که‌م بوونی پارتییه‌ له‌ گشت قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا.
پارتی سیاسی له‌ وردترین و ده‌قیقترین تێگه‌یشتن لێی بریتیه‌ له‌ ڕێكخستنێك كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی کۆمه‌ڵگایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ له‌ م وڵاته‌ی ئێمه‌ هه‌ر حزبێك پێش كۆمه‌ڵگە، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ما فکریه‌یه‌ که‌ ته‌به‌نی کردووه‌ و هه‌وڵی دروستکردنی واقیعێك ده‌دات هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ باکگراونده‌ فکریه‌که‌ی، پارتی هه‌م ئاوێنەی واقیعه‌ و هه‌م سه‌رخه‌ر و پێشه‌نگی دۆزی نه‌ته‌وه‌ییه‌.

(٣)پارتی و حوكمڕانی
دوای راپه‌ڕینی به‌هاری ١٩٩١ و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پارتی وه‌كو هێزێكی تاقیكراوه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ توانی ئه‌زمونێكی جوان و به‌هێز نیشان بدات، به‌چه‌سپاندنی پایه‌كانی به‌ دامه‌زراوه‌یی كردنی په‌یكه‌ری حوكمڕانی و، له‌سنوری قه‌ڵه‌مره‌وی پارتیدا به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م سیمای هه‌ر پێنج ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ دیاركه‌وتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانیشه‌وه‌.
پارتی وه‌كو هێزی سه‌ره‌كی و پێكهێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتووی نیشاندا له‌بواری په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌گه‌ڵ دونیایی ده‌ره‌وه‌، به‌جۆرێك وه‌كو كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی بینرا له‌سه‌رجه‌م هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا.

(٤)پارتی و سه‌ركردایه‌تی
جیاوازییه‌كی تری پارتی، بوونی سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێزی وه‌كو سه‌رۆك بارزانییه‌، كه‌ خاوه‌نی قورساییه‌كی سیاسییه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی له‌ناوخۆدا جێگای متمانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستانه‌ و، له‌سایه‌ی حووكمڕانی سه‌رۆك بارزانیدا هه‌رێمی كوردستان جوگرافیاییه‌كی پر له‌ ئاسایشه‌ بۆ پێكهاته‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
پێگه‌ی بارزانی داینه‌مۆ و وره‌به‌خشێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه‌ هه‌میشه‌ پارێزه‌رێكی راسته‌قینه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها پارتی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پارته‌ كوردستانییه‌كانی تر خاوه‌نی پاشخانی سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌هێزه‌، كه‌ خۆی له‌ ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانیدا ده‌بینێته‌وه‌، دووكاره‌كته‌ری به‌هێزی ناوچه‌كه‌ن و خاوه‌نی ئه‌زمونی چه‌ندین ساڵ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تین. ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ گه‌ره‌نتی بووه‌ بۆ پارتییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ پارتی به‌دوور ده‌گرێت له‌ قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تیی له‌ قۆناغه‌كانی ئایینده‌.