پە‌روە‌ردە‌ و پێگە‌یاندن لە‌ناو پارتی دا

د. چنار سەعد عەبدوڵلە

پارتی سیاسی بە دامەزراوەی پەروەردەیی هەژمار دەکرێت ، لەبەر ئەو ڕۆڵەی لە پێگەیاندن و هوشیارکردنەوەی ئەندامەکانیدا دەیگێڕێت . پارتی دیموکراتی کوردستان دیارترین و جوانترینی نموونەی ئەو پارتەسیاسیانەی کوردستانە کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی ڕۆڵێ چالاکانەی لەو ڕووەوە گێڕاوە.
پارتی لە ساڵی ۱۹٤٦ دادەمەزرێت ، لەسەردەمێکدا ڕێژەی نەخوێندەواری لەناو کۆمەڵگای کوردستان لەسەرووی ٨۰٪ بووە و بەکەمی خەڵکی خاوەن بڕوانامە لەڕیزەکانی کاری پارتایەتی دەبینران. لەو سەردەمەوە پارتی درکی بەوەکردووە کە وێرای خەباتی سیاسی ومەدەنی و سەربازی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی گەلی کوردستان ، پێویستە پارتی ببێتە قوتابخانە بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری گشتی ، لەبارەی دیموکراسییەت وئازادی ومافەڕەواکانی میڵەت.
لە ساڵی ۱۹٦٨ بۆیەکەمین جار بەپلان و ستراتیژێکی تۆکمە ، پرۆسەی پێگەیاندنی کادیران لەناو پارتی دەست پێ دەکات ، لە سەردەمە زۆر سەختەکانی ژیانی شۆڕش و شاخیشدا پارتی دەستبەرداری پەیمانگای کادیران نابێت ئەو مەدرەسەیە چەندین سەرکردەی لێهاتووی لێ بەرهەم دێت. پارتی وەکو پارتێکی سیاسی شۆڕشگێڕو نیشتیمانپەروەر و دیموکراتخواز ، پشت بەستن بەڕێبازی دادپەروەری ونیشتیمانخوازانەی بارزانی ، هەر لە بنیادیەوە لەدووئاستدا کاریگەری لەسەر هوشیارکردنەوەو گۆڕانکاری کۆمەڵگای کوردستان هەبووە. لەلایەک بەڕێگای سەرکردەو کادیرە خوێندەوار وکارامەکانی ، هەوڵیان داوە خەڵکی بەو ئامانج و بەها نەتەوەیی ومرۆڤدۆستانەیە گۆشبدەن ، کەپارتی خەباتی بۆ کردووە ، لەدیوەکەی تردا بەڕێگای پەیمانگای کادیران و چالاکییەکانی ، دەبێتەوە قوتابخانە بۆ بەرهەمهێنانەوەی کادیری هوشیار وخوێندەوار بۆ کەمەڵگای کوردستان.
ئەمڕۆ تەمەنی پارتی دەبێتە ٧٦ساڵ ، دوای تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی سەختی ژیانی سیاسی وشۆڕشگێڕی ، بەخۆشحاڵیەوە لەئێستادا بەهێزرتین پارتی سیاسی فەرمانڕەوای کوردستانە . ئاستی خوێندەواری لەکوردستان هەر لە‌ بەرزبوونەوەیەو نزیک دەبێتەوە لە ۹۰٪ ، نەک هەرخوێندەواری هەڵگرانی بڕوانامەی دیپلۆم و بەکالۆریۆس تا ئاستی خوێندنی باڵا ڕێژەی لەناو هەردوو ڕەگەزی نێرومێدا لە بەرزبوونەوەدایە ، ئەمە وێڕای کرانەوەی کوردستان بەڕووی جیهاندا و هەژموونی تەکنۆلۆژیا و گشت ئامرازەکانی لەسەر
کوردستان.
کەواتە لەو قۆناغ و ساتە جیاوازەدا ئایا پێویست دەکات
پارتی بە پلانی پێگەیاندن و ڕاهێنانی کادیرەکانی دا بچێتەوە ؟ بەجۆرێک لەگەڵ خێرایی پێشکەوتنی جیهان و سەردەمی تەکنۆلۆژیای زانیاری بگونجێت؟
سەنتەری دیراسات وتوێژینەوەو ئەکادیمیای پارتی ، بە پلانێکی تۆکمەی چەند قۆناغی کاردەکات بۆ بەرفراوانکردنی پرۆسەی پێگەیاندنی ئەندام وکادیرانی لە ئاستی ئاسۆیی و ستوونی دا . هەروەها بەسوود وەرگرتن لەئامرازە مۆدێرنەکانی پێگەیان ، سەکۆی پێگەیاندنی ئەلیکترۆنی بۆ جۆرەها خولی پسپۆڕی بۆ کادیارانی فەراهەم دەکات .
پارتی وەکو پرەنسیپ ، دوای ٧٦ساڵ تەمەن بەردەوامی بە ڕؤڵی خۆی دەدات وەکو دامەزراوەیەکی گرنگی پەروەردەیی و هۆشیارکردنەوە ، چونکە لە ململانێی سیاسی سەردەمدا ئەگەر کارامەیی کاراکتەرە حزبییەکان ، باڵانسی هێزی جەماوەر بگۆڕن ، ئێمە لەو ڕکابەرییەدا مەبەستمانە لە‌ یەکەمەکان بین .

ھەواڵی زیاتر