١٦ی ئاب ، یادێكی مێژوویی پڕ لە‌ سە‌روە‌ری …

بێستون مەسعود ساڵەیی

یادی دامەزراندنی ئەمساڵی پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازترە لەیادەکانی پێشووتر. پارتی و کوردستان و عێراق بە قۆناغێکی جیاوازدا گوزەر دەکەن، بەگشتی بارودۆخەکان لە عێراق بە جۆرێکن خۆسازی و ئامادەسازی بۆ هەر گۆڕانکاری و پێشهاتێکی لەناکاو بە پێویست دەزانرێ، بە تایبەت بۆ حزبێک کە بەتەمەنترین حزبە لە عێراق و ناوچەکەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە تا
دەگات بە ئەمڕۆ بەهێزترین و کاریگەرترین لایەنی سیاسیی ناو گۆڕەپانی عێراقی و کوردستانی بووە و لە هەر بارودۆخ و هەر هەنگاوێکدا قسەی خۆی، دروشم و بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی هەبووە، بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی و بۆ بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان نە ماندوو دەبێت نە هێزی نیوەڕێگەش بووە، بەڵکو تا دوایین نەفەسی بەرگریکردن لە خواست و ئامانجەکانی لە پێناو
مافی هاووڵاتیان و نیشتمان دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدایادی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان
دەکەینەوە کە پارتی لە سەروبەندی خۆئامادەکردنیەتی بۆ بەستنی چواردەهەمین کۆنگرەی خۆی، لەمیادە پڕشکۆیەدا حزب بەرەو نوێبوونەوەو گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئۆرگان و بەرنامەی ئەمڕۆ و داهاتووی خۆی هەنگاو دەنێت.
پارتی یەکەمین و فراوانترین حزبی عێراق و کوردستانە، ئەمەش پێمان دەڵێت ئەرک و بەرپرسیاریەتی لە ناو پارتیدا لە کوردتان و عێراقدا بە بەراورد بە لایەنەکانی تر قورستر و بەرپرسیارانەترە، بۆیە هێنانە پێشەوەی تواناو هێزی نوێ بە تێکەڵکردن لە گەڵ کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزموون لە ناو ڕێکخستنەکانیدا بە کارێکی
پێویست دەزانرێت.
بەهێزی پارتی لەڕێباز و قوتابخانەکەیدایە، قوتابخانەیەکە
مرۆڤ تێیدا فێری ڕەوەشت و ئاکاری جوان و نیشتمانپەروەری و خواناسی و مرۆڤدۆستی دەبێت، گەورەیی و بەهێزی پارتی لەوەدا بەدی دەکرێت کە خاوەنی جنراڵی سەددەی وەکو مستەفای بارزانیی نەمر و مرۆڤێکی کارێزماو سەرۆک و مەرجەعێکی باڵای وەک مەسعود بارزانیە کە ئومێدی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەرە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، گەورەیی و بەهێزی پارتی لەوەدا دەبینین کە لە ماڵێکی کوردی نیشتەجێی قەفقاز و ئەرمینیا و لە ئامەدو مهابادو قامیشلوو وێنەی باوکی نەتەوەیی و رۆحیان (مستەفا بارزانی)نەمر لە کونجێکی دیواری ماڵەکانیاندا هەڵواسراوە.
پارتی لە مێژووی دروستبوونیدا بە کۆمەڵێک هەورازو نشێودا
تێپەڕیوە، بۆ هەر قۆناغێکی خەبات خاوەنی ستراتیژ و بڕیاری حەکیمانەی خۆی بووە، لە وێستگە جیاوازەکانی تەمەنیدا خەباتکردنی بە بێ باجدان نەبووەو لە پێناو نیشتمان و پرسی ڕاستەقینەی کورددا قوربانیی زۆری بەخشیوە، لە هیچ سەردەم و وێستگەیەکدا پارتی سازشی لەیەک بست خاکی کوردستان و ماف و پرسی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەر ئەوشە کە لای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و کوردانی پارچەکانی دیکە بووەتە جێگەی ئومێد و بڕوا.
لە فەرهەنگی پارتیدا کوردستان نیشتیمانی هەموو پێکهاتەو
ئایینەکانە، ئێستا و ئایندە موڵکی هەمووانە، وەکویەک لە ماف و ئەرکدا یەکسانین و بەو ڕەنگە جیاوازانەی کە هەن پێکەوە
خاوەنی نیشتمانێکی پڕ لەڕەنگ و دەنگی جیاوازی جوانین.

ھەواڵی زیاتر