د.ئاريانا ئيبراهيم *
پەرەسەندنە خێراكان لە بواری پەیوەندی و تەكنەلۆجیای زانیارییەكان، ئەم بوارەی كە لە سەرەتای هەزارەی سێیەمەوە كاریگەریی ڕیشەیی و قووڵی خستۆتە سەر سەرجەم لایەنە جیاوازە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازییەكانی ژیانی مرۆڤایەتی و بەردەوامیشە، زۆرێك بە كلیلی چوون بۆ ئایندەی دادەنێن و، خاوەنی جڵەوی هێز و پەرەسەندن و
نوێكارییە لە جیهانێكی گۆڕاودا.
رەنگە گرینگترین شت كە ئەم شۆڕشە جیا دەكاتەوە كە جیهانی ئەمڕۆ لە بواری پەیوەندی و تەكنەلۆجیای زانیارییەكان بەخۆوەی دەبینێ، ئەو خێراییە گەورەیەیە كە لە گۆڕانكاری و وەرچەرخانەكانیدا دەیبینێ. هەروەك هۆكارەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دەرفەتی بۆ هەمووان رەخساندووە بیروبۆچوون و گەنگەشەی كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیان و ئەوەی ئارەزوو دەكەن بیگوازنەوە پەخش بكەن، بەوەش سنوورە سروشتییەكان بەرەو فەزایەكی نوێ كە هیچ چاودێرێكی نییە تێدەپەڕێنن، بەڵكوو ئەم پەیوەندییە ئاكامی كاریگەری لە رەفتاری مرۆیی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری تا ئاستێك هەیە، كە بووەتە یەكێك لە گرینگترین فاكتەرەكانی گۆڕینی سیاسی ئەوەش بە هۆی ئەو خێراییەی لە گەیاندنی ڕا و ڕای ئەویتر دەیڕەخسێنێ دوور لە هۆكارە كلاسیكییەكانی پێشوو، ئەو رۆڵە گرینگەی هۆكارەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی گێڕاویانە و هێشتاش دەیگێڕن لە میانەی جۆرەكانی پەیوەندیی نوێی جەماوەری كە لەگەڵ خۆیدا هێنای و كاریگەریی لە دروستكردنی ڕای گشتی و دیاریكردنی ئاراستەكانیدا لەسەر حیسابی ئەو رۆڵەی هۆكارە كلاسیكییەكانی راگەیاندن (تهقليدى-خوێنراو و بیستراو و بینراو) دەیانگێڕا و، توێژی گەنج و لاوەكان توانیان هۆكارەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بگۆڕن بۆ سەكۆی وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەكان بۆ خوڵقاندنی فەزایەكی گشتیی ئازاد لەو كۆتوبەندانەی بەسەر بەرهەمی میدیاییدا سەپێنرابوو یان بە دەربڕینێكی تر كۆتاییهێنان بە ئەركی ئەو (پاسەوانی دەرگەوان)ەی هۆكارەكانی راگەیاندنی كلاسیكی پێی هەڵدەستان، سەری كێشا بۆ پووكانەوەی پەراوێزەكانی گفتوگۆی سیاسی لە هۆكارەكانی راگەیاندنی كلاسیكی و ئەوەی بووە هۆی بێهیوابوونی شەقام، ڕۆڵی سەرەكی لە ئاراستەكردنی جەماوەر بەرەو ئەو شتانەی ئەم هۆكارانە وەك سەرچاوەیەكی هەواڵ پێشكەشی دەكەن كە وەك رووبەڕێك بۆ گوزارشتكردن لە گرفت و خەمەكانی توێژە پەراوێزخراوەكان سەیری دەكرێت، وە وەك بەشێكی جیانەبۆوە لە ئامرازەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و وەك هێمایەك بۆ پێشكەوتنی مرۆڤایەتی بە هۆی پیادەكردنی قەڵەمبازی تەكنەلۆجی و شۆڕشی ژمارەیی بۆ
تێركردنی پێویستیی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی.
لێرەوە رۆڵ لە چۆنیەتیی سەركردایەتیكردنی بیر و ڕا لە سایەی هۆكارە نوێیە بڵاوەكانی پەیوەندیی ئەمڕۆوە دەگۆڕێت، نوێ لێرەدا ئەو تەكنیكە زانستییە هاوچەرخانەی ئەم دیاردەیە و چۆنیەتیی زاڵبوون بەسەریدایە لە میانەی لێكۆڵینەوەی سەرجەم رەهەند و لایەنەكانی، كەوا دەكرێ ئەم ماڵپەڕانە بەكار بهێنرێن لە بەشداریپێكردنی شارەزاییەكانی نێوان ئەو كەسانەی هەمان بایەخپێدانەكان كۆیان دەكاتەوە. هەروەك دەكرێ سوود وەربگیرێت لە سەكۆكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لە بڵاوكردنەوەی هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوەی تایبەت بە هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە بە گرفت و كێشە جیاوازەكان لە هەموو بوارەكان بەتایبەتی سیاسییەكان.
هەروەك یارمەتیدەرە لە گواستنەوەی بیر و بۆچوونەكانی پەیوەست بە بابەتێكی دیاریكراو بۆ ژمارەیەكی زۆر لە كەسەكان و بەڕێگایەكی ئاسان، ئەوەش لە هەر شوێن و لە هەر كاتێك، هەروەك خاسیەتی بەشداریی ڕای ڕەخساو لەسەر هۆكارەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی یارمەتیدەرە لە كردنەوەی دەرگاكان بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەكان و فراوانكردنی دەرفەتەكانی بەشداربوون لە دەربڕینی بۆچوونەكان، ئەوەش بە هۆی دابینكردنی ئەو كارلێكە فراوانەی نێوان كۆمەڵەكان و هۆكارێك بۆ دروستكردنی ڕایەكی گشتیی پاڵپشتی هەندێ دۆز و كێشە، ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەرێنی لە هەندێ لایەنی ژیان. ئاسانی و خێراییی پەیوەندی یارمەتیدەرە لەوەی كەسەكە چاوەڕێی هەواڵەكان لەسەر شاشەی تیڤی یان چاوەڕێی گەیشتنی رۆژنامە نەكات ، بە جۆرێك لە میانەی هۆكارەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتییەوە دەتوانێ دوا هەواڵ و زانیاری بزانێت بە رێگایەكی ئاسانتر و خەرجییەكی كەمتر. ئەم پەرەسەندنە ئاڵۆزە بە شێوەیەكی لەناكاو رەنگی دایەوە بەسەر سەرپەرشتیار یان كارایانی ژیانی سیاسی بە جۆرێك چاودێری بەسەریاندا شكایەوە و، وای لێ هات حكوومەتەكان كەوتنە خودسانسۆریی جووڵە و رەفتارەكانیان، ئەوەش تێگەیشتنی راستەقینە بۆ دەسەڵات دەگێڕێتەوە كە بنچینەی حوكم لە گەل وەرگیراوە و هەر بۆ گەلیشە. ئەوەش بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا رۆڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (سوشيهڵ ميديا) دەسەلمێنێ بەوەی تا رادەیەكی زۆر بەشدارییان كردووە لە تەیاركردنی سیاسی و گەڵاڵەكردنی رووداوەكانی كۆمەڵگە.