شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی*
تەلەفزیۆن كەمەركێش و بیركێشی مرۆڤە بە هەردوو دیوەکەیدا واتە ئەرێنی و نەرێنی، لەوەشدا تەنها دانیشتن و كۆكردنەوەی بیردانمان لە خاڵێكدا بەس نییە كە كاتێكی بێشومار لەمەڕ سەیركردنی درامایەك یا فیلم و بەرنامەیەك و چی و چی بەسەر ببەین.
هەموو ئەمانە وایكردووە چ جای تەمبەڵبوونی مێشك و جەستەمان، لەتەكدا پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیشمان بەرەو هەڵدێڕی كاڵبوونەوە هەنگاو هەڵبگرێ.
سەرقاڵبوون بە سەیركردنی بەردەوامی تەلەفزیۆن و خۆ خەریك بوونمان بە ئەتاری و فەیس بووك و شتەكانی دیكە، هەموو ئەمانە بوونەتە ئاریشە و لەمپەر كە خێزانەكانمان نەتوانن لە ماوەی یەك هەفتەدا بە تێروتەسەلی بۆ یەك ڕۆژ قسە لەگەڵ یەك بكەن. مرۆڤ خودی خۆی داهێنەرە بۆ ئەو شتانەی دایهێناون، لەوەشدا هەر خۆی دەتوانێ بەو شتانە ئاڵودەبێ یاخود بە بارێكی ماقوڵ و ناماقووڵ ئاراستەیان بكات. چونكە تەلەفزیۆن نموونەی هیچ یارییەك نییە و بەهیچ یارییەك بەراورد ناكرێ، كاریگەرییەكانیشی ئەوەندە بەهێزە، بیروهۆش و سەرنجی مرۆڤ پەلكێشی جیهانێكی ئەوتۆو نقومی دەریایەكی بێ سنوورو یاسایەكی تۆكمەی دەكات كەتەنها لەبازنەی خولانەوەدا دەمی خۆی دابخات و سەیری شتەكان بكات و ببێتە گوێگرێكی باش، نەك قسەكەر.
ئەوەتا كاتێك تەماشای فیلمێ، ئەڵقەیێ، درامایەك دەكات، بەنج و ئالوودەی خەیاڵ و ئەندێشە و دنیایەكی پانوپۆڕی دەكات كە بەو هۆیەوە بەرنامە و شتەكانی خۆی فەرامۆش بكات، لەوانە كەمكردنەوەی سەردان یان وازهێنان لە سەردانیكردنی یەكدی و خەمی گەورەیشی چاوەڕوانی و بەسەربردن و بەڕێكردنی كاتە بۆ هاتنەوەی ئەڵقەیەكی تازە و نوێ. هاوڕێیەكەم وتی: لە كەناڵێكی ئاسمانی ئەڵقەیەكی نیشان دەدا، ئێوارەیەكیان براكەم تەلەفۆنی كرد وتی: لەماڵەوەی؟ وتم: بەڵێ. . وتی: كارەباتان هەیە؟
وتم: بەڵێ.. وتی: ئێمە كارەبامان نیە چونكە موەلیدەی گەڕەكەكەمان تێك چووە ئەمشەو پێیان چاك ناكرێتەوە بۆیە نەختێكی تر دێینە ماڵتان.
ئەوەندەی وت و تەلەفۆنەكەی داخست، بە تەكسییەك بە خۆ و خێزانەوە دوای بیست خولەك هاتنە پێش
دەرگای ماڵمان و بۆ ژوورەوە هەڵكشان.
براكەم لەجێوە دەستی بۆ كۆنترۆڵی تەلەفزیۆنەكە برد و لەم كەناڵ بۆ ئەو كەناڵ، دواجار لەسەر ئەو كەناڵەی ڕاگرت كە خۆی و خێزانی دەیانویست سەیری بكەن.
ئەوەی لەوانم بینی تا ئەڵقەكە تەواو بوو چاویان لەسەر شاشەكە بوو، نقەیان لێوە نەدەهات و بەهەموو دوو قسەیان نەكرد، لەوەشدا كە ئەڵقەكە تەواو بوو یەكسەر هەستان، وتیان: دەڕۆینەوە. كە وتم: ئەوە كەی هاتن؟ وتی: خۆت مشەوەش مەكە، ئێمە تەنها بۆ ئەوە هاتبووین سەیری ئەو ئەڵقەیە بكەین، ئەوە سەیرمان كرد و ماڵتان ئاوابێ.
لەوەوە تێگەیشتم هاتنیان بە مەبەستی سەردانیكردن نەبوو، بەڵكو هاتبوون تا ئەڵقەیەكی تازەی ئەو كەناڵە ببینن و لەدەستی نەدەن.
زانایان لە بەدواداچوونێكدا بەو ئەنجامە گەیشتن كە ڕەنگ و ڕووناكی تەلەفزیۆن گۆڕانێكی ئەوەندە خێرا دروست دەكات كە كاریگەری لەسەر بیرو هزری مرۆڤ بەجێ بێڵێ، چونكە دەیخاتە بارو دۆخێكەوە، وای لێ دەكات بە پەرۆشەوە سەیری بكات.
لە شەستەكانی سەدەی رابردوو تا دوای سەرەتایی دوو هەزارەكان لە عێراق دا چەند كەناڵێكی لۆكاڵی هەبوون جگە لە رۆژانی هەینی كە تەواوی ئەو رۆژە تەلەفزیۆن هەبوو، وەلێ رۆژەكانی تر لە كاتژمێر پێنجی ئێوارە تا دوازدەی شەو ئەوەی هەبوایە لە ماوەی منداڵان و بەرنامەی تایبەت و گۆرانی و تەمسیلی و فیلمی سینەمایی، لەو ماوەیەدا نیشان دەدراو كۆتایی پێ دەهات، ئەمەش وایكردبوو ئەو خەڵكە خەوێكی خۆش بخەوێ چونكە شەو بۆ خەوتنە، نەك مانەوە بە دیار تەماشاكردنی تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و مۆبایل و نەخەوتن.
ئەگەر بمانەوێ شوێنەوار و كاریگەریەكانی تەلەفزیۆن بۆ منداڵ لەچەند خاڵێك چڕ بكەینەوە، دەبینین: یەكەم: لاوازی بینین و كزبوونی چاو لەڕێی ئەو تیشكانەی لەشاشەكەوە دەردەچێ، بەتایبەت ئەوانەی زۆر لێی نزیك دەبنەوە كە بەلای كەمەوە دەبێ دووری نێوان منداڵ و تەلەفزیۆن دوو مەتر بێت، هەر لەم ڕووەوە خەڵكانێك بەهۆی زۆر نزیك بوونەوەیان لە تەلەفزیۆن و كاریگەری ئەو تیشكانە، كاتێ چوونەتە سەردانی دكتۆر و پشكنینیان بۆ كراوە، پێیان وتراوە چاوت كز بووە دەبێ چاویلكە ببەستی.
دووەم: تەلەفزیۆن بەجۆرێ منداڵ لەقالب دەدا كە ببێتە كەسێكی گوێگر و نەبێتە قسەكەرێكی باش، بەمەیش منداڵێكی زیرەك و تواناداری لێ بەرهەم نایەت بتوانێ بەقسەكردن گوزارشت لە ناخی دڵ و دەروونی خۆی بكات.
بۆیە سەیركردنی تەلەفزیۆن زیاد لە دوو كاتژمێر وا دەكات خووی پێوە بگرێ، ئەمەش وا لە قوتابی دەكات لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە لەتێكەڵبوونی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی و هاوڕێكانی دوور بكەوێتەوە.
سێیەم: نانخواردنی بەدیار تەماشاكردنی تەلەفزیۆنەوە وادەكات منداڵ قەڵەوبێ، چونكە حەزی سەیركردن لە لایدا بێئاگایی دروست دەكات بێ ئەوەی هەست بكات كە ئەوە كاتی نانخواردنە نەك سەیركردنی تەلەفزیۆن، كەچی خواردنی بەدەستەوەیەوە بەتایبەت ئەو خواردنانەی بڕێكی زۆر لە چەوری و شیرینیان تێدایە، نموونەی ئەومنداڵانەیش زۆرن كە بۆ ماوەیەكی زۆر خواردنیان بەدەستەوەیە یان بەدەم تەماشاكردنەوە لەسەر نانخواردن بەردەوامن.
چوارەم: تەلەفزیۆن ئەگەر ڕوویەكی ئەرێنی هەبێت، ئەوە ڕووی نەرێنی گەلێ زۆرە، هەندێ شت تێدا پیشان دەدرێ جگە لەكاتكوشتن و سەرقاڵكردنی منداڵ هیچی تر نییە، بۆیە ئەوانەی قوتابین، ئەگەر بەرنامەڕێژیان بۆ نەكرێ و كاتێكی دیاریكراویان بۆ تەرخان نەكرێ، بێگومان لە پرۆسەی خوێندن دادەبڕێن نەخاسمە ئەوانەی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەدیار تەلەفزیۆنەوە دادەنیشن، لەوەش خراپتر ئەوەیە دایك و باوك منداڵ لەتەك خۆی دانێ و هیچ پەرچەكردارێكی لەهەمبەر نەبێ بەتایبەت ماوەی ئەو فلیمانەی دوو سێ سەعاتن و لەگەڵ تەمەنی منداڵ ناگونجێن كە دەكرێ لەجیاتی ئەو حاڵەتە نەخوازراوە، حەزو ئارەزووی چیڕۆك خوێندنەوەی لەلا فەراهەم بكرێ كە دوور لە هەر ژاوەژاو و بێزارییەك، لەداهاتوودا كەسێكی هێمن و ئارامی لێ دەرچێت.
پێنجەم: بوونی تەلەفزیۆن لە ژووری تایبەت بۆ منداڵ خراپ نییە ئەگەر چاودێری بكرێ و پشتگوێ نەخرێت،وە بەپێچەوانەوە كاریگەری خراپی بەدوادا دێنێ، چونكە منداڵ حەز دەكات هەموو كەناڵەكان بگۆڕێ، بەهەموو كەناڵەكان ئاشنابێ و سەیری هەمووكەنالەكان بكات كە لەم نێوەندە كاتێ شتێك سەرنجی رادەكێشێ، لەسەری دەوەستێ و سەیری دەكات وەك ئەو فیلم و كارتۆنانەی لەخانەی پێكەنینەوە نمایش دەكرێن كەچی لەبنچینەدا بەرگی تووڕەیی و شەڕانگێزیی و توندوتیژی بەباڵای منداڵ دەكەن كە لەژیانی رۆژانەی دا حەز بە لاسایكردنەوەی بكەن، ئەوەتا هەموومان ئاشنای ئەو بەسەرهاتەین چۆن لەوڵاتی هیندستان منداڵێك بەهۆی بینینی فلیمێكەوە كە پاڵەوانی فیلمەكە پیاوێكی زۆردار دێنێ و بەپەتێكەوە لە ئاسنی شەمەندەفەری دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی بەچاوەكانی خۆی بیبینێ چۆن شەمەندەفەر دێ و بەسەر لاشەی دەكەوێت، ئەوە منداڵەكە لەلاسایی كردنەوەی ئەو فلیمەدا بەناوی یاریكردن و لاساییكردنەوەی ئەو فیلمە كە خۆشكێكی بچووكی هەبوو، دەیهێنێ و دەیباتە نزیكترین هێڵی شەمەندەفەر و بەپەتێك خوشكەكەی لە ئاسنەكە دەبەستێتەوە بەڵام خوشكەكەی هەر بە ڕاستی شەمەندەفەر دێ و بەسەر دەكەوێت.
تەنانەت ئەو تاوانانەی لەم رۆژگارە لێرەو لەوێ دووبارە
دەبێتەوە، بەشێكی زۆریان بەرهەمی ئەو فلیمانەن كە خەڵك فێری دزی- درۆ- پیاوكوشتن و. . . هتد دەكەن.
جاران ئەگەر كەسێك بمردایە،خەڵكی گەڕەك و شار، بەگوندەكانیشەوە تەلەفزیۆنیان بۆ سێ رۆژ تا هەفتەیەك دەكوژاندنەوە بۆ رێزگرتن لەو مردووە، كەواتە دەكرێ بۆ رێزگرتنی میوان تەلەفزیۆنەكەت بكۆژێنیەوە چونكە جاری وا هەیە ئەوەندەی خاوەن ماڵ سەیری تەلەفزیۆن دەكات، میوان لەجێوە هەست بەغەریبی خۆی دەكات و زوو لەو شوێنە هەڵدەستێ.
دەبا هەوڵەكانمان چڕ بكەینەوە بۆ كەمترین وادە تا لەو ڕێیەوەهەوڵبدەین هەفتەی ڕۆژێكی تەواو تەماشای تەلەفزیۆن نەكەین و تەواوی ئەندامانی خێزانەكانمان لە دەوری خوانی پێكەوەژیان و بەختەوەری كۆ بكەینەوە تا بتوانین بەڕاستی ڕووی ڕاستەقینەی بزە و زەردەخەنەی ڕاستەقینە نیشانی یەك بدەین و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین لەپێناو توندوتۆڵكردنی پەیوەندیەكانی و پاراستنی ئاسایشی خێزان، ئەمەیش هێندە زەحمەت نیە كە ئەگەر ویست و ئیرادەمان بۆی بەهێز بێ، دەتوانین ئەو بڕیارە بدەین و لێی پاشگەز نەبینەوە، بەهیوای خێزانێكی
بەختەوەر.
- سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی
تەقتەق