پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ھە‌ندێك لە‌ ئادابی خە‌وتن لە‌ ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

گەربمەوێ باسی گرنگیی خەو بکەم بەتایبەتی زووخەوتنی شەوان، دەبێ گوڵخەرمانەکە نامیلکەیەک بێت نەک چەند دێڕ و وشەیەک کە سنووریان لە ڕووی ژمارەوە بۆ دیاری کراوە، لێ هەرچی بێژم و بنووسم و نووسرابێت لەوە جوانترمان بۆ نایەتە پێش چاو کە خوا گیان لە نۆیەم ئایەتی سوورەتی (النبأ)دا باس لە یەکێک لە کارە پڕ لە موجیزەکانی خۆی دەکا و، دەفەرمێت: (ئێمە خەومان بۆ کردوونەتە هۆکاری حەوانەوە و ئارامی و پشوودان و ئاسوودەیی و، هتد)؛ بێگومان لەم جیهانە جەنجاڵە پڕ لەلاسایی و تەکنۆلۆجیا بێسنوورە کات لەناوبەرەی ئێستاماندا، شێرازەی زۆربەی شتەکان تێک چووە و لە پێشدا ئێمەی بە ناو گەورەکان و بەرپرسی خانەوادەکانمان دەبێ کۆدەتای بەرەو ڕاستبوونەوە بەسەر خۆماندا بکەین تا ڕوومان بێت بە وەچە و نەوە و دەورو بەرەکانمان بڵێین چۆن باشە، هەربۆیە لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆمدا من چەند دەقێکی پیرۆزی ئایینی وەبیر دێنمەوە نەک بچمە قووڵایی بابەتەکە لە ڕووی زانستی و تەندروستییەوە کە لێی نازانم و تەنها دەخوێنمەوە.
ئەوشەو و ڕۆژە نیشانەی میهرەبانیی خوان!
لە حەفتاوسێهەمین ئایەتی سورەتی (القصص)دا دەفەرمێت: (لە
میانەی میهرەبانییەکانی خوایە بۆتان کە شەو و ڕۆژی بۆ ئافراندوون، تا تیایاندا بحەوێنەوە و دابمرکێن و و لە دووی پەیداکردنی بژێوی و زێدەبەخششی خوا ئەوداڵ بن. سا بەڵکو لەو دەرەنجامەیشدا سپاسگوزاری نیعمەتەکانی خوا ببن) .
چەند بیرهێنانەوەیەک دەربارەی خەوتن:
١. بەر لە خەوتن تارەت و دەستنوێژهەڵگرتن.
۲. لەسەر لای ڕاست پاڵکەوتن و بەر لە هەڵاژیان و ڕاکشان بۆ خەو،
بڵێیت: (ئەی خوایە من ڕووم کردە تۆ و کارەکانمم بە تۆ سپارد و پشتم بە تۆ بەست هەم حەزم لەوەیە نزیکی تۆ بم و هەمیش لێت دەترسم، پشت و پەنا لەدەست تۆ نیە بۆ لای تۆ نەبێت، ئەی خوایە من بڕوام هێناوە بەو پەیامەی ناردووتە خوارەوە و بەو پەیامگەیێنەیش کە ناردووتە)، پاشان خوێندنی ویردەکان وەک (ئایەتەلکورسی و سوورەتی کافرون و ئیخلاس و فەلەق و ناس سێ جار و دوو ئایەتەکەی کۆتاییی سوورەتی بەقەرە).
٣. دەست بخەیتە ژێر ڕوومەتی ڕاست .
٤. کوژاندنەوەی ئاگر گەر لەناو ماڵدا هەبێت.
٥. کەڵەمە و کێلۆدانی دەرگا.
٦. لەسەر دەم پاڵنەکەوتن.
٧. لەدوای هەستان لەخەو شۆردنی دەستوپل و دەم و کەپوو.
یەکێک لە کارە گرنگەکان زووخەوتنە لە شەواندا و تەنانەت گەر
کەسێک بیەوێت هەموو شەو بەئاگا بێت قورئان بخوێنێ یان شەونوێژ بکات پێی دەگوترێت نابێ ئەو کارە بکەیت و بگرە کەمێکی بۆت هەیە ئەو پەرستنەی تێدا بکەیت، ئەوەتا دەبینین لە ڕێنماییە بەرزە خواییەکان لە قورئاندا بۆ پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – ئەوەیە کە لە ئایەتی حەفتا و نۆی سورەتی(ئیسرا)دا دەفەرمێت: (لە هەندێک لە شەودا هەستە شەونوێژ بکە بۆ خوا، کە ئەو شەونوێژکردنەی تۆ زیادە دەستکەوت و خێرێکە بۆ تۆ هیوات وا بێت سا بەڵکو بەهۆی ئەو کارەتەوە خوا بتگەیێنێت بە پلە و پایەیەکی ڕێزلێگیراوی تایبەت و فرە شایانی سپاس).
دواوشە: گەرچی من لێرەدا هەر گلە و گازندەیەکم هەبێت لە نەوە و
وەچەی نوێ کە کافتریا و شوێن نێرگەلەکێشان و شەوانە بە فیڕۆدان بۆتە سیمای ژیانیان و تا بەیانی بە هیچەوە سەرقاڵبوون بۆتە سیمای ژیانیان، لە پێشدا کات بەفیڕۆدانەکە ڕووی خۆم دەگرێتەوە و وەک لە دوایین گوتاری ڕۆژی هەینیمدا لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا لە ٥ی ئەم مانگە ئاماژەم پێ کرد ئێمە بەرلەوەی بە منداڵەکانمان بڵێین زوو بخەون ئەرکە خۆمان بە کردەوە جێبەجێمان کردبێت، نەک بەوان بڵێین زووخەوتن چاکە و تا درەنگانێکی دەمەوبەیان خۆمان بەدیار سۆشیال میدیا بە حەڵاڵ و بە حەرامەوە بین.