سیامند سێلکی
لەسه‌ره‌تای پایزی (1975) حکوومه‌تی به‌عس به‌و هیوایه‌ی که بۆ هه‌تاهه‌تایه کوتایی به بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بێنێت. پرۆسه‌ی وێرانکردن و به سوتماککردنی خاکی کوردستانی ده‌ست پێ کرد. به‌حوکمی ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو بارزان لانکه‌ی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی ئازادیخوازانه بووه و، ڕێبازی بارزانیی نه‌مریش وه‌کو قوتابخانه‌ی کوردایه‌تی ڕابه‌رایه‌تیی بزۆتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستانی کردووه. به‌عس یه‌که‌م قۆناغی ئه‌و پرۆسه وه‌حشیگه‌ریه‌ی له ده‌ڤه‌ری بارزان خسته واری جێبه‌جێکردنه‌وه. دوای نسکۆی شۆڕشی ئه‌یلوول و له‌سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌که‌می (1975)دا سوپای به‌عس هه‌موو ناوچه‌ی بارزانی داگیر کرد. ده‌سه‌لاتی سه‌ربازی له‌ناوچه‌که‌دا ڕاگه‌یاند و، ده‌ستی کرد به‌گرتن و ئازاردانی خەڵكی ناوچه‌که. هه‌ر ئه‌و کات پروسه‌ی هۆڤانه‌ی وێرانکردنی گۆنده‌کان و ڕاگواستنی خەڵكه‌که جێبه‌جێ کرا.
له‌قۆناغی یه‌که‌می ئه‌و پرۆسه به‌دناوه‌دا هه‌موو گونده‌کانی به‌ری نزار و به‌ڕۆژ له‌گه‌ل گونده‌کانی وڵاتی ژێری و گۆنده‌کانی هه‌رکی بنه‌جی وێرانکران و خەڵكه‌که‌شیان بۆ بیابانه‌کانی باشووری ئێراق ڕاگوێزران. سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی قڕکردنی یه‌کجاره‌کی بارزانیه‌کان لێره‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. بارزانیه‌کان له‌ده‌وروبه‌ری دیوانیه و دوور له شوێنه ئاوه‌دانیه‌کان جێگیر کران. نه ئاوی خواردنه‌وه و نه هیچ پیداویستیه‌کی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م نه‌کرابوو. به‌و هۆیه‌وه ڕۆژانه ده‌یان منداڵ و پیر و گه‌نج به برسیتی و تێنوێتی و بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه ترسناکه‌کان گیانیان له‌ده‌ست دا و، هیچ که‌س و لایه‌نێکی به‌هانایانه‌وه نه‌چوو. ئه‌م دۆخه دژۆاره هه‌تا ساڵی (1980) به‌رده‌وام بوو.
تا ساڵی (١٩٧٨)زیاتر لە (200) گوندی دەڤەری بارزان ئاوەدان مابوونەوە و لە ژێر کونترۆڵی توندی سوپای بەعس و ده‌سه‌لاتی سه‌ربازیدا بوون، که بریتی بوون له گونده‌کانی مزۆری باڵا و شێروانی و دۆڵه‌مه‌ڕی و گه‌ردی. ڕۆژانە خەڵکی بێ تاوانیان دەخستە نێو زیندانەکان و ئازار و ئەشکەنجەیان ئەدان. لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەو ساڵەدا ئەو گوندانەش کەوتنە بەر شاڵاوی وێرانکردن و خەڵکەکەشیان گواستەوە بو کۆمەڵگا زورەملێکانی دیانا، هەریر، بەحرکە.
لە سه‌ره‌تای ساڵی (١٩٨٠)دا سەدام خۆی بۆ جەنگێکی خوێناوی لەگەڵ ئێران ئامادە دەکرد. ئەو کات شۆڕشی گوڵان بەسەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بەشێوەیەکی فراون لە هەموو ناوچەکانی کوردستان چالاکیی شۆڕشگێریان دژی هێزەکانی سەدام ئەنجام دەدا. ئه‌م واقعه سەدامی ناچار کرد بەڕواڵەت سیاسەتی سەرکوتکارانەی خۆی تاڕادەیەک بەرامبەر کورد بگۆڕێت و له هه‌ندێ ڕووه‌وه نەرمی بنوێنێت. ئامانجیش لەمەدا ئەوە بوو بتوانێت پشتیوانیی کورد بۆ شەڕی ئێران لە لایەک و بەرەنگاربوونەوەی شوڕشی گوڵان لەلایەکی دیکەوە بەدەست بێنێ. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە تەکتیکیەدا لە (٢٤) نیسانی (١٩٨٠)دا و بە بڕیارێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعس، ئەو بارزانیانەی کە بۆ باشووری ئێراق ڕاگوێزرابوون، دووبارە گەڕێنرانەوە بۆ کوردستان و لە کۆمەڵگاکانی قوشتەپەی باشووری هەولێر جێگیر کران. ئامانجی سەدام لەو هەنگاوە تاکتیکیەدا ئەوە بوو قەناعەت بەبارزانیەکان بێنێت کە لە کاتی پێویستدا چەک بۆ ڕژێمه‌که‌ی هەڵگرن و دژی شۆڕشی گوڵان بەکاریان بێنێ. لەو ماوەیەدا بۆ چەندین جار سەدام و کاربەدەستانی بەرزی بەعس داوایان لە بارزانیەکان کرد کە چەک هەڵگرن و بەرگری لە ڕژێمەکەی بکەن، هەر لەم چوارچێوەیەدا هاوینی (١٩٨١) سەدام بەسەردانێکی کتوپر گەیشتە كۆمەڵگای هەریر،ئەو کات ڕانکوچوغەلێکی کوردی لەبەردا بوو، جامانەیەکی سووریشی لەسەر نابوو! چەند کەسێکی بارزانی بەجامانەی سوورەوە لێی نزیک بوونەوە، سەدام ڕوی لەو بارزانیانە کرد و دەستی بو جامانەکەی خۆی برد و گوتی: (خراپکارییەکانی مەلامستەفا کۆتایی پێ هات و ئێوەش عێراقین و منیش بارزانیم و وەکو ئێوه و جامانەی سوورم لەسەر ناوە، هەموومان پێکەوە عێراق دەپاریزین! پاشان گوتی: پێم بڵێن ئایا ئێوە لێرە بە بەختەوەری دەژین و خۆشحاڵن؟! هەر کێشەیەکتان هەبێ بۆتان جێبەجێ دەکەین.
سەدام پێی وابوو بەو سەردانەو بەو قسانە دەتوانێت سۆزی بارزانیەکان بۆ خۆی ڕاکێشێ. بێگومان بارزانیەکان باش ئه‌و ڕاستییه‌یان ده‌زانی که ڕەدکردنەوەی ئەم داوایەی سەدام زۆر گران لەسەریان تەواو دەبێت. بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی فکری و عه‌قائیدی بارزانیه‌کاندا چەکهەڵگرتن بۆ داگیرکەرانی کوردستان هێڵی سووره و ته‌حریم کراوه. بارزانیەکان هەموو جۆرە هاوکاریکردنێکیان لەگەل سەدام ڕەد کردەوە و ئاماده نه‌بوون له‌پێناو مانه‌وه له‌ژیانی ژێر ده‌ستیدا ده‌ست له‌و به‌هابه‌رزانه هەڵگرن که كۆمەڵگای بارزانیه‌کان پێی په‌روه‌رده کراوه و بنیات نراوه. بێگومان ئەمە هەڵوێستێکی بەرزی نەتەوەیی و پر لە سەرفەرازی بوو بارزانیەکان نواندیان، ئەوان لەو هەلومەرجە دژوارەدا لە پێناو پابەندبوون بەو پرەنسیبانەی کە لە هزری ئازادیخوازی و وڵاتپارێزیی بارزانیەکاندا هەیە و هەر تاکێکی بارزانی پێی پەروەردە کراوە مردنێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانەیان هەڵبژارد و ئامادە نەبوون تەسلیم بە ئیرادەی دوژمنانی کورد ببن. بۆیه کاتێک سەدام گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که هەموو هەوڵەکانی بۆ قەناعەتپێکردنی بارزانیەکان بێسوود و بێ ئه‌نجامن و ئەوان خەڵکانێک نین لەپێناو پارەدا شەرەف و کەرامەتی خۆیان بفرۆشن، بریاری قڕکردن و جینوسایدکردنی یەکجارەکیی بارزانیەکانی دەر کرد و لە سێ قۆناغی جیاوازدا ئەو بڕیارە لەلایان هێزەکانی گاردی كۆماریی سەدامەوە جێبەجێ کرا.
قۆناغی یەکەم لە (٣١)تەممووزی(١٩٨٣)دا، ئەو بارزانیانەی گرتەوە کە لە باشووری ئێراقەوە گەڕێنرابوونەوە کوردستان و لە كۆمەڵگاکانی قوشتەپە جێگیر کرابوون. لەو شاڵاوەدا گاردی كۆماریی سەدام بە شێوازێکی دڕندانەو دوور لە هەموو بەهاو قیەمێکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئایینی پەلاماری خەڵکی بێدەسەلاتی هەردوو كۆمەڵگای قوشتەپەیان دا و لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدانێکی هوڤانە هەرچی پیاو و منداڵی نێرینە هەبوو ڕاپێچی نێو سەیارەکانیان کردن. قۆناغی دووەمی ئەو پرۆسەیە لە (١٠) ئابی (١٩٨٣)دا بەهەمان شێوە دژی ئەو بارزانیانە ئەنجام درا کە ساڵی (١٩٧٨)دا لە كۆمەڵگاکانی هەریرو بەحرکەو دیانا نیشتەجێ کرابوون. قۆناغی سێیەمیش لە (١٠) تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا دووبارە لە كۆمەڵگاکانی قوشتەپە ئەنجام درا. لەو قۆناغەدا هەرچی مندالی نێرینەش مابوو دەستگیر كران. بەم شێوەیە هەشت هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی بارزانی تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئامادە نەبوون چەک بو ڕژێمێکی داگیرکەری کوردستان هەڵبگرن. لە لایان دڕندەترین دوژمنی کوردەوە بە شێوازێکی هوڤانە لە بیابانەکانی خوارووی ئێراقدا لەناو گۆڕی بەكۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کران. دیاره سەدام دوو ئامانجی سەرەکیی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا هەبوو. یەکەمیان ئه‌وه بوو بە درێژایی مێژووی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردستاندا بارزانیه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کیان له‌و بزووتنه‌وه ئازادیخوازیه‌دا گێڕاوه و له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا و به‌هیچ نرخێکیش ئاماده نه‌بوون ته‌سلیم به‌ئیراده‌ی داگیرکاری ببن. دووەمیان ئه‌وه بوو سەدام ویستی بەو تاوانە پەیامێک بو هەموو خەڵکی کوردستان بنێرێت کە ئەوەی هاوکاریی ڕژێمەکەی نەکات ئەوە چارەنووسیان لە بارزانیەکان باشتر نابێت. به‌م نیه‌ته و بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە لە (١٢) ئەیلولی (١٩٨٣)دا سەدام بە سەردانێکی کت‌وپڕ گەیشتە هەولێر و كۆمەڵێک سەرەک جاشی لە بارەگای بەناو ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزیی حوکمی زاتیی کارتۆنی کو کردەوەو لە پەیامێکیشدا گوتی (بارزانیە خیانەتکارەکانمان گەیاندە سزای خۆیان و ئەوانمان ڕەوانەی جەهەننەم کرد). مخابن دوای ئەو سەردانەی سەدام زۆرێک لە سەرۆکهۆزەکان چوونە ژێر باری سیاسەتی سەدام و هەزاران خەڵکی ڕەشوڕووتی کوردستانیان وەکو جاش چەکدار کرد و بوونە قوربانیی ڕژێمی سەدام.