چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ژینگە‌پارێزی و بایە‌خدان بە‌ كشتوكاڵ لە‌ ئایینی ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

(٢-٢)
هەموو ئەم ناوانە کە باسمان لێ کردن ناوی سروشتین و بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئایینی ئیسام وا لە مرۆڤ دەکات کە پەیوەند و پەیوەست بێت بە ژیانەوە و گرێدراو بێت بە سروشتەوە.
دووەم: لایەک لە بایەخدانی پێغەمبەر (درود و سەڵاوی خوای لەسەر) بە کشتوکاڵ:
ئەوکاتەی ئێمە لە فەرموودەی پێغەمبەر (درود و سەڵاوی خوای لەسەر) دەڕوانین دەبینین: لە گەلێک جێدا فەرمان دەدات بە عەردچاندن و بایەخدان بەکشتوکاڵ، وەک لە هێندەک فەرموودەدا دەبێژێت:
١. هیچ موسڵمانێک نییە کە درەختێک بنێژێ لە هەرزەوییەکدا، یان تۆوێک بکاتە بن زەوی و پاشان پەلەوەر، یان ئاژەڵ، یان مرۆڤ، سوود مەند ببن لەو بەرووبوومانە، بۆ ئەو دەبێتە خێر و بۆی دەنووسرێت (١).
٢. هەر موسڵمانێک شینایەتییەک لە زەویدا بچێنێت، هێندەی لێ بخورێت، بۆ ئەو خێرە، ئیتر سوودلێکردنەکە، لە لای هەرکەسێکەوە بێت، چەندیشی لێ بدزرێت، بۆ ئەو هەرخێرە، هەرکەسێکیش بە مەرامی خراپە و بۆ کەمکردنەوەی لێی نزدیک ببێتەوە، هەر بۆ ئەو خاوەنەی بە خێر دەنووسرێت (٢). کە ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و تێبینییە ئەوەیە کە دەبینین بە هەق و بە ناهەق، هەرکەس سوودی لێبکات، هەر بۆ ئەوبە خێردەنووسرێت!
٣. یەکێک لە یار وسەحابەکانی پێغەمبەر (درود و ساوی خوای لەسەر) دەفەرمێت: گوێم لە پێغەمبەر بوو (درود و ساوی خوای لەسەر) کە فەرمووی: هەرکەس درەختێ بنێژێ و دانی ئارام بەخۆیدا بگرێت لەسەر پاراستنی تا دێتە بەرهەم، هەرکەس سوودمەند ببێت لە بەروبوومەکەی، لای خوا بۆ ئەم بەخێر دەنووسرێت (٣).
٤. گەرهاتو یەکێک لەئێوە نەمامێکی بە دەستەوە بوو دەیویست بینێژێ و لەو کاتەدا دنیا کۆتایی هات، ئەگەر دەرفەتی هەبوو با کۆڵ نەدا و درەختەکە بنێژێت (٤).
لایەک لە بایەخدانی یاران (خوا لێیان ڕازی بێت) بە کشتوکاڵ.
٥. دەگێڕنەوەکابرایەک بەلای ئەبودەردائدا تێپەڕی کە چوو بووە ساڵەوە و لەوکاتەدا خەریکی ناشتنی درەختێکی گوێز بوو، کاورایش پێی دەڵێ: تۆ بەم تەمەنەوە خەریکی ناشتنی ئەودرەختەگوێزەیت کە دەزانی زۆردرەنگ دێتەبەرهەم؟
ئەویش دەڵێ: جا چی تێدایە بەڵکوکەسانی دی لە بەرهەمەکەی بخۆن (٥).
٦. عومەری کوری خەتاب (خوا لێی ڕازی بێت) بە کابرایەکی پیر و بەتەمەنی گوت: ئەوە رێگر چییە لەبەردەمتدا کە تۆ نایەیت زەوییەکەت بێنیتە بەرهەم و جوتیاریی تێدابکەیت و خزمەتی بکەی؟ ئەویش گوتی: من پیاوێکی بەساڵا چووم و سبەینێ دەمرم! عومەریش فەرمووی: داوات لێدەکەم زۆر بە مکوورێەوە کە دەبێ بینێژی و ئیتر عومەر بۆخۆی دەستی کرد بە نەمام ناشتن لەگەڵیدا (٦). کە ئێمە لێرەدا دەبینین، گەورەترین کەسایەتی دەسەڵات لەوکاتەدا کە عومەرە (خوای لێ ڕازی بێت) بۆ خۆی دێت هەڵدەستێت بە وکارە و بۆخۆی هاوبەشی جوتیاران دەکا و لەگەڵیاندا دەچێتەنێو کێڵگەکانەوە، کە ئەگەر لە رووی تێگەیشتنەوە، لە ئیسام نەبوایە هەرگیز عومەر ئەوەی نەدەکرد.
دوا وشە/ خوێنەری هێژا! خۆشبەختانە لەگەڵ بوونی کەمو کوڕیی زۆریشدا، هەمیشە مامۆستایانمان بۆ بەزەیی هاتنەوە بە ئاژەڵ و پارێزگاریکردن لە ژینگە و بەفیڕۆ نەدانی ئاو و ئاور نەکردنەوەی بێ سوود و پارێزگاری کردن لە سەرچاوەکانی ئاو لەڕێگای دوانگەی مزگەوتەکان، یان هەر دەلیفەیەکەوە بۆیان گونجا بێت، ڕۆڵی ئەرێنییان بینیوە و هۆشیارییان داوە بە مسوڵمانان و ڕێنمایییان کردوون لەسەر بنەمای پاداشتی گەورەی خوایی و دەستەبەربوونی چوونە نێو بەهەشت و نەبوون بە سووتەمەنی دۆزەخ، کە لەڕووە ئایینییەکەیەوە خوێندنەوەی بۆبکرێت، یان بە ویژدانەوە لەڕووە کۆمەڵایەتیی و بایەخدان بە شوێنەوار و خاکو نیشتمانەوە سەیربکرێت هەردەم مزگەوت مامۆستایەکی باشی خەڵک بووە بۆ خزمەت، نەک تێکدان و وێرانکاریی. پەراوێز:
(١-٦) بنواڕە: (سلسلە الاحادیث الصحیحە، ج١ ص٣٦-٤٧،ط مکتبە المعارف)دا.