هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

خێزان رێکخراوێکی بچوك و ئه‌رکێکی گه‌وره

فەزیله شۆرش – هۆڵەندا

خێزان ئه‌و رێکخراوه بچوکه‌یه که گه‌وره‌ترین رۆڵی هه‌یه له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ و کاریگه‌ریه‌کی گه‌وره‌تری له دروستکردنی که‌سایه‌تی و ئاماده‌کردنی رۆڵه ی دوارۆژدا هه‌یه‌، ئه رک و کاره گه‌وره‌که‌ی خێزان به خێوکردن و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه، پێویسته ئه‌مه‌ش له ژینگه‌یه‌کی ئارام و رێزله یه‌كگرتن و له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆشه‌ویستی و دووربوون له توندوتیژی و سته‌مکاری و له خۆبایی بوون بێت.
تاکێکی به‌هێز و سودبه‌خش و به توانا له هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی له خێزان و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌رئه‌نجامی په‌روه‌رده‌یه‌کی دروسته له خێزانێکی دروست، که له دایک و باوکێکی رۆشنبیر و به‌هێز پێکدێت، بێگومان دایك و باوک داینه‌مۆی ئۆرگانی خێزانن له راهێنان و هێز و ئیراده به‌خشین و دروستکردن و پێگه‌یاندنی رۆڵه‌ی به سوود.
زیاد بوونی کوشتن و خۆکوشتن به داخه‌وه بوونی هه‌یه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی به شێوه‌یه‌کی دیار، هۆکاره سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌روه‌رده توندره‌وه وهه‌ڵه‌یه‌ی تاك.
فه‌رامۆشکردنی منداڵ و به‌خێوکردنی به شێوه‌یه‌کی توندره‌و رێزنه‌گرتن له که‌سایه‌تی و حه‌ز و ئاره‌زووی و گله یی لێکردنی و شکاندنی به وشه ی ناشیاو له پێش چاوی خه ڵك، هۆکاری سه‌ره‌کین له دروستکردنی که سایه تی نادروست و ده‌روون شڵه ژاو، ئه م تاکه له ئاینده ده‌بێته تاکێکی توندره‌و ره‌فتار خراپ و رێز له‌که‌س نه‌گرێ.
منداڵ ده‌بێ فێربکرێت و بزانێ که خۆشه‌ویستی و مرۆڤایه‌تی و رێزگرتن ئه‌رکه، مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵی وه‌ك مرۆڤ و به خێوکردنی له ژینگه‌یه‌کی ئارام و دروست مافه.
له ووڵاتانی ئه‌وروپا منداڵ له هه‌ره تاکه گرنگه‌کانه له پێکهاته‌ی خێزان وکۆمه‌ڵگه‌. منداڵ به خێو و په‌روه‌رده ده‌کرێت و ئاماده ده‌کرێ بۆ دوارۆژ. بۆیه له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ بایه‌خ ده‌درێته دروستکردنی که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی منداڵ و ئه‌رک و مافی خۆی له ناو خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ و نیشتماندا ده بێ بزانێ، مامه‌ڵه‌ی وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و به‌رپرس له هه‌ڵسوکه‌وته‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، زۆر له بریاره‌کانی وه‌ك جلوبه‌رگ و حه زو ئاره زوو منداڵ خۆی بریاری له‌سه‌ر ده‌دات تا فێری بریاردان بێت و له دوارۆژیش ببێته تاکێکی سودبه‌خش و بریاده‌ر، دایکان و باوکانیش باوه‌ریان به خێزان هه‌یه وه‌ك رێکخراوێکی بچوک و ئه‌رکێکی گه‌وره.