لە‌ چاوە‌ڕوانی ھە‌مواری یاسای بە‌رە‌نگاربوونە‌وە‌ی توندوتیژی خێزانیداین

د. ڤیان سلێمان

وەک هەموومان دەزانین پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و لەگەڵیدا چەندین دیاردەی نوێ لە کۆمەڵگەکەماندا سەریان هەڵداوە، ئەمەش لە ئەنجامی کرانەوەی کۆمەڵگا بەڕووی کۆمەڵگەی جیهانی و هەنگاونان بەرەو مەدەنیبوون، بەڵام لە هەمان کاتدا دیاردەی قێزەونی وەک توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بوونی هەیە و کۆمەڵگاکەمان
لەکەدار دەکات. توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دیاردەیەکی
جیهانییە، بەڵام هۆکار و ئاست و مامەڵەی یاسایی و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەم پرسەدا جیاوازە؛ بە شێوەیەکی گشتی خاڵی هاوبەش، توندوتیژییە بەرامبەر ئافرەت لەسەر بنەمای جێندەر. ڕێگای بەرپەرچدانەوەی ئەم دیاردە ترسناکە جۆراوجۆرن؛ بەڵام گرنگترینیان هەبوونی یاسای بەرنگاربوونەوەیەتی. مایەی گەشبینییە لە هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت یاسایەکی بەرکارە و ئەوەش بە هەموو پێوەرەکان خاڵی ئەرێنییە لەم پرسەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بوونی یاسایەک بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە ترسناکە بە واتای ڕەوایەتی نەدانە بەو تێگەیشتنەی کە دەسەڵاتی پیاو لەسەر ئافرەت دەسەپێنێت و بیرکردنەوەیە لەوەی بە یاسا ڕێگری لەو دەستدرێژییە بکرێت و سزای ئەنجامدەرانی بدرێت. لەم پرسە و بۆ پرسەکانی دیکەش یاسا گرنگی لەڕادەبەدەری هەیە، ئەفلاتوون دەڵێت یاسا هێزی دروستکەری شارستانیەتە و مرۆڤ بەبێ یاسا لە ئاژەڵی دڕندە مەترسیدارترە.
دەبێت ئەوەش باس بکەین کە پێش ئەم یاسایە و دوای ئەم یاسایەش، چەندین هەنگاوی دیکە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی کۆتا بگرە تا دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان و یەکەکانی جێندەری لە وەزارەتەکان و.. گیراونەتە بەر و ئەم پرسە، پرسێکی جێگیرە لە ئەجێندای حکومەت، بەڵام مایەی نیگەرانیمانە سەرەڕای بوونی ئەم یاایە و هەموو هەنگاوەکانی دیکە، دوای زیاتر لە یازدە ساڵ لە دەرچوونی یاساکە، بە هۆکاری جیاوازی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا، قەیرانی ئابووری و شەڕی سەپێنراوی شەمشەمەکوێرەکانی داعش و تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی ناوچەکانی
ناوەڕاست و باشووری عیراق و شەڕی وێرانکەری سوریا، هەموو دەرهاویشتە و بارە قورسەکە کەوتە سەر کوردستان و بوو بەهۆی سەردەرهێنانی دەیان کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و تەنانەت زۆر جار نامۆش بە کۆمەڵگەکەمان. بۆیە فۆرمەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، زیاتر و فراوانتر و جۆراجۆرترن بوون و ڕێژەکەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، زۆر جار کەسی توندوتیژ باکی بە کاردانەوە یاسایییەکان نییە، بۆیە یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، کە لە ئێستادا لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمانی کوردستان دوای هەوڵێکی زۆر لە سەروبەندی تەواوکردنی ئەو هەموارە یاسایە دایە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش لەو پرۆسەیەدا بەشدارن.
وێرای هەوڵەکانمان لە دەستنیشانکردنی خاڵەکانی پێویست بە گۆڕانکاری و جێگرەوەکانیان، بە هیوام هەمواری یاساکە لە جێی چاوەڕوانی و خواستی ئێمە بێت وەک تاک و وەک ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، وەڵام دەرەوەی کێشەکانی ئافرەت لەم قۆناخەدا و بناغەیەکی ستراتیژیی بێت بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ئافرەت، چونکە بە دڵنیایەوە توندوتیژی ئاستەنگی سەرەکییە لە بەردەم ئاسوودەیی ئافرەت لە خێزان و پێشکەوتنی لە بوارەکانی دیکەی ژیان.
بۆ ئەوەی هەموارەکە زیاتر کاریگەری هەبێت، دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت و دەزگای تایبەتمەند توێژینەوە و ڕاپرسی لەسەر ڕادەی ئامادەیی بۆ جێبەجێ کردن و پابەندی بۆ بکات، ئەمەش لەبەر ئەوەی چەندین فاکتەر وەک بەربەست ڕۆڵ دەبینن لە جێبەجێنەکردن و پابەندنەبوون بە یاساوە، بە تایبەتی کاتێک یاساکە بۆ پرسێکی هەستیار بێت کە پرسی توندوتیژییە بەرامبەر ئافرەت، لەم قۆناخە هەستیارەی کۆمەڵگەکەمان کە قۆناخێکی ڕا گوزەرە لەڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە. لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆکارێک لە گرنگی یاساکە و گرنگی هەموارکردنی کەم ناکاتەوە و بە دڵنیاییەوە هەوڵێکی ئێجگار گرنگە و دەستکەوتێکی دیکەیە بۆ پرسی ئافرەت، لە هەمان کات پێویستە دەرچوواندنی یاساکە هاوکاتی هەڵمەتێکی گشتی هۆشیاری بێت بۆ ناساندن و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی و دامودەزگاکانی پۆلیس و دادوەری بەو ماددە و بڕگانەی کە گۆڕانکارییان تێدا کراوە و بۆ کۆی یاساکە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بۆ جێبەجێ کردنی هەر یاسایەک کە دەردەچێت دوو بنەمای سەرەکی پێویستە کە یەکێکیان بەرپاکردنی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیە سەبارەت بە یاساکە و دووەمیان ڕاهێنانی ئەوانەیە کە یاساکە جێبەجێ دەکەن.

ھەواڵی زیاتر