دانانی ئاڵا لە‌لوتكە‌ی تاران،پە‌ندێك بۆ ڕە‌خنە‌گرە‌ كوردە‌كان

مە‌شخە‌ڵ كە‌ولۆسی

ماوەیەكە ھەندێ دەنگ لەكوردستان فێری ئەوەكراون كە ھەركات شاندێكی كوردستان دەچێتە دەرەوە، دێنە سەر شیكردنەوەی ڕووكاری ئەتەكێتی وێنەكان و لایەنی پرۆتۆكۆلی سەردانەكە، وەك فەرشی سور و ھەڵكردنی ئاڵا…ھتد.
جارێ من لەگەڵ ئەوەنیم مرۆڤ دەمی خۆی دابخات و قسە نەكات، بەڵام لەوەش زۆر دڵنیام كە بواری ئەتەكێت و پرۆتۆكۆل، بۆ كورد زۆر تازەیە و كەمترین كەسمان ھەیە بتوانن وەك خۆی لێی تێبگەن و مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بكەن. چ جای ئەوەی پرسەكە بكرێتە پرسی گشتی و لەسۆسیالمیدیا شەنوكەو بكرێت.
لەڕاستیدا پرسی پرۆتۆكۆل، ئیستا لەزانكۆ ھەرە بەناوبانگەكاندا
دەخوێندرێت، خۆی بۆخۆی بووەتە سێكتەرێكی سیاسی و ھونەری و یاسایی. ھەر ڕواڵەتێكی پرۆتۆكۆل، وابەستەیە بەچەندین جومگەی سیاسی و یاساییەوە، بۆنمونە: پرۆتۆكۆل وایە كە ھاوشانێتی لە نمایشسی دیپلۆماتیدا پێڕەو بكرێت، یانی نابێت سەرۆكی دەوڵەتێك لەگەڵ وەزیری دەوڵەتێكی تر كۆببێتەوە یان لەلایەن وەزیرێكەوە پێشوازی لێ بكرێت، مەگەر ڕێككەوتنی لەسەر كرابێت، چونكە ئەوە بە سوكایەتی بەدەوڵەتی یەكەم دادەنرێت چونكە شكۆی ئەو دەوڵەتە نەپارێزراوە، بەڵكو دەبێت سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لەسەرۆكی
دەوڵەت بكات.
دانانی مێزی خڕ و لاكێشەیی، ڕاخستنی فەرشی سور و ڕانەخستنی، تەنانەت گۆڕینی ڕەنگی فەرشی سور بۆ شین كەلە توركیا دەیبینین، بەھۆی ئەوەی ڕەنگی ئاڵای توركیا سورە، دانانی ئاڵا لەھەندێك شوێن بۆنمونە لە كۆشكی جەماران پرۆتۆكۆلی ئێرانی ڕێگە نادات بەدانانی ئاڵای ھیچ وڵاتێك جگەلە ئاڵای ئێران، ئیتر میوانەكە ھەركەس بێت! ھەروەھا لەكۆشكی چانكایاش لەئەنكەرە
ھەمان بڕیار ھەیە.
ھەموو ئەوانە تایبەتمەندی كەسانێكن كە خۆیان قاڵبووی تیۆری و پراكتیكی بواری پرۆتۆكۆلن، نەك مەسەلەیەك كەلە سۆسیالیمدیا بكرێتە شەڕە دەنوك لەسەری.
لەدوای ئەوەی كە (ئایەتوڵا عەلی خامنەیی)ڕابەری باڵای ئێران بەبێ دانانی ئاڵای ڕووسیا و توركیا لەسەر كورسییەكی ڕەق و تەق چاوی بە فلادیمێر پۆتین و ئەردۆگان كەوت، میدیاكان و سۆسیالمیدیای ئەو دوو وڵاتەمان نەبینی ڕەخنە لەسەرۆكەكانی خۆیان بگرن و بنوسن كوا ئاڵای ڕووسیا یان كوا ئاڵای توركیا!. چونكە لەلایەك ئەوە پەیوەندی بە پرۆتۆكۆلی ئێرانییەوە ھەیە، لەلایەكی تریشەوە ئەو پرسانە ڕێككەوتنی لەسەر دەكرێت و پەیوەندی بە فەیسبوكەوانەوە نیە!.
بیهێنە بەرچاوت ئەگەر ئەو چاوپێكەوتنەی لەلوتكەی تاران لەنێوان
خامنەیی و فلادیمێر پۆتین یان ئەردۆگان ئەنجامدرا، بۆ كەسایەتییەكی كورد، سەرۆكی ھەرێم یان سەرۆكی حكومەت ڕێكبخرایە، ئیستا فەیسبوكەوانی كورد چ فەوزایەكیان دروست ئەكرد. ئیستا سایت و پەیچ و كەناڵە لۆكاڵییەكان، چۆن دەیانكردە ڕۆژی حەشر و دەیاننوسی: كوا ئاڵای كوردستان.
لەڕاستیدا ھەرخۆی كردنی ئەو پرسیارە كەلەگەڵ چوونی ھەموو شاندێكی كوردستاندا لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان دەبێتە باو، نیشانەیە لەسەر نەزانینی خاوەنەكەی و ئەوانەیشی كە بۆ شكاندنی كوردستان ڕەواجی پێدەدەن. لەبەر دوو ھۆی سادە:
یەكەم: مادەم كوردستان دەوڵەت نیە، ناتوانێت بنەمای ھاوشانی
لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا مسۆگەر بكات، بۆیە دەكرێت لەھیچ جێگەیەك ئاڵای بۆ دانەنرێت و ھیچیش لەبایەخی سەردانەكان كەم ناكاتەوە.
دووەم: دانانی ئاڵا بۆ ھەر كەسایەتییەكی كورد، مادەم كوردستان دەوڵەت نیە، دەچێتە چوارچێوەی بنەماكانی موجامەلەی نێودەوڵەتییەوە، نەك پرۆتۆكۆلی نێودەوڵەتی. كە ئەوەش دووشتی جیاوازن. دەوڵەتێك ئازادە موجامەلە پێڕەو بكات یان نا؟ بەڵام ئازاد نیە بنەماكانی دیپلۆماسیەت و پرۆتۆكۆلی فەرمی پێرەو نەكات! نازانم پەیچ و سایت و فەیسبوكەوان و سیاسەتمەداری لۆكاڵی كوردستان، لەو مەسەلەیە تێدەگەن؟.

ھەواڵی زیاتر