ڕاڤە‌یە‌ك لە‌ بە‌رامبە‌ر ئە‌خلاقدا

سیروان‌مینەخان‌

مرۆڤ بوونەوەرێکی پرسیارکەرە، بەو واتایەی هەمیشە پرسێکی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون.
هەر شتێک لای مرۆڤ ببێتە پرس ئامادەیە شانی بداتە بەر و، تا بنج و بناوانی بچێت.
ئێمە ناتوانین بەبێ پرسیار بەپاڵ دونیادا تێپەرێن و هەوڵ نەدەین بیناسین و راڤەی بکەین.
هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە هایدگەر تاکەکان دەکاتە دوو گرووپ، (ڕەسەن و ناڕەسەن). تاکی ڕەسەن تاکێکی قەلەقی پڕ پرسیار و گومانە. تاکی ناڕەسەن تاکێکی هاکەزایی سادە و بێ پرسیارە و هیچ شتێک لای نابێتە پرس. بێگومان کۆمەڵگە بۆ پێشڤەچوون پێویستی بە جۆری یەکەمە.
بۆ ئەوەی دواجار دەرکەوتە جیاوازەکانی ئەو دونیابینییەی بکاتە کۆمەڵێک چەمکی فیکری و فەلسەفی و ئەدەبی. وەک دەبینین ئەو تیۆریا و تێزە زانستی و فەلسەفی و ئەدەبیاتی ئێستاش بەردەستن بەرهەمی فەیلەسوف و بیرمەند و زانا گەلێکن کە خاوەنی پرسیار و گومان بوونە. مرۆڤ بوونەوەرێکە دەپرسێت و دەشخوزێت، وەڵام بۆ پرسیارەکانی بدۆزیتەوە. دەروانێت و دەیەوێت ڕوانینەکانی راڤە بکات. گومان دەکات و دەخوازێت بگاتە یەقین بەشێکی گەورەی ئەو کایەیەی ئینسان لە ناویدا حوکمی باش و خراپ بەسەر دیاردە و ڕووداو و ئینسانەکانی دیکەدا دەدات، لە فەلسەفە و زانستە
کۆمەڵایەتییەکان بە ئیتیک یان ئەخلاقناسی ناوزەد دەکرێت.
لەراستیدا بابەتی گەرانەوەی ئەخلاقناسی بۆ ناو کایەی رۆشنبیری و فەلسەفە و کایەکانی تری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ سەر لاپەڕەی گۆڤار و رۆژنامەکان تەنانەت سۆشیالمیدیاش بەتەنیا دیاردەیەکی
ڕۆژئاوایی نییە.
بەڵکو سەرلەنوێ راڤەکردن و پێداچوونەوەی سیستەمە ئەخلاقییەکان
لە زۆربەی زۆری کۆمەڵگەکانی دونیادا لە ئارادایە، ئەمڕۆ ئەخلاقناسی بەردەوام خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکرێت.
ئەستەمە کۆمەڵگەیەک هەبێت بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشێک نەبێت لە گۆڕانکارییەکانی دونیای ئەمڕۆدا، ئەمە نەک تەنها لە پایتەختەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو پێداچوونەوە بە ئەخلاقناسی لە ئارادایە، بەڵکوو لە بەیرووت و کابول و تاران و …هتد ئەخلاق بابەتێکی هاوچەرخە، یەکێکە لە گرینگترن ئەو ڕەهەندانەی کە ململانێ کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسییەکان لەسەری بنیات دەنرێن.
بێگومان لە هەریەک لەم شوێنانەدا گوتاری جیاواز سەبارەت بە
ئەخلاق بەرهەم دێت و بەرهەم هاتووە.
بەگشتی ئەخلاق ڕێکخستنەوەی کۆی ڕەفتارەکانی مرۆڤە
بەڕەچاوکردنی باشترین بنەمای عەقڵی و لۆجیکی، بەجۆرێک هەر کارێک دەکرێت و هەرحوکمێک دەدرێت دەبێت گونجاوترین هۆکارمان هەبێت بۆ ئەنجامدانی.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوترێت و قسەی لەبارەوە دەکرێت پێناسەکردنەوەی ئەخلاقە بەپێی بەرژەوەندی و ئامانجە شەخسی و هەندئ جار حیزبیەکان، نەک خۆڕێک خستنەوە و خۆ پەروەردە کردن بێت بەپێی بنەما ئەخلاقیەکان، لەکاتێکدا بنەما ئەخلاقیەکان شتی نەگۆڕن. ئەوە تەنیا سلووکە بەپێی کۆمەڵگاکان دەگۆڕێت، نەک ئەخلاق. لەڕاستیدا ئەوە ئەخلاقە دەبێ پێمان بڵێت چۆن بژین باشە و چۆن بژین خراپە، هەرچییەک بێت ئەخلاق بۆ باشترکردنی ژیانە نەک چێژبەخشکردنی ژیان.
ئێمە لە ڕێگەی بنەما ئەخلاقییەکانەوە دەتوانین باسی چاکە و خراپە
بکەین، سلووکەکانمان ڕێک بخەینەوە. دەشێ ئێمەش وەک هەرکۆمەڵگایەکی تر بەشدارییەکی کارا و لۆژیکیانەمان هەبێت لە پێناسەکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ماناکانی ئەخلاق لە کۆمەڵگای خۆماندا، بەتایبەت ئەگەر بەرژەوەندیی تایبەت بخەینەلاوە. بەم شێوەیە دەتوانین لەگەڵ شەپۆلی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان
باشتر هەنگاو بنێین.

ھەواڵی زیاتر