مێسا چییە؟ ئێمە لەکوێی ئەم پڕۆژەیەداین؟

هۆزان قادر

مێسا چییە؟ ئێمە لەکوێی ئەم پڕۆژەیەداین؟

هاوپەیمانیەتیی ستراتیجیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Middle East Strategic Alliance (MESA)
ئەم هاوپەیمانیەتییە چییە، ئەندامانی کێن و کێ سەرکردایەتیی دەکات؟ ئامانجەکانی چین؟

میسا پڕۆژەیەکی ستراتیجیی ئەمریکا و ئیسرائیلە بە ئەندامیەتیی میسر، ئوردن و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، ئەم پڕۆژەیە سەرەتاکانی سەرپێکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دۆناڵد ترامپ کە ئەوکات بڕیار درا بۆ فراوانکردنی خاکی ئیسرائیل لەژێر ناوی (ڕێککەوتنی سەدە) کە تاڕادەیەک بە قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەیە ناو دەبرێت. ئەمریکا ڕاستەوخۆ سەرکردایەتیی قۆناغەکانی گەشەکردنی هاوپەیمانیەتییەکە دەکات پاشان ئیسرائیل وەک هێزێکی ناوچەیی و ئەندامی سەرەکیی پڕۆژەکە.
ئەم هاوپەیمانیەتییە کە هەندێک جار بە (ناتۆی عەرەبی) ناودەبرێ ئەندامان مولزەم دەکات بە هەماهەنگیی هەوالگری، سەربازی و ئابووری، هەر مەترسییەک ڕوبەڕووی هەرکام لەئەندامانی نێو هاوپەیمانیەتییەکە ببێتەوە هەمووان لەوەلامدانەوەی بەرپرسن.
ڕۆڵ و دەستکەوتی هەریەک لە ئەندامان چییە؟
١- ئامانجە ستراتیجیەکانی ئەمریکا وەک تیۆریسیەنی سەرەکیی پڕۆژەکە:
ئەمریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان لەچەندین وێستگەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە لەوانە لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ، ئەفغانستان، ئیدارەدانی ململانێکانی لەگەڵ ئێران، کێشەی سووریا و چەندانی تر، بگرە لە هەندێک لە ململانێکاندا هێزی دووەم و سێیەمە، ئەمەش عەقیدەیەکی نوێی لای کۆشکی سپی دروست کردووە کە پێویستە ئەم ستراتیجە بە زوویی بگۆڕێت. ئەویش بە جێگرەوەیەکی بەهێزی وەک ئیسرائیلێکی پاڵپشتیکراو بە وڵاتانی بەهێزی ناوچەکە.
هەروەها دروستکردنی هاوپەیمانیەتییەکی بەو حەجمە ئەمریکا دەکاتەوە بەڕۆڵگێڕێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەمان کاتدا دروستکردنی بەرەیەکی نوێیە دژ بە ڕۆژهەڵات (ڕووسیا، چین و ئێران) و لە پەلۆپۆخستنی توانا سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو بەرەیەیە.
٢- ئیسرائیل وەک خودانی پڕۆژەکە:
خواست و ئامانجی ئیسرائیل لەم هاوپەیمانیەتییەدا ڕونە و تاڕادەیەکی زۆر دەکرێت بڵێین ئەم پڕۆژەیە لەخزمەتی ئەمنی ئیسرائیلدایە، لە قۆناغی یەکەمیدا کۆمەڵێک بڕیار درا لەوانە فراوانکردنی خاکی ئیسرائیل و سڕینەوەی فەڵەستین بە جۆرێک لە جۆرەکان. کە ئەمە بەیەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیەتییەکە دێتە هەژمار.
ئوردن و میسر هاوکاری سەرەکین لەم بابەتەدا، بەو پێیەی هەرکام لەو دوو وڵاتە هاوسنووری فەڵەستین و توانای فشار و گوشاریان زۆرە. بەشێوەیەکی گشتیی ئیسرائیل سوودمەندترین ئەندامی ناوچەییە لە هاوپەیمانیەتییەکە.
٣- بەرپرسیاریەتیی میسر و ئوردن:
بەشی ڕۆژئاوای فەڵەستین دەکەوێتە دەست ئوردن، هاووڵاتیانی ئەو بەشەی فەڵەستین دەبنە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە، لەبەرامبەردا ئوردن گرنتی ئاسایشی ڕۆژئاوای ئیسرائیل دەکات.
میسر بەشێکی بیابانی سینای تەرخان کردووە بۆ هاووڵاتیانی کەرتی غەززە لەبەرامبەردا ئەندامانی هاوپەیمانیەتییەکە هاوکاری یمیسر دەبن لە بوارەکانی ئابووری و وزە.
٤- ئەرک و دەستکەوتی وڵاتانی کەنداو:
هاوکاری و هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری لە نێوان هەموو وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیەتییەکە ئەرکە، وڵاتانی کەنداویش بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافییان زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەترین دوژمنی ناوچەیی پڕۆژەکە دەبنەوە کە ئێرانە. بۆیە بەهێزکردنیان لەڕووی سەربازییەوە کاری لەپێشینەی هاوپەیمانیەتییەکەیە.
بەو پێیەی دەوڵەتانی کەنداو خاوەن ئابوورییەکی بەهێزن برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گرەنتی ئەمنی ئاوەکانی کەنداو یەکێکی ترە لە بابەتەکان.
ئێمە لەکوێی مێساداین؟
عێراق، قەتەر و تورکیا لەنێو مێسا نین و بەشێکیش نین لەبەرەی دژی هاوپەیمانیەتییەکە، بەڵام تورکیا یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ئەگەر دژ بەم هاوپەیمانیەتییەش بوەستێتەوە لە چەند جووڵەیەکی تاکتیکی تێپەڕ ناکات، لە کۆتاییدا ملکەچی قەراراتی سیستمی جیهانییە و چاوەڕوان دەکرێت قەتەریش ببێتە بەشێک لەو هاوپەیمانیەتییە، بەجۆرێک لەجۆرەکان چاوەڕوانی مەوقفی تورکیایە.
چی لەبارەی عێراقەوە کە لەباشترین دۆخی پەیوەندیی لایەنە ناکۆکەکاندا چەقی ململانی و تەسفیەی حسابات بووە؟
گەشەکردن و سەرپێکەوتنی هاوپەیمانیەتیی ستراتیجیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراق بەرەو قەیرانی گەورەتر دەبات، بەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراقی پێدا دەڕوات گریمانەی ڕووخانی ئەم دەوڵەتە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. لەدۆخێکی بەمجۆرەدا عێراق خۆی بۆ ڕاناگیرێ لەبەردەم ئەو تەحەدیاتە گەورانەی لە پێشین، کە نە بەشێکە لەو ستراتیجە و نە دژیەتی؛ کە بێگومان چەقی ململانێی هاوپەیمانیەتییەکە ئێران و عێراق دەبێت. داهاتوو وەڵامی کۆدی عێراق لەچوارچێوەی ستراتیجە نوێیەکەی ئەمریکا دەداتەوە.
ڕۆڵ و پێگەی کوردستان لە گۆڕانکارییە گەورەکەدا:
هەرێمی کوردستان بەو دۆخەی ئێستایەوە لە ئاستە نێودەوڵەتییەکەدا وەک دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، پێشمەرگە نوێنەری (پارێزەری ئاشتی) دەکات لەجیهاندا. لە ناوخۆشدا هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکان و چاکسازی کە لەم کابینەیەدا هەنگاوی کردەیی بۆ نراوە تاڕادەیەکی زۆر دڵخۆشکەرن. بەڵام ئەمە بەس نیە، ئەوەی دەگوزەرێت نادادیەکی زۆر لەم وڵاتەدا بەدی دەکرێت شپرزەییەکی زۆر لە ناوماڵی کوردیدا هەیە بەم جۆرە چوونە موبارەزەیەک بە حەجمی ئەو گۆڕانکاریانەی دێن ماڵوێرانیی بەدوادا دێت. ئەولەویەت یەکخستن و خۆڕێکخستنەوەی نێوان لایەنەکان پاشان دانانی ستراتیجی هاوبەش و گونجاو و هاوتەریب بە گۆڕانکارییەکانە. ئەگەر ئەمەمان کرد ئەوا خاوەن ستراتیجین و نابینە بەشێک لە ستراتیجی ئەوانی تر ئەگەر نا بۆ هەمیشە خۆری کورد ئاوا دەبێت. من ڕەشبین نیم وە پێشم وایە سەرکردایەتیی سیاسی ئەم وڵاتە تاڕادەی پێویست لەئاست گۆڕانکارییەکاندا خاوەن ڕوویا و دونیابینی نوێن.
هەروەها چونە سەر نەخشەی وزەی جیهانی دەرگایەکی باشە بۆ داخڵبوون یاخود نزیکبوونەوە لە هاوپەیمانیەتییە بەهێزەکان. ئەوەی لەسەر هەمووان ئەرکە پاڵپشتیکردن و پارێزگاریە لەم وڵاتە و دامودەزگاکانی.

ھەواڵی زیاتر