عێراقی نوێ لە‌ پێستی مە‌ڕدا!

بێستون مسعود ساڵەیی

ئەوانەی تا دوێنێ لە چیاکانی کوردستان، لەناو بارەگا
کوردییەکان دەحەوێندرانەوە، خواردن و خەویان لە لای کورد بوو، لە لایەن کوردەوە بەخێو دەکران و داڵدە دەدران ھەموویان ھەڵسوکەوتیان مەڕانە بوو، بەڵام لە ڕاستیدا گورگ بوون و چاوەڕێی دەرفەت و کاتی گونجاویان دەکرد تاکو جارێکیتر پەلاماری کورد بدەن. سەر زارو بن زاریان پڕ بوون لە وشەی دیموکراسی و زوڵمی ڕژێمی بەعس، بەڵام مەبەستیان لەمە دیموکراسی تەنها بۆ خۆیان بوو، مەبەستیان ئەوە بوو بە سەر شان و ملی دیموکراسیدا سەرکەون و ھەروەک بەعس پەلاماری کورد بدەن..
بیانوو و شەرفرۆشتنی حکوومەتی ئیتیحادی بە ھەرێمی
کوردستان نوێ نیە و بڕیارەکانیشیان ھیچ جیاوازیێکی نییە لەگەڵ بڕیارەکانی پێشووتر لەسەردەمی بەعس، زمان و عەقڵیەتی دەرچوواندنی بڕیارەکان ھەمان زمانە و تەنها کەسەکانن کە لە ڕووی شکڵەوە جیاوازن، ھەمان ئەو گورگانەن کە لە پێستی مەڕدان..
مادەی ١٤٠ی دەستوور یەکێکە لەو ماددە گرنگ و ئەساسیەی
کە سەرجەم کابینەکانی حکوومەتی ئێتیحادی خۆیان لێ دەدزنەوە و ئامادە نەبوونە دەست بە ھەنگاوە پراکتیکیەکانی بکەن، لەسەرەتادا قەرەبووی بەشێک لە کوردە گەڕاوەکان و عەرەبەکانی دەھەزاری بە بڕە پارەیەک کرد و دواتر بەردێکیان لەسەر ئەو ماددەیە دانا و ھیچ کام لە کابینەکان دەستیان بۆ ئەو مەلەفە دەستووریە نەبردەوە. حکوومەتی عێراق لە جیاتی جێبەجێ کردنی ماددەکە جارێکیتر بەعس ئاسا دەستی کردەوە بە تەعریب و دەرکردنی ماڵی کورد و دەستبەسەردا گرتنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد.
کارتێکی دیکە بۆ دژایەتی و لاوازکردنی حکوومەتی ھەرێمی
کوردستان بڕیاری بڕینی بودجەی ھەرێم و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بوو، بەو بڕیارە وایان لێکدایەوە کە ئیدی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێتە سەرچۆک و سەریان بۆ دائەنەوێنێ، بەڵام ھەرێم نەک ھەر چۆکی دانەدا بەڵکو سەلماندی کە ئیرادەی بەھێزی ئەم گەلە ھەمیشە لە ترۆپکدایە و نە چۆک دائەدا و نە سەر بۆ ھیچ کەس و لایەنێکیش نەوی دەکات، دوای ریفراندۆم و دەرخستنی ویستی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان داستانەکانی پردێ و سحێلا و محمودیە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە خۆ چەماندن لە فەرھەنگی کوردا نیە.
دادگا و بریارەکانی لە دژی نەوتی ھەرێم دیسان بەردەوامیدانە
بە کارتە سووتاو و پوچەڵکراوەکانی ڕابردوویان کە بۆ پەکخستنی کەرتی وزەی ھەرێم و ڕاوەستاندنی پێشکەوتنەکانی بواری نەوت و گازی ھەرێم بڕیاری سیاسی و شۆڤینیانە دەردەکەن، لە کاتێکدا دەستووری عێراقی ئەو مافەی بە ھەرێمی کوردستان داوە کەرتی وزەی خۆی پەرە پێ بدات تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گازی عێراق لە پەرلەمان دەردەچێت، ئەم یاسایە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت دەرنەچوو. ھەموو ئەم فشارە یەک لەدوایەکانە بۆ یەک مەبەست
دەگەرێتەوە ئەویش لاوازکردن و دواتر نەھێشتنی کۆی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە.
بێ شک ئاوەدانی، ئاسایش، سەقامگیری، خۆشگوزەرانی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ، نەوت و گاز و ڕێگاوبان، گەشتوگوزار ھەموو ئەمانە سەرکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستانە کە بە شاھێدی خۆیان بەراورد بەو توانا و بودجەیەی خۆیان بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق زۆر لە دواوەی کوردستانن، بۆیە بەغدا و لایەنەکانی بەغدا چاویان بەم ھەموو ڕاستی و پێشکەوتنەکانی
کورد ھەڵنایێ و ناتوانن ھەزمی بکەن.

ھەواڵی زیاتر