پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە پێناوی نیشتمانیش‎جارێك بەخت بكەن گیان

‎هاودەنگ فارووق

‎كوردستان نیشتمانی پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەب و ڕەنگە جیاوازەكانە، مێژووی ئایینی ئیسلام و موسوڵمانیەتیی كوردیش لە سەردەمی هاوردەكردنی ئایدیای ئیسلامیی سیاسییەوە دەستی پێ نەكردووە، بەڵكو لە ئەخلاق و پەروەردەی كوردایەتی و ئایینیی ناو تەكییە و حوجرە و خانەقاكانەوە لەسەردەستی گەورە پیاوانی ئایینی و نەتەوەیی و بیرمەندان و ڕووناكبیرانی ڕەسەنی كوردەوە دەستی پێ كردوە.
‎پەروەردەی ئایینی لە كوردستاندا، زۆر پێش دامەزراندنی حزبە ئیسلامییەكان هەبووە بەڵام بەشێوازێکی ڕەسەن و کوردانەی بەدوور لە بڵاوکردنەوەی قین و بوغز‌ و توندوتیژی، بۆیە ئەگەر حكوومەتی كوردستان، نیەتی گۆڕین یان لابردنی پەروەردەی ئیسلامیی هەبوایە، جارێ نەیدەهێشت سی ساڵە حزبە ئیسلامییە سیاسییەكانی كوردستان، موسوڵمانیەتیی پاك و بێگەردی كورد، بە سیاسی بكەن و ئایین لە مزگەوت و تەكییە و خانەقاكانەوە بەرنە ناو مەقەڕی حزبەكانیان و بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری بێنن.
‎ئەگەر وڵاتێك بیەوێ دەرسی دین لە قوتابخانەكان لابدا، دەبێ لەوانەوە دەست پێ بكات كە ساڵەهایە بەناهەق پیرۆزییەكانی ئایینیان بە بارمتە گرتووە و موسوڵمانیەتیی سەدان ساڵەی میللەتەكەیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
‎ئەم مامۆستا بەڕێزە ناهەقی نییە كە زوو زوو حەجمی ڕاستەقینەی خۆیانی لێ بزر دەبێ و لە بن كاریگەریی ڕەزایەتی ئیلهامبەخشەكانی ئیخواندا، بە دەنگی دلێرەوە بانگەشەی گیانبەختكردن دەكات، وەك ئەوەی لە مەملەكەتی كافرستاندا نەفیرعامی گیانبەختكردن بكات، گیانبەختكردنێك نەك لە پێناوی نەتەوەو نیشتماندا، نەك لە ئانی شەڕی داعشدا.
‎بە داخەوە ئەو هێزە سیاسییانە جگە لە دروشم، تا ئێستا ئاوڕێكی جددییان لە مەسەلە نەتەوایەتییەكانی كورد نەداوەتەوە، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو قۆناغه‌ مێژووییه‌کاندا به‌ تایبه‌ت له‌ کاره‌ساتی ئه‌نفال و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و جینۆسایدی کورد شەڕی داعشدا بە حەرفێك بە دروشمی سەرلافیتەیەك( گیانی خۆیانیان بەخت نەكردووە) هه‌ڵوێستێکیان نه‌نواندووه‌ که‌ له‌ خزمه‌تی کورد و کوردستاندا بێت.
‎لە لایەکی دیکەوە، ئاساییە کە بڵێین گیانبەختکردن بەبێ جیهاد نابێت، ئایا ئەو حزبەی کە ساڵەهایە بانگەشەی مەدەنییەت و سنگفراوانی دەکات، بانگەشەی خەباتی بێچەک دەکات، چییە وا لەبەرامبەر دەنگۆیەکدا کە هەر زوو وەزارەتی پەروەردە ڕەتی کردەوە، چۆن وا زوو گەشتە قۆناغی هەڕەشەی گیانبەختکردن و جیهاد و خەباتی سوور؟ ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و فیکریەی حزبێکی ئیخوانی جێگای ڕامان و بەخۆداچوونەوەی جیدییە. ڕاستی ئەو بۆچوونانە دەسەلمێنێت کە لە جەوهەردا هەموو حزبە دینییەکان یەکن و لە هەر قۆناغێکدا دەکرێ پەنا ببەنە بەر گیانبەختکردن.