پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

به‌رامبه‌ر دین که‌س له‌ پارتی دڵسۆزتر نییه‌

سیامەند سێلکی

ماوه‌یه‌که‌ یه‌کگرتوو و کومه‌ڵی دادگه‌ری له‌پێناو به‌لاڕێدابردنی ڕای گشتی و ڕاکێشانی سۆزی خه‌لک به‌ لای خۆیاندا، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ناڕاست و پڕ له‌ چه‌واشه‌کاری باس له‌وه‌ ده‌که‌ن گوایه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم پلانی بۆ گۆڕین یان لابردنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له‌پرۆگرامه‌کانی خوێندندا داڕشتووه‌ و هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی ده‌دات!
له‌ به‌رامبه‌ردا حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و وته‌بێژی حکوومه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ندین جار دووپاتیان کردووته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی له‌و باره‌وه‌ باس ده‌کریت هیچ ئه‌سل و ئه‌ساسێکی بۆ نیه‌و دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌، به‌ڵام مخابن ئه‌و دوو هیزه‌ به‌حساب ئیسلامیه‌ بێ گوێدان به‌به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان و له‌پێناو به‌کارهێنانی دین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیه‌کانیان به‌رده‌وامن له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئیعلامیه‌ پڕ له‌ چه‌واشه‌کاریه‌ی که‌ له‌و باره‌وه‌ دژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستیان پی کردووه‌! زۆر بێشه‌رمانه‌ و به‌بێ به‌ڵگه‌ تۆمه‌تی دژایه‌تی دین و پیرۆزیه‌کانی ده‌ده‌نه‌ پاڵ حکوومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.
بێ گومان تاوانبارکردنی خه‌لک له‌رێگای دروی شاخدار و به‌بێ به‌ڵگە پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقی و دینیه‌کانه‌و له‌ دینی پیرۆزی ئیسلامدا ته‌حریم کراوه‌ و به‌تاوانێکی مه‌زن هه‌ژمار ده‌کرێت .له‌م سونگه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئیعلامیه‌ی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ناڕاست و پڕ له‌چه‌واشه‌کاری دژی حکوومه‌تی هه‌رێم سازیان کردووه‌ دژو ناکوکه‌ له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری دینی پیرۆزی ئیسلام و ده‌چێته‌ خانه‌ی تاوانه‌ گه‌وره‌کان.
بێ گومان پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ژێر ڕۆشنایی ڕێنمایی و ڕاسپارده‌کانی سه‌رۆک بارزانیدا که‌ لایه‌نی سه‌ره‌کیه‌ له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، هه‌میشه‌ به‌رامبه‌ر پاراستن و رێزگرتن له‌ به‌ها دینیه‌کان خۆی به‌ به‌رپرس زانیوه‌ و به‌ درێژای مێژوویش وه‌کو ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارەتیی به‌رگری له‌ پیرۆزیه‌کانی دینە پیرۆزەکەی ئیسلام و هه‌موو ئایینه‌کانی دیکه‌ی کردووه‌. به‌م پێیه‌ ئه‌گه‌ر به‌رگریکردن له‌ پیرۆزیه‌کانی دین بۆ هه‌ندێ لایه‌ن درۆشمێکی تاکتیکی بێت، ئه‌وه‌ بۆ پارتی به‌شێک بووه‌ له‌ ستراتیژێکی نه‌گۆڕ و چه‌سپاو و هه‌رگیزیش ده‌ستبه‌رداری نابێت.