حەمەسەعید حەسەن
ژینم تژی لە ئافرەتی زێدەجوانە ژمارەی ئەو نازدارانەی پێم سەرسامن هێندەی گەڵای درەختانە وەلێ بەندە لەو هەموو شەکرەژنانە دڵی تەنیا بە شۆخێکیانەوە بەندە ئەویش ناوی کوردستانە.
بە پێشـــنیاز، خوای پێشنیاز بوو، کەس هێندەی ئەو بۆ کوردستان نەسووتابوو، وەلێ بە ڕەوتار، کەس نەیبیستووە بە تاقە دۆلارێکیش، بەشداریی خەمی خەڵکی کوردستانی کردبێت. بە هەڵبەست، کەس نیو هێندەی وی، دژی نەنفالچییان نەبوو، کەچی بە هەڵوێست، بە مەتەرێزی کۆنەبەعسییانەوە پێوەست دەبوو. بە گوتار، خەمی قورسی هەموو کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەی بە کۆڵەوەبوو، کەچی بە کردار، لە ڕۆژی ژاربارانەکەدا، بە ماشێنەوە، بە مەبەستی فرۆشتنەوەی بەرەو کوردستان تێی دەتەقاند. لە ئاستی ئافرەتی ئەورووپاییدا، هەتا بڵێێت ژندۆست و دلۆڤان بوو، ژن بە مەرجێک ئەورووپایی با، بە تاوە، سەری لە چەند لاوە، هەڵتۆقاندبا، دەیگوت: مافی ڕەوای خۆیەتی، کەچی
وەک جلشۆر و گەسکی کارەبایی، سەرنجی ژنی کوردی دەدا.
ئـــەم پێشـــەنگی کاروانە، هەر کە گەیشـــتەوە خاکـــی نیشـــتمان، لەبری پێکهێنانـــەوەی تاقمە بەشـــەڕهاتووەکان، لەگەڵ ڕێبوارانی کاروانەکەیدا، کردی بە شـــەڕێکی قورس، هەر یەکی تاوانێکی پێوە لکاندن و تەنانەت کاروانبەدەریشـــی کردن. بەجۆرێک خۆی کرد بە کەرەسەی تەنز، لایەنێک کە ئەم خۆی وەک ڕیشســـپی پێ ناســـاندبوون، لـــە ئۆرگانەکەیانەوە، ناســـناوی (دۆن کیخۆتە) یان پێ بەخشـــی. ناوی چووە ناو مێژووەوە، وەلێ لەبەر ئەوە نا، قومێک ئاوی بە ئاگری شـــەڕی ناوخۆدا کردبێت، لە ســـۆنگەی ئەوەوە، بۆ کوژاندنەوەی شەڕێک چووبوو، کەچی شەڕێکی دیکەی هەڵگیرساندبوو. پیاو قسەیە بۆ دزیش بکات، یەکەم کەس بوو، بۆ ئاشتی چووبێت و کردبێتی بە شـــەڕ. یەکەم کەس بوو، ڕێڕەوی خەباتێک لە پێناوی ئاشـــتیدا سەری هەڵدابێت، بەرەو بردنەوەی
ئۆتۆمۆبیل بۆ نیشتمان بگۆڕێت.
لە کوردســـتان بە دۆلاربەدەستێکی گوتبوو: (کەوشـــەکانت ڕادەمووسم، ئەم نامەیەم کە دەشێت گورێک بە ڕەوتی پرۆســـەی ئاشـــتی بدات، بۆ ئیمزا بکە!) وەک هاوسەفەرەکانی دەگێڕنەوە، دوای ئەو ماچکردنی کەوشـــە، گیرفانی بە زەبری چەند ســـەددۆلارێکی چڵکن، گەرم ڕاهاتبوو. لەوساوە نەک هەر ڕەخنە لە خاوەندراوەکانی نیشتمان ناگرێت، بەڵکوو داکۆکیشیان لێ دەکات، ئاخر ئەوی
دەمی چەور کرابێت، توانای ڕەخنەگرتنی لە خاوەنی هیزە ڕۆنەکە نامێنێت.
ماڵم هەقە لە کوردســـتان کۆششـــێکی زۆری کردبوو، بەڵام بۆ ئاشـــتی نا، بۆ ئەوەی شـــەرەفی بەئەندامبوونی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی پێ ببەخشن، تا لەو ڕێگەیەوە پارچەیەک زەوی مسۆگەر بکات، لێ چونکە هەندێک بەرد لە هیچ جێیەک ســـەنگین نین، داواکەی پشـــتگوێ خرابوو، ئیدی کە هومێدی بڕابوو، بەدەم هەنســـکەوە گوتبووی: چ قەیـــدی، ئەدی مارکس نەیگوتووە، کرێکاران بستێک زەوییان نییە؟ چونکە کرێکارانی زۆر خۆش دەویست، هەموو ساڵێک لە یەکی ئایاردا، زبڵی زبڵدانەکانی ســـەر شەقامەکانی هەڵدەڕشت، تا ئیشی چەند ســـەعاتێکیان بۆ بدۆزێتەوە و شتێک پارەی زیادەیان دەستگیر ببێت. بەو شێوازە کاریگەرە بە گژ سەرمایەداریدا دەچووەوە، ئیدی چۆن
ڕەوتی کەپیتالیزم، تووشی کووچەی بنبەست نابێت