پۆستە‌ باڵاكە‌ میراتی گە‌لیكە‌ نە‌ك شە‌خسێك!

هاودەنگ فاروق

پۆستی سەركۆماریی ئێراق كە پشكی كوردە و تا ئێستا وەك منەتێک لەسەر کورد حساب کراوە، هیچ خێر و بێرێكی بۆ كورد نەبووە .. پۆستێكی خەسیوی متكراو بووە لە دژی كوردیش بەكار هێنراوە.
ئێستا كە ئاراستەی كێشەكانی ئێراق بەشێوەیەكی جەوهەری گۆڕاون، یاریكەرەكانیش گۆڕاون و تیمێكی دیكە لەكایەی سیاسیی ئێراقیدا ئامادەگییان هەیە، پێویستە كوردیش شێواز و ستراتیژی خۆی لە پۆستی سەرکۆماردا بگۆڕێت، بەو پێیەی كە تاكە تەجەلای بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسیی ئێراقدا پۆستی سەرۆكایەتیی
كۆمارە.
دەبێ كەسێك لەو پلەبەرزەدا بێت هەم نموونەیەكی جوانی كوردیانە
پیشان بدات، هەمیش وەك نوێنەری میڵەتێك هەیبەت و شەهامەتی خۆی بپارێزێ، گوزارشت لە عەزەمەتی گەلێكی ستەملێكراو و خودان خەبات و ئیڕادەی بەرز و كەڕامەت بكات، بیسەلمێنێ كە كورد نەك ئیدارەیەكی سەركەوتووانەی هەرێمەكەی خۆی دەكات، توانیویەتی
دەوڵەتی ئێراقیش بەڕێوە ببات.
مخابن لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەمان نەبینی، ئاخر ناكرێ
هەموو شتێك لەئێراقدا بگۆڕێت، تەنیا كورد بەهەمان ستایلی سەرەتای پرۆسەی ئازادیی ئێراقەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بكات، كوردیش پێویستە بگۆڕێت و، ئەمجارەیان خەیاڵدانێكی كوردی لەپشتی ئامادەگیی سەركۆمارێكی بەهێزو بەكەڕامەتی كوردەوە بێت، چونكە بەحوكمی نەریتی سیاسی و دەستووریی ئێراق، ئەو پۆستە پۆستی كوردە، سازانی كورد لەسەر كاندیدكردنی كەسێك، بەرلەهەر شتێك لەخزمەتی بەهێزبوونی پێگەی سەركۆماردایە، سەركۆمارێک کە هەموو كورد پشتیوانیی لێ بكات، باشترە لەوەی تەنیا نیوەی حزبێك پشتیوانی بێت و تەنانەت هەموو حزبی خۆیشی نەك پشتیوانی نەبن، بەڵكو دژیشی بن.