ژیان خۆی بە‌ندیخانە‌یە‌كی بازنە‌ییە‌ مرۆڤیش سە‌دان بە‌ندیخانە‌ی تێدا دروست

گوهدار ئاكره یی

ئێمەی مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە فەزایەکی زۆر ترسناکدا دەژیین، ئەو شوێنەی ئێمەی لەسەرە، واتە گۆی زەوی کە لەو فەزایەدایە، کە بە بەردەوام بە دوو شێوە دەخولێتەوە، جارێک بە دەوری خۆیدا، جارێک بە دەوری خۆردا. لەگەل ئەوەشدا هەموو ئەو شتانەی بە زیادەوە تیدایە بۆ ئەوەی ژیان لەسەری بەردەوام بێت؛ جگە لە مرۆڤ چەندەها هەزار زیندەوەری تری تێدا ژیان بەسەر دەبەن، کە بە هەژمار ناهێنن. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەبێ جیاواز، چ مرۆڤەکان چ زیندەوەران بەگشتی، هیچ رێگایەک بۆ دەربازبوونیان لەم هەسارەیە بە سەلامەتی نییە. نموونەش بۆ ئەمە، ئەوەتا هەر کاتێ مرۆڤ چەند (کم) کیلۆمەترێک، لەم گۆی زەوییە دوور ببێتەوە، رووبەڕووی نەمانی بێهەوایی دەبێتەوە، کە هەڵگری گازی ئۆکسجینە، مرۆڤ بە گشتی ناتوانێ چەند چرکەیەک زیاتر بێ ئۆکسجین بژیێت، ناچارە بگەڕێتەوە بۆ ئەم بەندیخانە بازنەییە، ئەگەرنا دەخنکێیت. کەواتە مرۆڤ خۆشاردنەوەی بۆ نییە و تا ئەبەد زیندانییە لەم گۆی زەوییەدا. جا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، هیچ باوەڕ مەکە گەردوونێک بەم ئەندازە و داهێنانکاریە لە خۆیەوە دروست بووبێت؛ حیکمەتی خۆی تێدا نەبێت، کە پڕە لە یاسا و رێسا و رووداوی سروشتی كە‌
لە ئاستی ئەقڵی مرۆڤ زۆر زیاتر بن؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کە چەندەها کتێبی پیرۆزی ئایینیی بە وەحی بۆ چەندەها پێغەمبەر ناردووە (دروودی خوایان لێ بێ) یەک لە دوای یەک، تاوەکوو مرۆڤەکان لە حیکمەتی ئەم بەندیخانە بازنەییە تێبگەن؛ چونکە گومانی تێدا نیە، لای مرۆڤ ئەم گۆی زەوییە زەبەلاحە هەموو شتەکانی جێی سەرنج و تێڕامانن، لە بەندیخانەکی بازنەیی دەچێت؛ وەئەم کتێبە پیرۆزانەش بۆ ئەم مەبەستەن، تاوەکوو ژیان لە لای مرۆڤ ئاسان بێت، باوەڕ و توانستیان بۆ دروست ببێت، بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم بەندیخانەیە بازنەییەدا بگونجێنن، بگەنە ئەو قەناعەتە، کەوا کۆتایی هەموو مرۆڤێک، لەم بەندیخانە بازنەییە مردنە و بەس، بێ حیکمەت و بێ ئامانجیش نیە؛ لە هەمانکاتدا دادگایشی لە دوواوە هەبێ! هەروەکچۆن باوکە ئادەم دادگایی کرا و هەشتی بەرینی لێ سەنرایەوە، چونکە سەرپێچی کرد لە فەرمانی (خوای) گەورە، لەبەر ئەو سەرپێچییە، باوکە ئادەم رەوانەی ئەم زەمینەی ئێستا کرا کە ئێمە ژیانی لەسەر دەگوزەرێنین کە بۆ مرۆڤ بەندیخانەیەکی بازنەییە و، هەموو ئێمەی مرۆڤیش بووینەتە قوربانی ئەم سەرپێچییە. جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە مرۆڤ لەگەڵ ئەم هەموو نەهامەتییەدا لە جیاتی ئەوەی خۆی لەگەڵ ژینگەی ئەم بەندیخانە بازنەییە هاوهەنگاو بکات، بۆئەوەی لەناو نەچێت لەگەڵ گۆڕنکارییەکانی ژینگە کە خۆیان بگۆڕن، چونکە ئەوەمان لەیاد نەچێت، مرۆڤ لە بنەڕەتدا توانستی گۆڕینی دەوروبەری پێیە، بۆ ئەوەی هەرچی نەبێت ئەو ماوەیە ژیانەی لەم بەندیخانەیەدایە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، بە ئارامی بیداتە سەر. بە پێچەوانەوە لە سەرەتای دەستپێکی ژیانەوە، مرۆڤ لەسەر بنەمای ئایدیا و مەبەست و تێگەیشتنی خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ژینگەی ئەم بەندیخانەیەدا کردووە و، ئەوەی جێی ئاماژەیە، خۆیان بە خولقاوی ئەم سروشتە نەزانیوە هەتا خۆیانی لەگەڵدا هاوڕا بکەن. هەروەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا بە پێچەوانەوە هەموو شتێکیان لەپێناو نیاز و بەرژەوەندیدا بووە و دەرەنجام مرۆڤ بەم بەندیخانەی گۆی زەوییە نەوەستا! بەڵکو هەزاران بەندیخانەیان بۆ یەکتر هەڵچنی هەتا یەکتری تێدا بەند بکەن، جا لەبەر بیروباوەڕ و ئایینی جیاواز بووبێ یان بۆ مەزهەب، سیاسەت و هتد، کە لەگەڵ ئایدیای بەرژەوندییەکانی یەکتر ناگونجێت. دەرەنجام لێدان و بەرکەوتن و شەڕی بەردەوامی لێ بکەوێتەوە، ئەوەتا بەم رۆژە رەشەی ئێستا گەیشتین، بەندیخانە لەناو بەندیخانەدا هەڵچنین.

ھەواڵی زیاتر