چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بە‌ڵێ بۆ لغاوكردنی تابوری پێنج،نا بۆ بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی ئازادی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لە نێوتۆكمەترین سیستەمی دیموكراسی و فەزای لیبراڵیزمی ڕۆژئاوادا، تاكو دەگاتە دیكتاتۆرترین سیستەمی دنیای هاوچەرخ، نمونەیەكی تر وەك ئەو پەیچ و سایتە كوردییانە نابینیتەوە كە بەزمانی كوردی و لەناو كەشوهەوای كوردستانەوە، پیرۆزییەكانی نەتەوەی كورد دەدەنە بەر نەشتەری خراپترین جۆری بێمتمانەیی و شەڕی دەرونی.
هەركەس كەمێك، زۆرنا، هەر كەمێك شارەزایی لەمیتۆدەكانی شەڕی
دەرونی هەبێت، هەروەها ئاگاداری ئەوەبێت كە دەوڵەت و دەزگا سیاسی و هەواڵگرییەكان بەچ شێوازێك شەڕی دەرونی لەدژی میڵەتان و نەیارەكانیان بەكاردێنن، یەك نوكەدەرزی گومانی نامێنێت كە ئەوەی ناونراو میدیا لەكوردستان، ئەگەر ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی نەیارانی كوردستاندا نەبن، ئەوا ناڕاستەوخۆ داخوازییەكانی ئەوان جێبەجێ دەكەن. ئەگەر بەئاگاییەوە جاشی داگیركەرنەبن، ئەوا هیچ گومانێك لەوەدانیە كەبە بێئاگایی و نەزانینەوە لەخزمەتی داخوازی و بەرژەوەندییەكانی داگیركەرانی كوردستان و دوژمنانی گەلەكەماندان.
لەهەموو سیستەمە دیموكراسییەكان و مۆدیلە میدیاییەكاندا، ئازادی
ڕادەربڕین، پێناسەو مانای خۆی هەیە. ڕێككەوتنێك هەیە لەنێو كۆمەڵگە و لەنێو یاسادانەر و میدیاكار و سیاسییەكاندا لەسەر پێناسەكردنی چەمكەكان، بۆنمونە: كامە و تاكوێ ئازادییە؟ ڕا خۆی چییە؟. كەدەڵێین: ڕادەربڕین، یان ئازادی ڕادەربڕین، چییە و تاكوێ بڕ دەكات؟ ئایا ئەوەی دەربڕدراوە ڕایە، بیروبۆچوونە یان جنێو و تەشهیر و تەشقەڵەكردنە بەپیرۆزییەكانی كۆمەڵگە و نیشتمان و نەتەوە؟ لەكوێی دنیادا ڕا لەگەڵ جنێودان تێكەڵكراوە؟. ڕا لەگەڵ درۆكردن و تێكدانی ئارامی خەڵك تێكەڵكراوە؟ بەشداری كردن لەشەڕی دەرونی لەدژی نەتەوەكەی خۆت، لەكوێی ئازادی ڕادەربڕیندا پێناسەكراوە؟ كێ گوتی: تۆ ورەی خەڵكەكەت بڕوخێنەو دەستی دوژمن بگرە بۆ زانینی كەلێنەكانی كۆمەڵگەكەت، ئەوە بریتییە لە ئازادی ڕادەربڕین؟ كامە تیۆری میدیایی و فیكری كۆمەڵناسی ئەو قسەیەكردووە؟ لەكام سەرچاوە هەیە؟ لەكام كەناڵ و میدیای جیهانیدا ئەوە ڕێگەپێدراوە؟ ئایا سی ئێن ئێن و بی بی سی و فۆكس نیوز و جەزیرە، كە میدیا هەرە پرۆفیشناڵەكانی دنیان، ڕێگە دەدەن بەوەی میدیاكارێك بەمیمبەری ئەوانەوە ڕیكلام بۆ دوژمنانی گەلەكەیان بكات؟.
ماوەیەك قەتەر لەگەڵ سعودیە و ئیمارات كێشەی هەبوو، جەزیرە لەبری كەناڵی فەرمی قەتەر بەشداری شاڵاوە میدیاییەكان بوو لەدژی سعودیە و ئیمارات! سی ئێن ئێن زیاتر لەدەزگاكانی حكومەتی ئەمریكا لەدژی ئێراق و بن لادن ڕاپۆرتی دەكرد! بەڵام دیارە ئێوەی میدیاكار منداڵن و بیری ئەوانەتان نیە و، ئەقڵیشتان پێی ناشكێت بخوێننەوە لەسەر ئەو جۆرە میتۆدە ئیعلامییانە كەبوونەتە سیمبولی شارستانییەتی دیجتیاڵی نوێی مرۆڤ! نازانم ئێوە چاو لەكام میدیای پرۆفیشناڵ دەكەن كاتێ دەنوسن: زەماوەند بكەن، هەرێمی
كوردستان كۆتایی هات!.
فەرموو با سەیری سەرچاوەكانی میدیا لەلایەك و سەرچاوەكانی تایبەت بەشەڕی دەرونی و تیۆرەكانیان بكەین، بزانین ئەوەی ئەو میدیا بەناو كوردییانە دەیكەن، دەچێتە خانەی كارو پێناسەی میدیاوە، یان دەچنە خانەی شەڕی سیخوڕی و پڕوپاگەندەی دەرونییەوە لەدژی میڵەتی كورد كە ئەویش پیشەو ئەركی تابوری پێنجە!.
ئەی لایەنە بەرپرسەكانی حكومەت لەكوێن و بۆ لغاوی ئەمجۆرە میدیایانەی تابوری پێنج ناكەن؟ حكومەت بۆچی بەشەرمنی دەستدەبات بۆ هەڕەشەكردن لەو جۆرە میدیا و سایتانە؟ بۆچی لغاویان ناكات؟ خۆ ئەگەر لغاویان بكات و بەو هۆیەوە ڕەخنە لەهەرێمی كوردستان بگیرێت، بایی ئەوەندە شارەزاییمان هەیە بەهەموو دنیای بسەلمێنین ئەوەی ئەوانە كردوویانە ئیشی میدیایی نەبووە، بەڵكو شەڕی سیخوڕی و دەرونیی بووە لەدژی میڵەت. بۆیە حكومەت قەڵاچۆی تابوری پێنجی كردووە نەك ئازادی ڕادەربڕینی بەرتەسك كردبێتەوە!. لێرەشەوە بە زمانی كوردی و بەئاشكرا دەڵێم: بەڵێ بۆ لغاوكردنی تابوری پێنج، نا بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین.