تە‌ندروستی لە‌ ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

چونکە تیمە خۆبەخشەکەی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی بە گوڕوتینەوە وێڕای بابەتە ئایینییەکان، لەگەڵ پرسە هەنووکەیی و نیشتمانی و نەتەوەیی و جیهانییەکان هەڵسوکەوت دەکات و هەوڵ دەدات هەمیشە گوتاری مامۆستایان زیندوویەتییان پێوە دیار بێت، کە ئێستاکە بە داخەوە لە هەندێک شار و شارۆچکەی کوردستانی باشوور پەتایەکی سکچوون و ڕشانەوە خەریکە پەرە دەسێنی، بە ئەرکمان زانی تیشک بخەینە سەر بابەتی بایەخدانی ئیسام بە تەندروستی و لە ٢٦ی مانگی زیلقەعیدەی ١٤٤٣ بەرانبەر بە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کردمانە توێشووی ١٥٨ەمین گوتاری جومعانەمان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا؛ وەک چەندین هەفتەی ڕابردوویش کە پوختەی گوتارەکە دەخەینە نێو چوارچێوەی گوڵخەرمانەکەمان، کە وەرگێڕانی دەقەکان و گۆڕینی زمانەکەی لە گوتارەوە بۆ وتار و نووسین کاری منە.
پێشەکی:
بە سەرنجێکی جوان و بەپێزی خوای باڵادەست بەندەکانی ئاگادار دەکاتەوە کە بە دووی خواردنی پاك و حەڵاڵەوە بن کە دەرهەق بە یارانی ئەشکەوت لە پازدەهەمین ئایەتی سوورەتی (کەهف)دا، دەفەرمێ: (کە لە خەوە درێژە گرانە ٣٠٩ساڵەکەیان هەڵسانەوە، برسیەتی زۆری بۆ هێنابوون؛ بێئاگا لەو موجیزەی ڕووی داوە، لەناو خۆیاندا گوتیان با یەکێکمان بنێرینەوە بۆ شار و دراوی پێ بدەین با بگەڕێت خواردنێکێ پاک و بێوەیمان بۆ بهێنێتەوە). کە زمانحاڵی ئەو ئایەتە ئەوەیە، ئەی ئیماندار! ئاگادار بە لە جۆری ئەو خۆراکەی کە دەیخۆی، ئایا حەڵاڵ و پاکە، چونکە تەندروستیی مرۆڤ پەیوەست و پەیوەندە بەو خۆراکەوە کە دەیخوات. هەر لەو ڕوانگەوە بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی خۆمان خوای گەورە لە سەدوحەفتاودووەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا دەفەرمێ: (لەو شتە پاکانەی پێمان بەخشیون بخۆن)؛ لە سەدوپەنجاوحەوتەمین ئایەتی سوورەتی (ئەعراف)دا، ئاوها بە پەیامگەیێندا هەڵدەڵێت دروود و ساوی خوای لێ بێت و، دەفەرمێ: (پەیامگەیێنەکەمان چتیەل خاوێنیان بۆ حەڵاڵ دەکات و چتی خراپ و پیسیان لێ حەرام دەکات).
بێگومان، تەندروستی، گەورەترین بەخششی خودایە، هیچ نیعمەتێك لە دوای ئیمان و باوەڕ بە قەدەر تەندروستی لای گەورە نییە.
گرنگگی تەندروستی: تەندروستی کۆڵەگەی ژیانە چ وەکو تاك یان لە سەرتاپای کۆمەڵگا، چونکە هەر تەندروستیە دەبێتە هۆکاری کردەوەی باش. ئەگەر تەندروستی لاسەنگ بێت ژیان تێك دەچێ؛ سەلامەتی و تۆکمەیی تاجە زێڕینەی سەری مرۆڤە تەندروستەکانە بەڵام تەنها ئەوانەی نەخۆشن ئەو تاجە دەبینن. لەبەر ئەوە پێویستە ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین. بەتایبەتی ئێستا لەناو وەرزی هاوینداین و زۆر بە خێرایی خۆراکەکان تێك دەچن ئەگەر بە شێوازی زانستی و لە شێوێنی سارد هەڵنەگیرێت. بەڵام هەندێكجار ڕەچاوی ئەو ڕێنماییانە ناکرێ کە دەبینین خۆراك لە شوێنی نەشیاو هەڵدەگیرێت لەبەر تیشکی خۆرەتاو. ئەوجۆرە کەمتەرخەمیە چەندین نەخۆشی لێدەکەوێتەوە وەکو کۆلێرا و سكچوون و نەخۆشی تریش .. چۆن ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین؟: باشترین هەنگاو ئەنجامی بدەین ئاگاداری پاك و خاوێنی لاشە و جەستەی خۆمان بین، لە ڕێگای ئەنجامدانی سونەتەکان، کە تەنانەت دەستنوێژ کە رۆژانە پێنج جارە پرۆسەی پاککردنەوەی بەشەکانی جەستەیە. هەروەها ئامۆژگاریمان دەکات کە دەستەکانمان بشۆین لە دوای لەخەو هەستان و دوای قەزای حاجەت و هتد. هەروەها لە سونەتی سەروەرماندا هاتووە کە ئاگاداری بەشەکانی جەستەی خۆمان بین و پاکی بکەینەوە وەکو نینۆكکردن و تاشینی مووی بنهەنگڵ و هتد.. هەروەها بەکارهێنانی سیواک و پاكڕاگرتنی جلوبەرگ. شوێنی پاكوخاوێن، ئۆخژن و ئارامش، دەخاتە دڵەوە؛ هەروەها پێویستە لە هەموو خۆراك و خواردنەوەیەکدا ڕەچاوی پاكوخاوێنی بکەین و زۆر بە چاکی بیشۆینەوە کە هەموو ئەوانە لە سونەتی سەروەرماندا هاتووە. لە کۆتاییی وتارەکەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو ئایینە پاك و بێگەردەی ئێمە هەموو بنەمایەکی چاك و پاك، بەرز ڕادەگرێت بۆ بەختەوەریی دین و دنیا و ئاسوودەییی دەروون. هەروەها نەهی لە هەموو بابەتێك دەکات کە زەرەر و زیانی هەیە بۆ دین و دنیا.

ھەواڵی زیاتر