ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

ئەدەبی بەرگری
بەداخەوە تا ئێســـتا کەس دەستی نەپەرژاوە، قسە نەســـتەقەکانی ڕەحمان بنووسێتەوە، چونکە کاری چاک ئەگەر درەنگیش بکرێت، باشـــترە لەوەی هەرگیز نەکرێت، لەمەودوا هەوڵ دەدەم، ئەو ئەرکە دیرۆکییە ڕابپەڕێنم. ڕەحمان لە شـــار کادیرێکی چالاک بوو، زۆر بە گەرمییەوە و ســـۆفییانە سەرقاڵی خەباتی نهێنی بوو، کە لە کۆتاییی ســـاڵانی حەفتادا، ناوی بۆ ســـەربازی هاتەوە، پێوەندیی بە شۆڕشـــی نوێی گەلە بەشـــخوراوەکەمانەوە کرد و لە تیپی بیســـت و یەکی ســـەگرمە، بوو بە بەرپرسی دارایی و بە بیســـت و دوو ڕۆژ، هەموو شـــتێکی بۆ ڕوون بووەوە و وازی لە پێشـــمەرگایەتی و ڕێکخستن و کوردایەتییش هێنا. ڕەحمان پیاوێکی بچکۆلە بوو، هەر پەنجا کیلۆ دەبوو، باڵایشی هەر مەتر و نیوێک دەبوو، کە وازی لە خەبات هێنا، سەرتیپەکەی پێی گوت: (-) مـــن دەزانم بۆرژوای بچووک حولحولـــی و ڕاڕان، زوو زوو با دەدەنەوە و کوڕی تەنگانە نین، ئەمبەر و ئەوبەریان زۆرە و وەک بەندۆڵی ســـەعاتی چاڵمە، لەمپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست دەچن، بەڵام تۆ لە بۆرژوای بچووکیشـــت تێپەڕاند، زۆر زوو ورەت بەر دا و گۆڕەپانی تێکۆشـــانت چۆڵ کرد! (+) ئاخر وەک دەمبینیت، من بۆرژوایەکی زۆر بچووکم، بۆیە ئەوەندە زوویش ڕووخام. ڕەحمان لە کوردســـتان کە لە شار بوو، وێڕای خەباتی نهێنی، لە بواری نووسینیشدا چالاک بوو، کە گەیشتە سوێد، خووی دایەوە نووسینی چیرۆک. جارێکیان لە کۆڕێكی نووسەراندا، باس باسی ئەدەبی بەرگری بوو. کۆڕگێر لە ناساندنی ڕەحماندا کە قسەکەری سەرەکی بوو، گوتی: شاسواری بواری ئەدەبی بەرەنگاری. کە ڕەحمان لە باســـەکەی بووەوە و ســـەرەی پرسیار و کۆمێنتار هات، وەک ڕاهاتووم خۆم پێ ڕانەگیرا و پێم گوت: (-) من ســـەرجەمی بەرهەمی بڵاوکراوەی تۆم خوێندووەتەوە، پێم وایە هیچ چێرۆکێکت ناکەوێتە خانەی ئەدەبی بەرگرییەوە. چاویلکەکـــەی کردەوە چاوی، ســـەرنجێکی قووڵـــی ئامادەبووانی دا، قومێک ئـــاوی خواردەوە و بەکاوەخۆ گوتی: (+) گرنگترین خەســـڵەتی ئەدەب ئەوەیە، زیاتر لە یـــەک لێکدانەوە هەڵدەگرێت، پێ دەچێت تۆ ســـەرپێیی و ڕووکەشانە، بەرهەمی منت بەســـەر کردبێتەوە، ئەگەرنا بۆ نموونە، لە (سیگارێکی داگیرســـاو)دا، ئەگەر بێتەوە بیرت، کە قارەمانـــی چیرۆکەکەم، چوار جگەرە دەکڕێت و یەکێکیان دادەگیرســـێنێت، لەوێدا مەبەســـتم ئەوەیە، کە کوردســـتان چوار پارچەیە و لە یەکێکیاندا ئاگری شـــۆڕش هەڵگیرساوە. پێنجخشـــتەکی: چیرۆکێکی دیکەی منە، کە پاڵەوانەکەی تاک دینارییەک دەردەهێنێت و بە شـــاعیرە گەورەکە دەڵێت: دەتوانیت ئەم دینارەم بۆ تەخمیس بکەیت؟ ڕەنگە تۆ وات لێک دابێتەوە، داوای چوار دیناری لێ دەکات! نەخێر، مەبەستی ئەوەیە، مەسەلەی کورد لە هەر پێنج پارچەکەدا،() یەک مەســـەلەیە، شـــاعیری نەتەوەیی نابێت لایەنگری ناوچەگەری بێت و پێویســـتە شیعر بۆ هەموو کوردســـتان بڵێت. ئەدەبی بەرگری بەگەڕخستنی ڕەمزە، نەک بڵندکردنەوەی دروشـــمی زەق و نەڕەنەڕکردن. بیکۆن گوتەنی: “ڕووبار تا قووڵتر بێت، هێمنترە،” نووسەری گەورەیش دەنگی نزمە، بەڵام بەرهەمی بەرزە. () پارچەی پێنجەم: کوردستانی سوور

ھەواڵی زیاتر