زەماوەند بكەن، كوردستان كۆتایی دێت!

هاودەنگ فاروق


هیچ کۆمەڵگەیەک شک نابەم بە قەد خەڵکی کوردستان لە میدیا و سۆشیالمیدیایدا بە زوبانی خۆی بووبێتە زمانحاڵی دوژمنانی خۆی و بە تیری داگیرکەر سێرە لە بەهاو پیرۆزییەکانی نیشتمانی خۆی گرتبێ و، زەربەی هێندە گەورەی لە خۆی دابێت؛ ئایا ئەمە ئازادیی میدیایە؟ وەرگرتنی کۆمەک لە دوژمن بۆ ڕووخاندنی سەرمایە و سەرووریی نیشتمانی خۆت، ناوی ئازادیی ڕاگەیاندنە؟
ئەوانەی بەو ژەک و شیرە فرچکیان گرتووە، پێویستە یاسایەک هەبێ بیانوەستێنێ. یاسایەک هەبێ جڵەویان بکات و پێیان بڵێ هێڵە سوورەکانی نەتەوە و نیشتمان کامانەن.

كاتێ سەیری واقیعە زۆنگاوییەکەی میدیا دەكەین لە كوردستان، دەبێ بپرسین: دەزگا پەیونددارەكان بۆچی هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی دژی ئەو میدیایانە ناگرێتە بەر كە بەردەوام كار دەكەن بۆ ڕووخاندنی كوردستان؛ ئەوانەی بە ڕۆژی ڕووناك و بە زمانی كوردی، خەڵك هان دەدەن بۆ نەفرەتكردن لە هەموو مانایەکی پیرۆزی نیشتمان؟ دامودەزگا ڕۆشنبیرییەكان پێویستە كەلتوور و بەهاكانی كورد بپارێزێت و گەشەیان پێ بدات، لە كوێیە كە میدیایەك بە خەتی پان و بە زمانی كوردی دەنووسێت: زەماوەند بكەن، كوردستان كۆتایی دێت؟

پێویستە هەرچی زووترە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنە یاسایی و ئەمنییەكانی كوردستان، دەستبەكار بن بۆ چارەسەرێك بۆ ئەو پاشاگەردانییەی لەناو میدیا كوردییەكاندا هەیە.

ناكرێت و لەناو هیچ میللەت و سیستەمێكدا ڕێگەپێدراو نییە میدیایەك بە ناوی ئازادییەوە، بانگەشە بۆ خۆڕادەستكردن بە داگیركەران و بێگانەكان بكات؟ ڕاگرتنی ئەو میدیایانە، قەڵاچۆكردنی فیكری خۆبەكەمزان وئەم بەكرێگیراوییە و بانگەشەكردن بۆ داگیركەران، ئەركی پلەیەكی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا یاسایی و ئەمنییەكانی كوردستانە، لەلایەكی تریشەوە، پێویستە نیشتمانپەروەران، دەیان كەناڵ و میدیا بكەنەوە بۆ بانگەشەكردن بۆ كوردستان و قەڵاچۆكردنی فیكری دوژمنپەرەستی و لەپەلوپۆخستنی میدیاكانی تابووری پێنجەم.

ھەواڵی زیاتر