هێلین نامە

نەسرین حەسەن

  • بە پێی ئەو هەواڵەی كە لە “اعتمادلاین ” بڵاوكراوەتەوە، لە شاری هەرات لە ئەفغانستان سكاڵای ئەو ئافرەتانەی كە لە لایەن پیاوانەوە توندوتیژیان بەرامبەر كراوە بە هەند وەرناگیرێت و بە دواداچوون بۆ كێشەكانیان ناكرێت، بە تایبەتی سكاڵای ئەو ئافرەتانەی كە لە لایەن هاوسەركانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر كراوە. لە دوای هاتنی دەسەڵاتی تالیبان بۆ ئەفغانستان باروودۆخی ئافرەتانی ئەو وڵاتە زۆر دژوار بووه.
  • لێكۆڵینەوەیەكی نوێ لە زانكۆی هارڤارد دەریخستووە كە گەشبینی پەیوەندی بە تەمەن درێژی لە ئافرەتاندا هەیە، ئەو زانكۆیە بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ ١٥٩٠٠٠ئافرەتی خستە ژێر چاودێرییەوە كە تەمەنیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٩ ساڵدا بوو، دواتردەركەوت ئەو ئافرەتانەی بە گەشبینییەوە دەژیان تەمەنیان بۆ سەرووی ٩٠ ساڵ گەیشتووە، لەو لێكۆلێنەوەیە دەركەوتووە كە لەوانەیە كەسانی گەشبین بە راورد بە كەسانی رەشبین لە كاتی باروودۆخە سەختەكاندا باشتر كۆنترۆڵی هەستەكانی خۆیان بكەن
    -“د.ونیان شی” سەرپرشتیاری تیمی لێكۆڵینەوە لە زانكۆی شیان جیائۆتانگی چین” دەڵی ترس و دڵەراوكێ لە ئافرەتاندا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی دوو هۆرمۆنی “ئیسترۆژین” و” ئانتی مولرین” كە رۆڵێكی گرنگیان لە دروستبوونی منداڵ هەیە،”د. ونیان شی” هەروەها دەڵێ كە ئەو لێكۆڵینەوە لە دوای ئەوەی هات كە بۆ ماوەی ۳ هەفتە چەند مشكێكی مێینەیان خستە بەردەم دەنگی قیژە كە هۆكارێكە بۆ ترس و دڵە راوكێ، دواتر دەركەوت كە ئاستی ئەو دوو هۆرمۆنە بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیەوە كە پەیوەندییان بە هێلكەدانەوە هەیە. بۆیە پێویستە ئافرەتان خۆیان لە ترس و دڵەڕاوكێ
    بپارێزن.
    -“جێسی بێرنارد” و نووسەری كتێبی “دونیای ئافرەتان” باس لەو جیاوازییه دەكات كە لە نێوان ئافرەت و پیاوداهەیە و دهڵێ: مرۆڤ وایكردووە دوو دونیای جیاواز هەبێت، دونیای پیاوان و دونیای ئافرەتان، لە دونیای ئافرەتاندا كۆمەڵێك سنوور هەیە كە لە دونیای پیاواندا بەدی ناكرێت، زۆر شت هەیە لە دونیای ئافرەتاندا بە عەیبە و حەرامكراو دەزانرێت، بەڵام بۆ پیاوان بەم شێوەیە نییە، ئافرەت لە دونیای ژنانەی خۆیدا رووبەرووی چەندین پرسیاری بێ وەڵام دەبێتەوە، ئەگەریش بە دوای وەڵامەكاندا بگەڕێت، لەوانەیە رووبەرووی توندوتیژی بێتەوە، بەڵام پیاو بۆ هەر پرسیارێك وەڵامێكی پێیە، وا پێدەچێت دوو دونیا بە دوو بۆچوونی جیاواز دروستبووە، كە هەر كامەیان بە تێروانینێكی جیاواز لە یەكتر دەروانن