ئاماژە‌كانی سە‌ردە‌مێكی نوێ

زكری موسا

حكوومەتێكی لاوازی كاربەڕێكەر ناتوانێ بچووكترین خزمەتگوزاری بۆ ناسرییە و موسەننا دابین بكات. لە توانایدا نییە ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵكی بەسڕا دەستەبەر بكات كە دەوڵەمەندترین شاری جیهانە. هێشتا كەمترین داواكاریی خۆپێشاندەرانی تشرینی جێبەجێ نەكردووە. كەچی لە چاوتروكاندنێكدا بە بێ ئەوەی ترسی هەبێت یان شەرمدایبگرێت دەتوانێ لە دژی قووت و داهاتی كیانێكی دەستووری و سیاسیی وەك هەرێمی كوردستان بڕیار و دەیان گرفتی تری بۆ دروست بكات.
مودیرعامەكانی ئەو حكوومەتە لەرزۆكە كە لە سیادەی ناوەخۆ و دەرەكیش ڕووتاوەتەوە مەرجی بێویژدانانە بەسەر هەرێمدا دەسەپێنن. وەك كڕیار و فرۆشیار مامەڵە دەكەن. بە شاندی هەرێم دەڵێن هەموو نەوت و داهاتە ناوخۆییەكانیشتانمان دەوێ ئینجا ئێمە بوودجەی هەرێم ئەویش بە پێودانگی خۆمان دەنێرین.
ئەوە هیچ ئەم ڕەفتارە نایاسایی و ستمكارانەیە بەڵام سیگناڵێكی ڕوونیشە بۆ كوردستان كە سەردەمێكی نوێ دەستیپێكردووە، سەرتاپا جیاوازە لە قۆناغی دوای ۲۰۰۳. ئێستا ئێمە هەرچییەك بۆ عێراق بكەین، بەغدا بە حەق بزانین، شتەکانیان بۆ شی بکەینەوە و شاند و ڕاپۆرت بنێرین، یان سكالا ببەینە دادگەی فیدڕاڵ، سوودێكی ئەوتووی نییە. ئەوە بەغدا ملی ناوەتە پڕۆسەیەك كە كۆتاییەكەی لاوازكردنی ئابووری و ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستانە.
بەشێكی زۆری سیاسییەكانی عێراق بە دراوسێكانیشمانەوە قەوارەی هەرێم بە دیاردەیەكی ناسرووشتی و دڕكی ناوچاویان دەزانن و وای بۆ دەچن كە دەبێ دۆخی جیۆسیاسیی ناوچەكە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی بەر لە ساڵی ۱۹۹۱. ئەمە بۆ سیاسییە عەرەبە شیعەكان وەك بابەتێكی ستراتیژیی دوورمەودایە و پڕۆسەكەیش لە ۲۰۰۸ و لە سەردەمی مالیكی دەستی پێ كرد و لەكاتی عەبادی و پاش داعش گەییشتە لووتكە و هەتا ئێستا بەردەوامە. ئەوان نایانەوێ كڵێشەكەی ۲۰۰۳ چیتر درێژەی هەبێ و بۆ نەهێشتنی دەست بۆ هەر فرتوفێڵ و خۆدزینەوە و بڕوبیانوویەك دەبەن. ئەم پڕۆسەیە هەڕەشەیەكی بونیادییە لەدژی كیانی هەرێمی كوردستان. كورد بۆ ڕێگەگرتن لەم پڕۆسەیە هەمیشە پەنای بۆ كۆمەڵێك ئامراز بردووە بەڵام وردە وردە ئەم ئامرازانە كارایی و كارامەیی خۆیان لەدەست دەدەن. جگە لەوەیش ئێستا ژمارەیەك سیاسەتمەداری تازەنەفەسی عەرەب هاتووەنەتە مەیدان كە وا دەزانن مێژوو ئیتر لەوانەوە دەستی پێ كردووە. هەتا دێت پیاوە باشە خەباتگێڕەكان كە تێگەییشتنیان بۆ دۆزی كورد هەبوو لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق پاشەكشە دەكەن و ئەگەر مایشبن لەبەرانبەر هێز و نفووزی حەشد بێڕەنگن و لە ترسی ناوزڕاندن و موزایەدات خۆیان بێدەنگ كردووە.
بۆ كوردستان یەكەم هەنگاوی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی تازە، تێگەییشتنە لە قۆناغی تازە و پێداویستی و ئامراز و مەنهەجی كاركردنی قۆناغی تازە. لە قۆناغی ۲۰۰۳ ئامانجی هەموو لایەك بەهێزكردنی عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕال بوو. ئێستا شیعەكان ئەمەیان ناوێ، دەوڵەتێكی دینیی پاوانخوازیان دەوێت كە تێیدا هەرێمی كوردستانیش سەلاحیات و هێزی لەچەشنی پارێزگاكان بێت. حاڵیحازر دوو ڕێگەمان لەبەردەمە: یان ئەوەتا خۆمانبەدەستەوە دەدەین و خەبات و ماندووبوونی سەدساڵی گەلی كوردستان بەفیڕۆ بچێت یانیش ڕێگەی دووەم كە مانەوە و پێداگیرییە. لەم قۆناغەدا دەبێ كوردستان ئامانجی ستراتیژیی بریتی بێت لە هێشتنەوە و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانی عێراق و بۆ ئەم مەبەستە دەبێ دەست بۆ شێواز و ئامرازی تازە ببات.
هەنگاوی تری هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سەر شانی حزبەكان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و چۆنییەتی كاركردنیان لەگەڵ یەكتر و گۆڕینی دنیابینیان بەرانبەر سیاسەت و ئیدارە و ئابووری و هتد. حزبە سەرەكییەكان دەبێ لەوە بگەن كە چیتر نابێ وەك نەوەدەكان لە یەكتر سەنگەر بگرن و ڕۆژانە گوێی خەڵك پڕ بكەن لە نڕەنڕی ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ و قسەی پڕوپووچ و بێهوودە و بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی و نەتەوەیی گەلەكەیان.
حزبەكانی كوردستان دەبێ بیرۆكەی پووچی لەناوبردنی یەكتر و بەدژمندیتنی یەكتر و پشتشكاندن و تەقەڵەپێلێدان و لەئەرزدانی یەكتر تێپەڕێنن. دەبێ حزبەكان لە خزمەت ئەشخاس و سالارانی شەڕ بێنەدەر و بكەونە خزمەت پڕۆژەی پێكەوەنان و پاراستنی كیانی كوردستان. بۆچی دەبێ حزبەكان وا بكەن؟ بە هۆكارێكی زۆر سادە. ئەگەر كوردستان نەمێنێ ئەوان هیچ بەها و مانایەكیان نامێنێت.
پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم لەسەر كۆمەڵێك هێڵی گشتیی هاوبەش ڕێك بكەون كە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و كارەكانیان لەم چوارچێوانەدا بن. با لە شیعەكانی عێراق فێری چوارچێوە گشتییەكان بن. ئەگەر چی تەمەنی حزبە كوردییەكان چەند بەرانبەری تەمەنی حزبە شیعەكانی عێراقە.
لە بواری حوكمڕانی و بەڕێوەبردن و سیاسەتی ئابووریدا هەرێمی كوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی گشتی و گۆڕینی ڕوئیا هەیە. كوردستان و حكوومەت و دامەزراوەكان هی هەمووانە و دەبێ بپارێزرێن. پێویستە هەموو پلانێكی ئابووری و سیاسی و پەروەردەیی و تەندروستی و هتد لەژێر ڕۆشنایی ئەو پرسیارە دابڕێژڕێت كە چۆن كوردستان بەهێزتر ببێت و بمێنێت و بپارێزرێت. پێویستە تاك تاكی بەرپرسان و هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووس و ئەندامانی حزبەكان هاوكات لەگەڵ كاری خۆیان و جیاوازیی بیروڕای سیاسیی بڕوایان بە چوارچێوەی نەگۆڕ هەبێ و ڕێزی لێ بگرن. ئەمانە ئەلفوبێی سەرەكیین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانی نەهێشتنی هەرێم و هەروەها تێپەڕاندنی تەحەددیاتە ئابوورییەكان.