وشە‌ وای گوت

سالار عوسمان

ھاتنەوە ناو ژیان و بەرچنەیەک سوپاس!…
دیسان نەمدەویست هیچ بڵێم و هیچ بنووسم، ڕێک وەک ساتی نەخۆشکەوتن و نەشتەرگەرییەکەم، ئاخر من بڕوای تەواوم بەوە هەیە خەمان نەبەخشـــیەنەوە و خودپەرســـتانە نەبینە سەبەبی خەڵک مژووڵکردن بە خۆمان، بەڵام ئەم کەڕەتەیان نەدەکرا، نا نەدەکرا لوتفی لوتفدار و چاکەی چاکەکار
و نزای نزاکاران بێ سوپاس تێپەڕێت.
چیرۆکی پڕ شـــۆکی ئەو گرێ پیســـە نەعلەتییەی لە گورچیلەی چەپم گەرای دانابوو، کە دەبوا بۆ نەجاتبوون لێی گورچیلەکەم هەڵگرم، چیرۆکی وەستانی ئینسانە لە نێوان ژیان و مەرگدا، تایبەت بۆ شـــاعیرێک، کە لەبەردەم وەرینێکدا زەرد هەڵئەگەڕێ و لەگەڵ نمە بارانێکدا سەوز ئەبێتەوە !.. منێک، کە لە جنســـی ئاو و گەڵا خوڵقاوم، لە مەغریبێکی تاڵدا، کە هەر دەتگوت ژەهری بەدەمدا ڕژاوە، چوومە بەر چەقۆی نەشـــتەرگەری و، کوڕەکانم، هاوســـەرەکەم، دایکم و خوشک و براکانم، هاوڕێ شیرین و ئازیزەکانم، لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا نەوە تازە سێ مانگییەکەم جێهێشت و خۆم دایە بەر قەدەری پڕ قەساوەتی نەشتەرگەری و چەقوەکانی، ئەو چیرۆکە تاڵە هەر لای خۆمە و، نە
وشە و نە گێڕانەوە ناتوانن قەبارەکەی، کە هەر لە قەبارەی مەرگ دەچێت، دەرخەن!..
ئەو ڕۆژانەی لەوێ بووم، مەبەســـتم نەخۆشخانەیە، کە هەر لە دەرووی مەرگ دەچێ، دواتریش کە هاتمەوە ماڵ و بەســـەر کۆمەڵێک دەردی تردا کەوتم و خەوم نەما و ئازار شـــەو و ڕۆژی لێ وێک هێنابوومەوە، پاشانیش، کە چوومە ئیستانبووڵ، دواتریش، کە گەڕامەوە و دوای سێ مانگ جارێکی تـــر چوومەوە ئیســـتانبووڵ، هەموو ئەو ســـاتانە، بۆ من، کە ورد دیقـــەت دەدەم و وردتر بەراورد دەکەم، هەوێنی قســـەکردنی فرەڕەهەندن و لێرە و لەم دەلیڤه کورتەدا قســـەیان لەبارەوە ناکەم و وازیان لێدێنم، چونکە ئارمانجی ئەم کورتە نووسینەم تەنێ بەرچنەیەک سوپاس و پێزانینە بۆ ئەو
ئازیزانەی، کە لەم میحنەتە گەورەیەی ژیانمدا لەگەڵم بوون و پشتیان خاڵیی نەکردم.
لە دڵەوە سوپاســـی جەنابی سەرۆک مەســـعود بارزانی، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی، جەنابی ســـەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسروور بارزانی دەکەم، کە هەر زوو لە ڕێی تیلیفۆنەوە لێیان پرسیم و، وەک هەمیشە پەرۆشیی قووڵ و گەورەییان نواند. سوپاســـی هێژایان سکرتێری مەکتەبی سیاسی پ.د.ک، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، وەزیر و پەرلەمانتاران، کەسایەتییە سیاسی و کلتووری و ئەکادیمییەکانی هەر چوار پارچەی کوردســـتان و دیاســـپۆرا دەکەم، کە بەردەوام لێیان پرسیم، ســـوپاس بۆ خزمان و ئازیزانم ، ســـوپاس بۆ هاوڕێ شـــیرینەکانم و چاکە لە بن نەهاتووەکانیان، سوپاس بۆ پزیشـــکە بەڕێزەکەم و یاریدەدەرەکانی، سوپاس بۆ خانەوادەی ئەزیزم، تایبەت دایکم و نزا ســـپییەکانی، سوپاس بۆ هاوسەر و کوڕەکانم، کە بەردەوام لەگەڵ ئازارەکانم بوون، سوپاس بۆ خودا، کە ژیانی پێ بەخشـــیمەوە، ســـوپاس بۆ ژیان، کە جارێکی تر منی خستەوە باوەشی پڕ
ڕەنگی خۆی و بە مەرگی گوت: جارێ زووە و دەرگا نەعلەتییەکانت دابخە!..
من هاتمەوە، ئێستێ لە نێو ژیاندام و دەمەوێت بە دەنگێک، کە لە دەنگی چۆلەکە باڵ نەخشینەکانی کەنار دەریا دەچێت، پێتان بڵێم: ئێستا لە جاران جوانتر دەبینم، میهرەبانانەتر لە ژیان دەڕوانم،
باشتر کار دەکەم و قووڵتر خەون دەبینم، چونکە لە نێو ئێوەدام!.

ھەواڵی زیاتر